شوان محەمەد: تا ئێستا کورد نەچووەتە نێو هیچ کوتلەیەک

لەگەڵ ئەوەی تا ئێستا دوو هاوپەیمانێتی لەسەر ئاستی عێراق پێکهێنراون بۆ دروستکردنی حکومەتی نوێی عێراق، بەڵام تائێستا کورد نەچوەتە نێو هیچ هاوپەیمانێتیەک تا مەرجەکانی کورد جێبەجێنەکرێت، بەرپرسی لقی پارتی لە بەغدا ڕایدەگەیەنێت، تا ئێستا هەردوو لایەنی عەرەبی و کوردی لە ئاستێکدا وەستاون و هیچ پێشوەهاتنێک بۆ درووستبوونی هاوپەیمانەتییەک نەهاتووەتە ئاراوە

شوان محەمەد تەها، بەرپرسی لقی پێنج، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاندووە: “ئێمە تا ئێستا لەگەڵ هیچ لایەنێکی دیکە نین، مامەڵەش لەگەڵ هیچ لایەنێک ناکەین، بەڵکو مامەڵە لەگەڵ پرۆژەی ئەو لایەنەدا دەکەین، کە پێشکەشی دەکەن، کە چۆن حکوومەتی نوێی عێراق پێک بهێندرێت”.

ئەو پێشی وایە، حکوومەتی عێراق کێشەی لە سیستمی بەڕێوەبردندا هەیە و دەڵێت: “ئێمە دەمانەوێت، عێراق ڕاستەڕێ بکەین، تاوەکو مافەکانی سەرجەم عێراقییەکان و بە تایبەت کورد جێبەجێ بکرێت، ئەمە دنیابینیی ئێمەیە بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ”.

بەرپرسی لقی پێنجی پارتی لە بەغدا ڕەتیشی دەکاتەوە ئێستا کورد چووبێتە ناو هیچ کوتلەیەک، یا بچێتە ناو هیچ یەک لە کوتلەکان، هۆکارەکەیشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە، چاوەڕێی درووستکردنی کوتلەی زۆرینە دەکەن، هاوکات پەرلەمانیش نەیتوانیوە کوتلەی زۆرینە پێک بهێنێت، تا لایەنە سیاسییەکان لە پەرلەماندا بابەتەکان یەکلایی بکەنەوە و دەڵێت: “ئەوکات وەکو کورد قسەی خۆمان دەبێت”.

ئێستا نێوماڵی شیعە دابەشی دوو بەرەی وەک مالیکی نزیک لە ئێران و عەبادی نزیک لە ئەمەریکا بوون، کورد چۆن بتوانێت سوود لەو دابەشبوونە وەربگرێت، لە کاتێکا بە هەڵوێستی کورد، یەکێ لەو لایەنانە دەبنە زۆرینەی هاوپەیمانی و دەتوانێت کابینەی نوێ پێک بهێنێت، بۆ ئەمەش بەرپرسەکەی پارتی لە بەغدا، ئاشکرای دەکات، ئەوان لە نێوان هەردوولادا بە یەک مەودا وەستاون، نە لە کەسیان دوورن، نە لە کەسیان نزیکین، بەڵکو هەر لایە و بە گوێرەی تێڕوانینی خۆیان مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت و گوتی: “سەرکردایەتیی سیاسیی کورد، بە باشی مامەڵە دەکات و دەزانێت، هەڵبژاردنی لایەنێک لە سوودی نابێت، بۆیە ئەو کارە ناکات”.

شوان محەمەد نەیشاردەوە: “لە عێراقدا شتێک بە ناوی گەشبینی نییە، ئەوەی هەیە، ئەرزی واقیعە و دەبێ بزانین چۆن کار دەکەین.”

Back to top button