شاخه‌وان عه‌بدوڵا:یه‌كیتی ناتوانێت به‌ ۱۷كورسییه‌وه‌ پۆستی سه‌رۆككۆماری عێراق به‌رێت

له‌ چه‌ند خولى رابردووى سه‌رۆكايه‌تي كۆماردا ، پشکی کورد بووە، لە ناو لایەنە کوردستانییەکانیش ئه‌و پۆسته‌ به‌پێی ڕێكه‌وتن دراوه‌ به‌ یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان ، بەڵام ئەمجارە پارتی دیموكراتی كوردستان پێیوایه‌ نەخشەی سیاسی گۆڕاوە، مەرج نییە ئەمجارە پۆستی سەرۆک کۆمار بۆ یەکێتی بێت.

شاخەوان عەبدوڵا، پەرلەمانتاری خولی سێیەمی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕایگەیاند: “پێویستە سەرۆک کۆماری عێراق، کەسێکی ئەکتیڤ بێت، ئەگەرنا نەبوونی باشترە، چونکە ئەو سەرۆک کۆمارەی ئێستا تەمسیلی کورد نەکات، خەڵک ھەیە لەو کەڵەگەتتر و باشترە پۆستی سەرۆک کۆمار بەڕێوە بەرێت، کەواتە ئەوە ئیستیحاقێکی نەتەوەییە و دەبێ بەرگری لە نەتەوەکەی خۆشت بکەیت، ھەروەھا لە ھەمووی گرنگتر ئەو بڕگەیەیە کە باس لە پێشێل نەکردنی دەستووری عێراق دەکات، بەڵام دەیان ماددەی ئێمە پێشێل کرا، سەرۆک کۆماری پێشوو ھیچ ھەڵوێستێکی نەبوو“.

په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی خولی سێیه‌می په‌رله‌مانی عێراق له‌ فراكسیۆنی پارتی ڕاشیگه‌یاند:” ئەمجارە بابەتی ناوچە کوردستانییەکان لە درووشم دەربچێت، سەرۆک کۆمارێک لە کەرکووکییەکان، یان مەخموور یانیش خورماتووییەکان دابنرێت، ”بۆ ئەوەی ئازاری خەڵکی ئەو ناوچانە بزانێ و ھاوکاریش بێ بۆ جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠ و ئاسایی کردنەوەی دۆخی ئەو ناوچانە“.

شاخه‌وان عه‌بدوڵا ده‌لێت:” عەرەبی سوننە حەز دەکات، کوردێکی لاواز وەزارەت و پۆستی سەرۆک کۆمار وەربگرێت، چونکە عەرەبی سوونە کەسێکی ناوێ ئیش بۆ ناوچەکانی دەرەوەی ھەرێمی کوردستان بکات، ھەروەھا بەلایانەوە گرنگ نییە ئاخۆ ئیش بۆ شیعە دەکات، یان بە پێچەوانەوە، بەڵکو بەلای ئەوانەوە گرنگە ئەو کەسە ئیش بۆ ناوچەکانی دەرەوەی ھەرێمی کوردستان نەکات”.

سه‌باره‌ت به‌ پۆستی سه‌رۆككۆماری عێراق ئەندامه‌كه‌ی پێشووی ئەونجومەنی نوێنەران گووتی:” جارێ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق، یەکلایی نەبووەتەوە و ”پارتی ئەو پۆستەی نەداوە بە یەکێتی، بەڵکوو پێویستی بە ڕێککەوتنی ھەردوولایە، دواجار ھەر ئەوە نییە یەکێتی بە ١٧ کورسی بێن پۆستی سەرۆک کۆمار وەربگرن“.

هه‌روه‌ها گوتیشی:” بەرپرس و وەزیرەکانی پارتی لە حکوومەتی عێراقدا دەتوانن ئیشی باش بۆ خەڵکی بکەن، چونکە پارتی یەکێکە لەو ھێزانەی کە وەزیرەکانی ناتوانن خیانەت بکەن، ھەروەھا ئیلتیزامی تەواویان بە سەرۆک بارزانی و فەرمانەکانی سەرۆکەوە ھەیە، بۆیە ”پارتی دەتوانێ لە عێراقدا داکۆکی لە مافی گەلەکەی بکات“.

Back to top button