ئاوات قاره‌مانی:گۆڕان ترسی هه‌یه‌ ببێته‌ هیزی چوارم و هه‌ڵبژاردنیش دوابخرێت كێشه‌كانی گۆڕان چاره‌سه‌ر ناكرێت

ئه‌ندامێكی ده‌سته‌ی ده‌مزرێنه‌ری بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان كه‌ ئێستا ده‌ستی له‌ بزوتنه‌وه‌كه‌ كێشاوه‌ته‌وه‌ سه‌رسوڕمانی خۆی له‌باره‌ی هه‌ڵوێستی بزوتنه‌وه‌كه‌ له‌باره‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان خسته‌ ڕوو ده‌ڵێت: تێناگەم، پێشتر گۆڕان لەگەڵ ئەوە بوو کە ھەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێت، ئێستاش داوای ئەوە بکات کە ھەڵبژاردن نەکرێت،نازانم گۆڕان بۆ ترسی هه‌یه‌ ببێته‌ هێزی چواره‌م .

ئاوات قارەمانی، یه‌كێكه‌ له‌ ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەرانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و دەستی لەو بزووتنەوەیە کێشاوەتەوە، ڕایگەیاند: “تێناگەم، پێشتر گۆڕان لەگەڵ ئەوە بوو کە ھەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێت، ئێستاش داوای ئەوە بکات کە ھەڵبژاردن نەکرێت، باشە چ سوودێکی تێدایە ئەگەر ھەڵبژادن دوا بخرێت؟ پێشتر ساڵێک تەمەنی پەرلەمان درێژ کرایەوە، ئەگەر بیانەوێت دیسانەوە تەمەنی درێژ بکەنەوە، ئەمە چ دیموکراسییەکە؟ بۆیە ناشەرعییە و ئەگەر ھەموو کەس ئەو داوایە بکات، نابێت گۆڕان ئەو داوایە بکات”.

ئەندامە ده‌ستله‌كاركێشاوه‌کەی دەستەی دامەزرێنەرانی گۆڕان ڕاشیگه‌یاند:” ئەوانەی دەترسن دەنگ نەھێنن، یان ساختەکاری بکرێت، ئەوا ”ترسی ناوێت“، چونکە ئەگەر ھەڵبژاردنیش دوابخرێت، هیچ گۆڕانێک ڕوونادات. گوتیشی: ”دەبێ ھەموو لایەک دەنگی خۆی بزانێت، ھەروەھا بزانێت کە ھەڵەکان چین؟ بۆ دەنگی نەھێناوە؟ نازانم گۆڕان بۆ ترسی لەوە ھەبێ کە ببێتە ھێزی سێیەم و چوارەم، ئەگەر ھەڵبژاردن بکرێت، باشترە کە دەنگەکانی خۆیان بزانن، تا ئەو کەموکوڕییانەی ھەیانە، بەخۆیاندا بچنەوە”.

لەبارەی ترسی گۆڕان بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژارن پەیوەست بە کێشە ناوخۆییەکانییەوە ، ئاوات قارەمانی گووتی: ”ئەوانەی لە ناو گۆڕاندا ململانێیان دەکرد، ئێستا چوونەتە لاوە، بۆیە ئەوانەی ئێستا ماونەتەوە، ئەگەر کێشەیان ھەبێت و تا ئێستا بۆیان چارەسەر نەکرا بێت، ئەوا ئەگەر شەش مانگی دیکەش ھەڵبژاردن دوابخرێت، کێشەکانیان بۆ چارەسەر نابێت، بۆیە باشتر وایە ھەڵبژاردن بکرێت“.

Back to top button