ئه‌ندامێكی جڤاتی گۆڕان : ناکرێ لەپێناو پۆست دا تەنازول بۆ ڕیفراندۆم و پرسە نەتەوەیەکان بکرێت

حەکیم عوبێد، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان، ڕایگەیاند: “ھەرچەندە کورد لەدوای ڕوخانی ڕژێمی بەعسەوە زۆرترین دەرفەتی لەدەست داوە، بەڵام پێویستە لەم خولەی پەرلەمانی عێراقدا گفتوگۆی سەرەکی کورد لەگەڵ پێکھاتە جیاوازەکاندا گفتوگۆکردن بێت، لەسەر جێبەجێکردنی مادەی ۱٤۰ و گەڕانەوەی شکۆ بۆ کەرکووک و ئیدارەیەکی ھاوبەش بۆ شارەکە، چونکە بە درێژایی مێژوو شەڕ و ململانێکانمان لەسەر کەرکووک بووە، بۆیە باشترە کورد چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ بارودۆخی کەرکوک بدۆزێتەوە، بێگومان ئەگەر کورد فریای کەرکوک نەکەوێت، ئەمجارە کەرکووک تووشی کێشەیەک دەبێت، چارەسەرکردنی کارێکی قورس و گران دەبێت”.

ئەندامه‌كه‌ی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان ڕاشیگه‌یاند: “زۆربەی کێشەکانی کورد لەگەڵ حکوومەتەکانی عێراقدا زیاتر لەسەر خاک بووە و پێویستە ئەو گفتوگۆیانەی بۆ ئایندە دەکرێن، دەبێ ئێمە واز لە پۆست و بەرژەوەندیی حزبی بھێنین و یەکەمین داواکاریی کورد لە کابینەی چوارەمی حکوومەتی عێراقدا پێداگریی کورد بێ لەسەر کەرکووک و ناوچە دابڕێنراوەکان، چونکە ئەوە ململانێیەکی زۆری لەسەرە، ھەروەھا شەڕی ململانێکانمان لەسەر کەرکووک و ناوچە دابڕێنراوەکان بووە، بۆیە پێویستە لەگەڵ ئەو لایەنانەدا بکەوینە گفتوگۆیەکی چارەنووسساز و یەکەمین بەرنامەی کارمان ئەوە بێت، کاتێکی زەمەنی بۆ جێبەجێکردنێ مادەی ١٤٠ دابنرێت، لەگەڵ ئەوەشدا مافەکانی ھێزی پێشمەرگەی کودستان دابین بکرێت، ئەگەر ئەو داواکارییانەی کورد لە حکوومەتی نوێی عێراقدا بە ھەند وەرنەگیرێت، پێویستە کورد لە حکوومەتی عێراقی بکشێتەوە، بێگومان ئەوە ئەرکی سەرشانی ھەموو لایەنە سیاسییەکانە لەگەڵ حکوومەتی عێراقدا بکەونە گفتوگۆ بۆئەوەی ئەو داواکارییانەی کورد جێبەجێ بکرێت”.

حەکیم عوبێد ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان ده‌ڵێت: “ھیچ تاکێکی کورد خیلافی لەگەڵ سەربەخۆیی کوردستاندا نییە، بەڵام پێشتر ھەندێک خیلاف ھەبووە، لەسەر کاتی دیاریکراوی گشتپرسی و ئێمە وەکوو بزووتنەوەی گۆڕان، تێبینیمان لەسەر کاتی ڕیفراندۆمەکە ھەبووە، ھەرچەندە دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر ڕووی دا و دواتر بەشێکی زۆری خاکی کوردستان گەڕایەوە ژێر ڕکێفی حکوومەتی عێراقی، بۆیە من پێم باشە بۆ ئەو پرسە ئێمە ناوماڵی خۆمان ڕێک بخەینەوە و زۆر بە وریاییەوە کاری لەسەر بکەین، بەڵام ئەوەی گرنگە کاری لەسەر بکەین، باردودۆخی کەرکووکە، ئەگەر ئێمە کار بۆ چارەسەرکردنی بارودۆخی کەرکوک بکەین، ئەوکاتە ھەنگاوێکی گرنگە بۆ جێبەجێکردنی خەونە گەورەکەمان، بەڵام ئەگەر بەو شکڵەی پێشووتر کار بکەین، پێم وایە خەونە گەورەکە لەبار دەبەین”.

ئەو ئەندامەی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان، هێمای کردو ده‌شڵێت: “ئەگەر کورد بەبێ کەرکووک ھەنگاوی گەورە بنێت، ھەنگاوەکانی سەرکەوتوو نابێ و فەشەل دەھێنێت، میلـلەتی کورد چاوی لەوەیە کە بزانێت، ئاخۆ ھەنگاوەکانی چۆن دەبێت، ئەگەر گفتوگۆکان بەو ئاقارەدا ھەنگاو بنێت، لەبەر خاتری پۆستی سەرۆکوەزیران و جێگری سەرۆکی پەرلەمان و وەزیرێکی زیادە و لەبەرئەوەی کێ دەکرێت بە سەرکۆمار، من پێم وایە ئەمجارەش کورد تووشی شکستێکی گەورە دەکات، بۆیە من پێم وایە ھیچ پۆستێک ئەوە ناھێنێت، ئێمە پرسە نەتەوەییەکان فەرامۆش بکەین، چونکە ئەگەر ئێمە کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکانمان فەرامۆش کرد، با پۆستی سەرۆک وەزیرانیش لای ئێمە بێت، بێگومان ئەوکاتە ناتوانین ھەنگاو بۆ پرسە نەتەوەییەکان بنێین، بۆیە ناکرێ لەپێناو ئەو پۆستانەدا تەنازول بۆ ڕیفراندۆم ۆ پرسە نەتەوەیەکان بکرێت و ئەم خاکەی کە ڕووبارێک خوێنی لەپێناودا ڕژاوە، بدرێتە دەستی قەدەرەوە”.

Back to top button