كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق دواخرا

ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ ٤ی۹ی۲۰۱۸ بڕیاریدا كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق بۆ رۆژی ۱۵ی۹ی۲۰۱۸ دوابخرێت.

دوێنێ دووشەمە ۳ی۹ی۲۰۱۸ لەگەڵ یەکەم دانیشتنی پەرلەمانی عێراق، پەرلەمانتارانی پارتی دیموکراتی کوردستان ‌و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە یەکدەنگی لە دانیشتنەکە کشانەوە، ھەر دوای کشانەوەیان داوا لە سەرۆکی کاتیی پەرلەمان کرا، ناوی گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی دەستنیشان بکات، بەڵام دانیشتنەکە بۆ كاتژمێر ١١ی بەیانی ئەمڕۆ سێشەمە، بەکراوەیی ھێشتراوەتەوە.به‌ڵام فه‌رمانگه‌ی ڕاگه‌یاندنی په‌رله‌مانی عێراق بلاویكرده‌وه‌ كه‌ كۆبونه‌وه‌كه‌ بۆ رۆژی ۱۵ی۹ی۲۰۱۸ دواخراوه‌،هۆكاری دواخستنه‌كه‌یش په‌یوه‌ندی هه‌یه‌ به‌ هه‌ڵبژاردنی كاندیده‌كانی سه‌رۆكی په‌رله‌مان .

یەکدەنگی، یەک گوتاری و یەک ھەڵوێستیی پارتی و یەکێتی، ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ ئەوەی، کە ئەمجارە کورد دەیەوێ وەک یاریکەرێکی سەرەکی بچێتەوە بەغدا و بەرمەبنای پرەنسیپەکانی (ھاوبەشی، سازان و ھاوسەنگی) مامەڵە و سەرەدەری لەگەڵ ھەموو ئەوانەدا بکات، کە دەیانەوێ حکوومەتی داھاتووی عێراق پێک بھێنن.

ئامادەکاریی کورد بۆ چوونە نێو دانوستاندنی سیاسی و بەشداریی کورد لە حکوومەتی دداھاتووی عیراقدا، ئەم دوو حزبە کە پێکەوە خاوەنی زۆرترین ژمارەی کورسییەکانی ھەرێمی کوردستانن، کارنامەیەکی ھاوبەشیان ئامادە کردووە، چاودێرانی سیاسییش پێیان وایە، پێکھێنانی حکوومەتی عێراق لەو دۆخەی ئێستا، کە دوو ئاراستەکەی ناو ماڵی شیعەکان ھەر یەکەیان خۆیان بە کوتلەی گەورەتر لەوەی دیکە دەزانن، ئاسان نابێت.

ھەوڵی ھەردوو بەرەی (سائیروون و نەسڕ)ی شیعەکان لەگەڵ لیستی (فەتح و دەوڵەتی یاسا) بۆ ڕاکێشانی کورد بە لای خۆیاندا چڕ بووەتەوە، بەڵام تا ئەم چرکە ساتە و سەرەڕای ئەنجامدانی کۆبوونەوەی یەکەمی خولی چوارەمی پەرلەمانی عێراق، ھێشتا بابەتی گەورەترین قەوارە و ھاوپەیمانیی سیاسیی لە عێراق بۆ پێکھێنانی حکوومەتی نوێ، یەکلایی نەبووەتەوە، تەنانەت ئەم بابەتە خراوەتە بەردەم دادگای فیدڕاڵی تا دوا بڕیاری خۆیی لەبارەوە بدا، کە ئاخۆ کام بەرەیان گەورەترین قەوارە و ھاوپەیمانیی سیاسییە، کە مافی یاسایی و دەستووریی ھەیە حکوومەتی داھاتوو پێک بھێنێت.

لە ھەموو حاڵەتەکاندا، ھەر لایەنێک گەورەترین قەوارە پێک بھێنێت، لەم گەمە سیاسییەدا بۆ ھەمیشە پێویستی بە کورد و لەناویشیدا بە پلەی یەکەم، پێویستی بە پارتی و یەکێتی دەبێت، بەو پێیەی سەنگی مەحەکن لە یەکلاکردنەوەی ھاوکێشەکەدا.

 

Back to top button