خه‌لیل سه‌ركانی: گۆران وه‌كو یه‌كێتی خاوه‌نی خیانه‌تی ۱٦ـی ئۆكتۆبه‌رو نه‌وتی نه‌دزیوه‌ تا له‌ هه‌ڵبژاردن بترسێت

ئه‌ندامێكی جڤاتی گشتی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌باره‌ی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه‌ هێرشی توند ده‌كاته‌ سه‌ر یه‌كیتی و ده‌ڵێت: ئیمه‌ وه‌كو یه‌كێتی خاوه‌نی خیانه‌تی ۱٦ـی ئۆكتۆبه‌ر نین تا له‌ هه‌ڵبژاردن بترسین .

خەلیل سەرکانی، ئەندامی جڤاتی گشتیی گۆڕان ڕایگەیاند:” دواخستنی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان داواکاریی یەکێتی بووە و “سەرۆکی فراکسیۆنی ئەو حزبە لە پەرلەمانی کوردستان، پڕۆژەیەکی داوەتە سەرۆکایەتیی پەرلەمان، تاوەکوو کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکان پرۆسەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دوابخات، بەڵام ئەوان دەستە چەورەکەیان بە ئێمە سڕیوە”.

ئەندامه‌كه‌ی جڤاتی گشتیی گۆڕان ڕاشیگەیاند:” یەکێتی ناتوانی گۆڕان بەدواخستنی ھەڵبژاردن تۆمەتبار بکات، چونکە “ئەوە داواکاریی خۆیان بووە”. گوتیشی: “گۆڕان، وەکوو یەکێتی خاوەنی خیانه‌تی ١٦ی ئۆکتۆبەر و دزینی نەوت نییە و ئێمە وەکوو یەکێتی لایەکیمان لێ نەبووەتەوە”.

خه‌لیل سه‌ركانی سەرسوڕمانی خۆشی لەوە دەربڕی کە یەکێتی بە چی لە هەڵبژاردندا “هێندە موسەیتەرە”،گوتیشی: “ئێمە لە پەیامی خۆمان لامان نەداوە و خیانەتمان نەکردووە، جەیشی ئێران و تورکیامان نەھێناوە، ئیتر بۆچی لە ھەڵبژاردن بترسین؟”.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئەندامەکەی جڤاتی گشتیی گۆڕان ده‌شڵێت: “یەکێتی لە ھەڵبژاردنەکەی پێشوودا لە سلێمانی ساختەکارییەکی گەورەی کردووە، بۆیە ئێمە ناچینە نێو ھەڵبژاردنێکەوە کە بەرنامەی ساختەکاری بۆ دانرابێت، دواجار ئەگەر یەکێتی ساختەکاری نەکات، ئەو حزبە کەمترین دەنگ دەھێنێت، بەڵام یەکێتی موزایەدەی سیاسی دەکات، بێگومان ئەو حزبە ئێستا پێی خۆش نییە ھەڵبژاردن بکرێت”.

Back to top button