به‌رپرسێكی بەسرا: پشتگیریی سەرۆک بارزانی بەرز دەنرخێنین

 

دوای ئه‌وه‌ی سه‌رۆك بارزانی په‌یامێكی له‌ باره‌ی خۆپیشاندانه‌كانی به‌سرشا بڵاو كرده‌وه‌, تێیدا پشتگیری خۆی بۆ خه‌لكی به‌سڕا ده‌ربڕی, له‌ به‌رامبه‌ردا ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگایی بەسرا دەڵێ، سوپاسی سەرۆک بارزانی دەکەن کە هاوکار و پشتیوانیان بوو و پشتگیریکردنی بارزانی جێگایی بایەخە.

ماوەیەکە لە شاری بەسرا خۆپێشاندان دەکرێن و چەندین قوربانی بە دوای خۆیدا هێناوە، داواکارییەکانی خەڵکی شارەکە بریتین لە نەبوونی خزمەتگووزاری لە شارەکە و چەندین داواکاریی دیکە و وەک خۆپێشاندەرەکان دەڵێن شارەکەیان لە لایەن حکوومەتی عێراقەوە پشتگوێ خراوە.

لەو بارەیەشەوە، د. سەفا‌ء موسلم ئەلبەندەر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان راگه‌یاند: “داواکارییەکانی شاری بەسرا لە جێگای خۆیانن و بە هەموو شێوەیەک پشتگیریی خۆپێشاندەرانی شاری بەسرا دەکەین، چونکە ئەوان داوای مافی ڕەوای خۆیان دەکەن.”

پەیوەست بەمەش، سەرۆک بارزانی، بۆ پشتگیریکردنی شاری بەسرا پەیامێکی بڵاو کردەوە و لە بەیاننامەکەشدا هاتووە: “ئێمە هەرگیز لوتف و گەرمی و موحەبەتی خەڵكی بەڕێزی شاری بەسرا لەیاد ناكەین، كاتێك بە جۆش و خرۆشەوە پێشوازییان لە بارزانی نەمر و یاوەرانی كرد، كە لەبەر خەباتیان لە دژی ستەم و جیاكاری بۆ ساڵانێكی درێژ پەنایان بۆ یەكێتیی سۆڤییەت بردبوو. بۆیە لێرەدا هاوسۆزی و پشتیوانیی خۆمان بۆ هاووڵاتیانی شاری بەسرا ڕادەگەیەنین و هیوادارین ڕێز لە مافەكانیان بگیرێت و داخوازییەكانیان جێبەجێ بكرێن، كە لە ڕاستیدا ئەو داواكارییانە سادەترین مافە كە پێویستە هەر مرۆڤێك هەیبێت.”

ئەلبەندەر دەڵێت: “لە نێو خۆپێشاندەراندا هەندێک لایەن هەن دەیانەوێت خۆپێشاندانەکە بەرەو ئاراستەی تر ببەن و بەرەو ئاژاوەگێڕی ببەن و دەبێ حکوومەتی عێراق کار بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانی خەڵکی شاری بەسرا بکەن.”

ئەم ئەندامەی ئەنجومەنی شاری بەسرا دەشڵێت: “ئەمڕۆ لە کاتی سەرلەبەیانییەوە لە لایەن خۆپێشاندەرانەوە بڵاوبوونەوەیەکی زۆر لە شاری بەسرا هەیە و داواکارییەکانی خەڵکی شاری بەسرا زۆرن و دەبێ حکوومەتی عێراق بە دەم داواکارییەکانمانەوە بێت.”

ئەلبەندەر گوتیشی: “پێش دوو مانگیش وەک ئەنجومەنی شاری بەسرا کۆبوونەوەمان لەگەڵ حکوومەتی عێراق کردووە بۆ بەهەرێمبوونی شارەکە، چونکە ئەمە مافێکی خۆمانە و بەشێكە لە داواکاریمان و بەشێکیشە لە چارەسەری کێشەکە.”

لە دواییشدا ئەلبەندەر گوتی: “پشتیوانیی خەڵک و هەڵوێستی سەرۆک بارزانی بەرز دەنرخێنین بۆ پشتگیریکردنی داوکارییەکانی خەڵکی بەسرا، چونکە پشتگیرکردنیان هەمان شێوە داواکاریی ئێمەیە.”

شاری بەسرا سێیەمین شاری هەرە گەورەی عێراقە و دەکەوێتە ئەوپەڕی باشووری عێراق و بە پایتەختی ئابووریی عێراق دادەنرێت و ژمارەی دانیشتوانەکەی ملیۆن و نێوێکە.

Back to top button