ئەنجومەنی ئاسایش لە بارەی ئێران کۆدەبێتەوە

 

 

دوای ئەوەی پەیوەندیەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا گرژی تێکەوت، دۆخی ئابوری ئێران خراپ بوو، ئێران هەڕەشەی دەستپێکردنەوەی پیتاندنی یۆرانیۆمی کرد، لەو بارەیەوە، بڕیارە لە کۆتایی ئەم مانگە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکایەتیی دانیشتنێکی ئەنجومەنی ئاسایش بکات کە تایبەتە بە تاوتوێی پرسی چۆنیەتیی گوشار بۆ سەر ئێران.

 

باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان بە میدیاکانی ڕاگەیاندووە ئەو دانیشتنە کۆتایی مانگی سێپتەمبەر لە کاتی کۆڕی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و بە ئامادەبوونی ڕێبەری وڵاتان بەڕێوە دەچێت.

 

ئاماژەی بەوەش کردووە ئەمریکا سەرۆکایەتیی دەورەیی ئەنجومەنی ئاسایش دەکات و ئامانج لەو کۆڕەش، تاتوێی چۆنیەتیی زەخت و گوشارە بۆ سەر حکوومەتی ئێران لەبەر پێشێلکاری و پشتگوێخستنی بڕیارنامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان.

 

بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی (ڕۆیتەرز) دیپلۆماتەکان ئاماژەیان بەوەش داوە ئێران دەتوانێ لە کاتی کۆڕی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا داوا بکات کە لە دانیشتنی 2018/9/26 لە ئەنجومەنی ئاسایش بەشدار بێت و وتار پێشکەش بکات.

 

چاوەڕوان دەکرێت حەسەب ڕۆحانی، سەرکۆماری ئێران لە کۆڕی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان کە ڕێکەوتی 2018/9/25 بەڕێوە دەچێت، بەشداری بکات و وتارێکیش پێشکەش بکات.

 

حەسەن ڕۆحانی و خامنەیی پێشتر هەرچەشنە دیدار و کۆبوونەوەیەکیان لەگەڵ سەرکۆماری ئەمریکا ڕەت کردووەتەوە

Back to top button