مستهفا هیجری : مهترسی شهڕی ناوخۆ ههیه
حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران وەك حزبەكانی دیكە هەست بە بوونی مەترسی ڕوودانی شەڕی ناوخۆ دەكات لە ناو حزبەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستاندا، هەربۆیە لێپرسراوی گشتی ئەو حزبە بە ئەركی خۆیانی دەزانێت كاربۆ كۆكردنەوەی سەرجەم حزبەكان بكەن لە ژێر چەترێكداو مەترسییەكانی فرەهێزیی بڕەوێننەوەو لەگەڵ هەموو حزبەكان كاری بۆ بكەن.
لەبارەی مەترسی ڕوودانی شەڕی ناوخۆ لەنێوان حزبەكانی ڕۆژهەڵاتدا، مستەفا هیجری لێپرسراوی گشتی حدكا ڕایگهیاند:”ئەو مەترسییە هەیە، ڕەنگە زۆر بەهێز نەبێت، بەڵام ناتوانین حاشای لێبكەین،بەتایبەت ئێمە ئەزموونی ئەوەمان هەیە لە سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێران دوای ئەوەی ڕژێمی شا ڕوخا، لە بەشەكانی دیكەی كوردستانیش ئەوەمان بینیوەو،بۆیە دەبێت لەگەڵ ئەو لایەنانە، لانیكەم ئەوانەی هێز چەكداریان هەیە بتوانین بە هەندێك خاڵی هاوبەش بگەین.”
لێپرسراوی گشتی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران ڕاشیگهیاند:” ئەو پرسە بووەتە بابەتی گفتوگۆ لە ناوەندی هاوكاریی حزبەكانی كوردستانی ئێران، پێیانوایە دەبێت لەگەڵ حزبەكانی دیكەی دەرەوەی ئەو ناوەندە كاربكەن بۆ گەیشتن بە خاڵی هاوبەش”.
حزبەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان خاوەن یەك هێزی چەكداری یەكگرتوو نین، هەر حزبێك هێزی چەكداری هەبێت سەربەخۆیەتیو لەژێر فەرماندەیی حزبەكەدایە، بەڵام ئێستا ۵ حزب ناوەندێكی هاوبەشیان پێكهێناوەو كاری پێكەوەیی دەكەن بە ئامانجی یەكخستنی هێزەكانیان، حدكا یەكێك لەو حزبانەیە.
جگه له حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران، پژاكو پارتی ئازادی كوردستان(پاك) خاوەنی هێزی چەكداری سەربەخۆیانن، یەكنەخستنو كۆنەكردنەوەی سەرجەم ئەو هێزانە لەژێر چەترێكدا مەترسییە بۆسەر داهاتووی ڕۆژهەڵاتی كوردستان.