ئەکادیمیەکی عەرەب، سەربەخۆیی کوردستان نەک تەنها خواستی کوردە، بەلکو خواستی کۆمەڵگای نێودەولەتیشە، بۆیە بەدڵنیایەوە دروست دەبێت

دوای ئەوەی بەسەرکردایەتی سەرۆک بارزانی کورد لە ۲٥/۹/۲۰۱۷ ریفراندۆمی بۆ سەربەخۆیی کوردستان ئەنجامدا، کورد هەنگاوێکی گەورەی نا بۆ بەدی هێنانی ئەو ئامانجە گەورەیی خەباتێکی زۆری لە پێناوکرد، لەوچوارچێوەیە ئەکادیمی و سیاسییەکی عەرەب رایدەگەیەنێت، کە دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان هەر دروست دەبێت.

د. عیسام عەبدوڵڵا، مامۆستای زانستە سیاسییەکان لە میسر و پسپۆڕی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کەناڵێکی عەرەبی رایگەیاندووە، ئەمریکا تەنیا بەبێ بوونی هێزێکی کوردی ناتوانێ سنووری نیوان عێراق و سووریا کۆنتڕۆل بکات.

عیسام عەبدوڵڵا هەروەها رایگەیاندووە، کوردەکان راستگۆن و هاوپەیمانی باشی ئەمریکان و ئەمریکاش لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەنیا دەتوانێ ”گرەو لەسەر کوردەکان بکات“.

ئەو ئەکادیمییە عەرەبە دڵنیایی خۆی لەوە نیشان داوە، کە دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستانی گەورە ”لە کاتی گونجاو“ هەر دروست دەبێت، کە نەک تەنیا ویستی هاووڵاتییانی کوردە، بەڵکو ویستی کۆمەڵگەی نیودەوڵەتیشە.

عیسام عەبدوڵڵا پێی وایە یەکێک لە هۆکارەکانی تێکچوونی پەیوەندییەکانی تورکیا و ئەمریکاش پاڵپشتیکردنی واشنتۆنە لە کورد و ئەوەش رەجەب تەییب ئەردۆغانی زۆر توڕە کردووە و ئەو ئەکادیمییە نەشی شاردووەتەوە، کە بە دڵنیاییەوە پێشبینیی رووبەڕووبوونەوەی ئەمریکا و تورکیا دەکات.

هەروەک عیسام عەبدوڵڵا باسی کردووە، رووسیا ئاماەدەیە پشت لە تورکیا بکات، چونکە ئەنقەرە هاوبەشێکی سەرەکی و ستراتیژیی مۆسکۆ نییە.

Back to top button