گوته‌بیژی پارتی :پارتی لەگەڵ ھەڵبژاردنێکی پاک و بێ کێشەیە

كوردستان لەم هەلو مەرجەدا پێویستی بە نوێبونەوەی دامەزراوەكانی و سەرپێكەوتنی پەرلەمانێكی نوێی كاریگەر و بێ كێشە و ئەكتیڤ بونەوەی دامه‌زراوه‌ یاسایی و شه‌رعییه‌كانی كوردستان و بەخشینی گوڕو تینێكی نوێیە بە پرۆسە سیاسی و چوارچێوه‌ی حوكمڕانیه‌تی له‌ هه‌رێمی كوردستان .

مەحموود محەمەد، گوتەبێژ و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند: “ھەموو ڕێکارە یاساییەکان بۆ ھەڵبژاردن ئەنجام دراون و ھێچ کێشەیەکی یاسایی و کۆمەڵایەتی لەبەردەم ئەم پڕۆسەیەدا نییە، بۆ ئەوەی ڕێگر بێت لە پێش ئەنجامدانی، کەواتە دەبێ ھۆکار چی بێت؟ کە کادیرەکانی یەکێتیی نیشتمانی و گۆڕان، لە تیڤییەکانەوە باسی ئەوە دەکەن ترسیان لەوەیە پارتی دەنگی زۆر بھێنێت”.

گوتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان، دەپرسێت و ده‌ڵێت: “باشە ھەڵبژاردن بۆ دەکرێت؟ ھەموو ھەوڵیان ئەوەیە دەنگی زۆرتر بێھێنن، بۆیە ھیچ پاساوێکی مەنتیقی بۆ دواخستنی ھەڵبژاردن نابینرێت و ئەنجامدانی لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستانە و پێشبینیش دەکرێت ھەڵبژاردن بکرێت، دەشڵێت: ”ھەرچەندە دەبوو لە بەھاری ڕابردوودا ھەڵبژاردن بکرایە، بەڵام ئەو کاتە زۆربەی لایەنەکان داوای درێژکردنەوەی پەرلەمانیان کرد، ئێمەش وەک پارتی ڕازی نەبووین بەوە، بەڵام لەبەر پاراستنی یەکڕیزیی ناو ماڵی کوردستان و لەبەر ئەوەی نەڵێن پارتی بەتەنیا بۆچوونی جیاوازی ھەیە، پێی ڕازی بووین”.

ئه‌ندامه‌كه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌ڵێت:” ئەوانەی ئەو ھەموو گلەیی و گازەندانەی ”خەڵکیان پێ چەواشە دەکرد و باسی ناشەفافی و نادیار و ناڕوونیی کۆمەڵێک شتیان دەکرد“، با بفەرموون ھەڵبژاردنێکی نوێ بکەین و پەرلەمانێکی نوێ لەلایەن خەڵکەوە هەڵبژێردرێت و حکوومەت و کابینەی نوێ دابمەزرێت، تا پشتیوانیی سیاسی و کۆمەڵایەتیی بەھێزی ھەبێت، دەشڵێت: ”ئەوەندەی دەکرێت ھەموومان ھەوڵ بدەین و ڕێگا بۆ ھەڵبژاردن خۆش بکەین، تا دەسەڵاتەکانی سەرتاسەریی کوردستان جێبەجێ بکرێت و ببێتە حکوومەتی سەرتاسەری کوردستان، ھەروەھا ئەم زۆن و زۆنکارییەش نەمێنێت کە تاکوو ئێستاش ھەر ماوە”.

مەحموود محەمەد، گوتەبێژو ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی گوتیشی : ”پارتی لەگەڵ ھەڵبژاردنێکی پاک و بێ کێشەیە، لەبەر ئەوەی جاری پێشوو زیانیان بەرکەوت، بەتایبەت لە سلێمانی و مووسڵ، نیگەرانییان ھەبوو، بۆ ئێستاش مەرجیان ھەیە و دەبێ زەمینەیەکی لەبار دروست بکرێت، ھەمووان وەک یەک دەنگدەرانییان ببەنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و دەنگ بدەن و ھیچ لایەنێک دەست بۆ کاری ناڕەوا و ساختەکاری نەبات“.

Back to top button