سەرۆک فواد مەعسوم کوردی نازانێت !

عادل باخەوان
گەر بڕیاربێت هەر ناسیۆنالیزمێک تایبەتمەندی خۆی هەبێت، بەدڵنیاییەوە هەردوو بنەمای خاک و زمان پێکەوە شوناسی ناسیۆنالیزمی کوردی بینادەکەن. یەکێک لە شانازیەکانی کورد بەگشتی و پارتی و یەکێتی بەتایبەتی لە عێراقی پاش سەدام حوسەیندا، بریتیە لەوەی کە توانیویانە، وەک زمانی عەرەبی، زمانی کوردیش بخەنە نێودەستوری عێراقیەوە و بیکەن بە زمانی فەرمی وڵات. بەڵام ئەم دەسکەوتە چ نرخێکی هەیە کە تۆ نوێنەرەکەت، کە سەرۆک کۆمارە، بەزمانی عەرەبی وتارەکانی بخوێنێتەوە ؟ جەنابی سەرۆک، تۆ نوێنەری کەلاریەکان و هەڵەبجەییەکانی یان نوێنەری نەجەفی و کەربەلاییەکان ؟ ئەگەر بڕیاربێت تۆ سەرۆک کۆماری ڕانیەیەکان و ڕومادیەکانیش بیت، ئەی بۆ بەتەنها بەزمانی ڕومادیەکان وتار دەخوێنیتەوە و زمانی ڕانیەیەکان لە بیردەکەیت ؟ ئایا تۆ بەتەنها بۆ تکریتیەکان قسەدەکەیت یان بۆ قەڵادزێیەکانیش ؟ جەنابی سەرۆک، ئەگەر دەنگی سلێمانی و هەولێر و دهۆک و هەڵەبجە و کەرکوک نەبێت، کە بە کوردی قسەدەکەن، دڵنیابە هەرگیز نە تۆ و نە هیچ کوردێک نەدەبوو بە سەرۆک کۆمار، ئەدی پێمناڵێت بۆچێ و لەبەرچی زمانێکی فەرمی، کە عەرەبیە، بەکاردەهێنیت و زمانێکی دیکەی فەرمی وڵات، کە کوردیە، لەبیردەکەیت ؟ ئایا عەبادی، سەرۆک وەزیرەکەت، هەرگیزاو هەرگیز ڕێگا بەخۆی دەدات، لەبەردەم پەرلەماندا بە کوردی، کە زمانی فەرمی وڵاتەکەیەتی، تەنها بۆ جارێکیش وتاربخوێنێتەوە ؟
Back to top button