چوار پەرلەمانتارەکەی گۆڕان، بەر لەوەی سوێندی یاسایی بخۆن و ببن بە پەرلەمانتار بڕیاری بایکۆتکردن دانیشتنی پەرلەمان دەدەن
بەر لەوەی سوێندی یاسایی بخۆن و روونبێتەوە کە شێوازی دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق هیچ پۆستێکی تێدا یەکلا دەکرێتەوە،بزووتنەوەی گۆڕان بڕیاریداوە بەشداری یەكەم كۆبوونەوەی خولی چوارەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق نەكات.
لەوبارەوە شۆڕش حاجی، ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان بەمیدیای حزبەكەی راگەیاندووە: “هیچ كاندیدێكی دەرچووی بزووتنەوەی گۆڕان بەشداری یەكەم كۆبونەوەی ئەنجوومەنی نوێنەران ناكات”.
بەگوێرەی میدیای گۆڕان، بەشداری نەكردنی كاندیدەكانیان لە یەكەم كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق، وەك ناڕەزایەتییە بەرامبەر بە ساختەكارییەكان لە پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق كە 12 ئایاری ئەمساڵ بەڕێوەچوو.
شۆڕش حاجی ئەوەشی خستووەتەڕوو، هۆكارێكی دیكەی بەشداری نەكردنی كاندیدە دەرچووەكانیان لە كۆبوونەوەكە ئەوەیە، كە ئەوان ئاگاداری ئەو رێككەوتنە ژێر بەژێرە نین، كە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك و هەردوو جێگرەكەی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران كراوە.
فوئاد مهعسووم، سهرۆككۆماری عێراق داوای له پهرلهمانتارانی خولی چوارهمی ئهنجوومهنی نوێنهرانی عێراق كردووە، ئەمڕۆ دووشهممه 3/9/2018 كۆببنهوه. دوێنێش ھەريهك له موقتەدا سهدر، حەیدەر عەبادی، ئەیاد عهلاوى و عەمار حەكیم، لە كۆبوونهوهيهكدا گهورهترين كوتلهى پهرلهمانيان راگهياند. ھێشتا گفتوگۆ لەنێوان لایەنەكان بەردەوامە بۆ پێكھێنانی ھاوپەیمانێتی و رێككەوتن لەسەر كابینەی داھاتووی حكوومەتی عێراق.