کۆمیسیۆن وادەی بانگەشەی هەڵبژاردنی دیاریکرد

لەگەڵ نزیک بوونەوەی  وادەی سازدانی هەبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان، جگە لە ئامادەکاری تەواو بۆ ئەم پرسە،بەڕێوەبەری گشتیی داتاکان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و راپرسی بە رووداوی راگەیاند، رۆژی 5ـی ئەم مانگە لایەنە سیاسییەکان دەتوانن دەست بە بانگەشەی هەڵبژاردن بکەن.
کاروان جەلال، بەڕێوەبەری گشتیی داتاکان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و راپرسی رایگەیاند: “رۆژی چوارشەممە (5-9-2018) حیزب و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دەتوانن دەست بە بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بکەن”.
بەگوتەی بەڕێوەبەری گشتیی داتاکان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکان و سەرجەم کانیدەکان دەتوانن لەو رۆژەدا پۆستەر و درووشمەکانی خۆیان لەو شوێنانەی کە کۆمیسیۆن رێگەی پێداون هەڵبواسن و بڵاوبکەنەوە.
بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی کوردستان 31 قەوارە‌ و هاوپەیمانی پەسەند كراون ‌و ئەو قەوارە ‌و هاوپەیمانێتیانەش 709 بەربژێریان هەیە ‌و هەریەك لە پێكهاتەكانی توركمان ‌و مەسیحی ‌و ئەرمەنیش 64 بەربژێریان هەیە.
بەپێی بڕیارەکەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی کوردستان ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردن 23 رۆژ دەبێت و تاوەکو رۆژی 28ـی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت.
ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان 111 کورسییە؛ 100 کورسی گشتی، پێنج کورسی بۆ پێکهاتەی تورکمان، پێنج کورسی بۆ کلدان سریان ئاشووری و یەک کورسیش بۆ ئەرمەنەکانە.
ژمارەی کاندیدی لایەنە سەرەکییەکان بۆ هەڵبژاردن:
– پارتی دیموکراتی کوردستان: 100 کاندید.
– یەکێتی نیشتمانیی کوردستان: 100 کاندید.
– لیستی بزووتنەوەی گۆڕان: 100 کاندید.
– لیستی سەردەم: 100 کاندید
– بەرەو ئیسڵاح (یەکگرتوو، بزووتنەوەی ئیسلامی): 61 کاندید.
– لیستی جوڵانەوەی نەوەی نوێ: 50 کاندید.
– لیستی ئازادی: 43 کاندید
– کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان: 40 کاندید.
بڕیارە رۆژی 30-9-2018، هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت، تاوەکو ئێستاش مشتومڕ لەنێوان بەشێک لە لایەنە سیاسییەکان و لەنێو شەقامدا هەیە کە رەنگە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دوابخرت، بەڵام کۆمیسیۆن دەڵێت، تاوەکو ئێستا هیچ حیزبێکی سیاسیی بە فەرمی داوای دواخستنی هەڵبژاردنی نەکردووە.
Back to top button