سەرۆك بارزانی لەگەڵ مەكتەبی سكرتاریەتی یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان كۆبۆوە
ئهمڕۆ یهكشەممە 2ـی 9ـی 2018 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعوود بارزانی لەگەڵ سكرتێر و ئەندامانی مەكتەبی سكرتاریەت و بەرپرسی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی یەكێتی ئافرەتان كوردستان كۆبۆوە.
لەو كۆبوونەوەیەدا بەرپرسی مەكتەبی ناوەندیی ڕێكخراوە جەماوەری و پیشەییەكانی پارتی و سكرتێری یەكێتی ئافرەتانی كوردستان كورتەیەكیان لە كار و چالاكییەكانی یەكێتی ئافرەتان لە چەند ساڵی ڕابردوو و شەڕی تیرۆریستانی داعش و ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان و هەروەها یارمەتیدان و پێشخستنی ڕەوشی ئافرەتان لە كوردستان و كێشەكانی ئافرەتان و ئامادەكارییەكان بۆ بەستنی كۆنگرەی یەكێتی ئافرەتانی كوردستان بۆ سەرۆك بارزانی خستەڕوو. سوپاسی ڕۆڵی سەرۆك بارزانیان كرد لە پشتگیریكردنی ڕەوشی ئافرەتان و هەروەها پشتیوانیكردنی یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان.
هەر لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی ڕۆشنایی خستە سەر ڕۆڵی مێژوویی ئافرەتان لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی كوردستان بە تایبەت لە شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان و قۆناغەكانی تری خەبات و ئاوارەیی و كۆڵنەدان و هەروەها ڕۆڵی ئافرەتی كوردستانی لە پێگەیاندنی ڕۆڵەی نیشتیمانپەروەر و ئازا بۆ بەرگریكردن لە ماف و خاك و كەرامەتی كوردستان بەرز نرخاند. بە پێویستشی زانی ئەو ڕۆڵە مێژوویە لە یاد نەكرێت و ببێتە سەرمەشق بۆ هەموو لایەكمان.
سەرۆك بارزانی دەستخۆشی و سوپاسی خۆی ئاراستەی یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان كرد بۆ هەوڵ و ماندووبوونیان لە چارەسەركردنی كێشەكانی ئافرەتان و یارمەتیدانی پێشمەرگە و خەڵكی ئاوارە و لێقەوماو و پشتیوانیی خۆی بۆ یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان و هەوڵەكان بۆ باشتربوونی ڕەوشی ئافرەتان و یارمەتیدانیان ڕاگەیاند و داوایشی كرد هەوڵەكان بۆ نەهێشتنی جیاكاری و ستەم و ئازاردانی ئافرەتان چڕ بكرێتەوە.
لە بەشێكی تری ئەو كۆبوونەوەیە سەرۆك بارزانی ڕەوشی سیاسیی عێراق و كوردستانی شی كردەوە و هەڵوێستی خۆی لەمەڕ پڕۆسەی سیاسیی عێراق بە ئامادەبووان ڕاگەیاند و لەبارەی هەڵبژاردنەكانی پارلەمانی هەرێمی كوردستان سەرۆك بارزانی دووپاتی كردەوە كە هیچ بیانوویەكی یاسای و تەكنیكی بۆ دواخستنی هەڵبژاردن بوونی نییە و دواخستنی هەڵبژاردن پێشێلكردنی یاسا و دامەزراوەكانی هەرێم و ئیرادەی گەلە و زوڵمێكیشە كە لە خەڵك دەكرێت و بە پێویستی زانی كە هەڵبژاردن لە كاتی دیاریكراوی خۆی ئەنجامبدرێت.