ئیسماعیل بێشكچی: خیانه‌تی ۱٦ـی ئۆكتۆبه‌ر حه‌شدی شه‌عبی داوه‌ت كرد تا كه‌ركووك له‌ كوردستان داببڕێت

ئیسماعیل بێشکچی، بیرمەند و نووسەری ناوداری تورک و جیهان له‌ وتارێكیدا له‌ ژێر ناونیشانی ( ڕیفراندۆم و هه‌ڵبژاردنی ۳۰ ئه‌یلوول) نوسیویه‌تی و ده‌ڵێت” كورده‌كان له‌ كوردستان له‌ به‌یانییه‌كی ۱٦-۱۰-۲۰۱۷ (۱٦ی ئۆكتۆبه‌ر) رووبه‌ڕووی كوده‌تایه‌كی زۆر ناخۆش و گه‌وره‌ بوونه‌وه‌. ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدا بوو كه‌ له ‌۲۵ی ئه‌یلوولی ۲۰۱۷ توانییان له‌ ریفراندۆم بۆ سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمی كوردستان سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره‌ به‌ده‌ست بهێنن”.
 
ئیسماعیل بێشکچی بیرمه‌ندی ناوداری تورك له‌ وتاره‌كه‌یدا ده‌شڵێت :” ئەوانەی دژایەتی سەرۆک مەسعود بارزانی و هەوڵەکانی بۆ سەربەخۆیی کوردستان دەکەن، ”ئێمه‌ ۱۸ بۆ ۲۰ ساڵ ده‌بێت ئه‌وه‌ ده‌بینین، له‌ رۆژئاوا یان باكوور و باشوور دوژمنایه‌تیكردنی مه‌سعود بارزانی بره‌و پێ ده‌ده‌ن، ئه‌مه‌ش به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك نیشانه‌یه‌كی خێر و هه‌ڵوێستی خێری به‌دوادا نایه‌ت. ره‌خنه‌ له‌ پارتی ده‌گیرێت، ره‌خنه‌ له‌ مه‌سعود بارزانی ده‌گیرێت، ئاساییە، به‌ڵام به‌رپاكردنی دوژمنایه‌تیی بارزانی، ته‌نیا هێزه‌ نەیاره‌كان دڵخۆش ده‌كات، ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ش له‌ كوردستان هیچ قازانجێكی بۆ كورد پێ نییه‌“.
 
له‌به‌شێكی تری وتاره‌كه‌یدا ئیسماعیل بێشكچی نوسیویه‌تی ” سیسته‌می نێونه‌ته‌وه‌یی، سیسته‌می دنیا و سیسته‌می سایكس بیكۆ، له‌ دیدی كورده‌كانەوە چه‌ند ناعه‌داله‌تیی تێدا بووه‌، له‌به‌رچاوانه‌. ئه‌م سیسته‌مه‌ له‌ ساڵی ۱۹۲۰ له‌ سه‌رده‌می كۆمه‌ڵگه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی هاته‌ كایه‌وه‌، هه‌ر زوو هه‌ستی پێ كرا كه‌ له‌باره‌ی كورده‌وه‌ چه‌ند ناعه‌داله‌تیی تێدا كراوه‌ و چه‌ند دژی كورد بووه‌. له‌ سه‌رده‌می پێكهێنانی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ ساڵی ۱۹٤۵دا له‌وبه‌ری دنیاوه‌ چه‌ندین گۆڕانكاری لەڕووی سیاسییه‌وه‌ ئه‌نجام درا، هه‌موو ئه‌و وڵاتانه‌ی له‌ژێر ده‌ستی داگیركاریدا بوون به‌ (سه‌ربه‌خۆیی) خۆیان گه‌یشتن، به‌ڵام بارودۆخی كورد به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك گۆڕانی به‌سه‌ردا نه‌هات و ناحه‌قی و ناعه‌داله‌تی به‌رامبه‌ریان به‌رده‌وامیی هه‌بوو.
 
له‌ وتاره‌كه‌یدا ئیسماعیل بێشكچی باسی هه‌لبژاردنه‌كانی ۱۲ی ئایاری ئه‌نجومه‌نی نوێنره‌انی عێراق و هه‌ڵبژاردنی ۳۰ی ئه‌یلولی ئه‌مساڵی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌كات و ده‌ڵێت :” كورده‌كان له‌ ۱۲ی۵ی۲۰۱۸ له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراقدا به‌شدارییان كرد. له‌ په‌رله‌مانی عێراقدا ۵۷ ئه‌ندام په‌رله‌مان نوێنه‌رایه‌تیی كورد ده‌كه‌ن، ئێستاش له‌ به‌غدا هه‌وڵی پێكهێنانی حكوومه‌تی هه‌یه‌ و كورده‌كانیش له‌و حكوومه‌ته‌دا له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌دان شوێنیان هه‌بێت. له‌ ۳۰ی ئه‌یلوولیشدا هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌نجام ده‌درێت، بۆیه‌ ده‌خوازم ئه‌م شتانه‌ رێگه‌یه‌كی ئه‌رێنی بێت بۆ كورده‌كان و ببنه‌ خاوه‌نی یه‌كخستن و كۆكردنه‌وه‌یان له‌ ده‌وری یه‌كتریدا”.
 
له‌باره‌ی خیانه‌تی ۱٦ـی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ بێشكچی نوسیویه‌تی ” با سه‌یری رووداوه‌كانی دوای ۱٦ی ئۆكتۆبه‌ر بكه‌ین. حه‌شدی شه‌عبی و هێزه‌كانی عێراق به‌ شێوه‌یه‌كی زۆر بڵاو ده‌ستیان به‌ گوشار بۆ سه‌ر كورد كرد و بره‌ویان پێ دا، له‌ كه‌ركووك و دووزخورماتوو و جه‌له‌ولا و خانه‌قین، به‌رپرسه‌ كورده‌كانیان له‌ پۆسته‌كانیان لادا و له‌ شوێنی ئه‌وان عه‌ره‌ب و توركمانیان دامه‌زراند. كورده‌كانیان به‌زۆر له‌ ماڵه‌كانیان ده‌ركرد و له‌ شوێنی ئه‌وان چه‌كدارانی حه‌شدی شه‌عبییان نیشته‌جێ كرد. له‌به‌رامبه‌ر كورددا چه‌ندین ئۆپه‌راسیۆنی له‌و شێوه‌یه‌یان بره‌و پێ دا، به‌ڵام ئه‌و هێزه‌ كوردییانه‌ی به‌بێ ڕاوه‌ستان ده‌یانگوت: “مووچه‌كانمان ده‌وێت” و خۆپیشاندانیان ئه‌نجام ده‌دا، له‌به‌رامبه‌ر ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی و هێزه‌ عێراقییه‌كاندا ورته‌یان لێوه‌ نه‌هات و یه‌ك ره‌خنه‌ و پڕۆتستۆیان دەرنەبڕی. هه‌ر خۆی ئه‌وان به‌نهێنی رێككه‌وتنیان له‌گه‌ڵ حه‌شدی شه‌عبیدا كردبوو و داوه‌تیان كردبوون تا كه‌ركووك له‌ كوردستان داببڕن تا ئه‌وبه‌ری ناوچه‌كانی تر”.
Back to top button