چڵ كورد خۆیان كاندید كردووه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی سوید

 

له‌گه‌ڵ نزیك بوونه‌وه‌ی واده‌ی سازدانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان له‌ سوید كه‌ بڕیاره‌ رۆژی 9ی ئه‌م مانگه‌ پارێزگا و شاره‌وانییه‌كان له‌ سوید به‌ڕێوه‌بچێت و په‌رله‌مانتارێكی كورد له‌ سوید ده‌ڵێت زیاتر له‌ 40 كاندیدی په‌رله‌مانی وڵاته‌كه‌ به‌ ره‌چه‌ڵه‌ك كوردن.
جه‌بار ئه‌مین په‌رله‌مانتاری كورد له‌ په‌رله‌مانی سویدله‌ راگه‌یێندراوێكدا ئاماژه‌ی به‌وه‌كردوه‌، كه‌ له‌و هه‌ڵبژاردنانه‌دا، هه‌شت پارتی ناو په‌رله‌مان و چه‌ندین پارتی دیكه‌ به‌شداری ده‌كه‌ن و ده‌یانه‌وێت له‌ هه‌ر یه‌كێك له‌و دامه‌زراوانه‌دا زۆرترین كورسی به‌ده‌ستبهێنن.

هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شی رونكردۆته‌وه‌، كاندیده‌كان بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی سوید شه‌ش هه‌زار و 287 كه‌سن، كه‌ 56%یان نێرن و 44%یان له‌ ره‌گه‌زی مێ-ن، كه‌ كێبڕكێ ده‌كه‌ن له‌سه‌ر 349 كورسییه‌كه‌ی په‌رله‌مان، له‌و ژماره‌ كاندیده‌ش به‌لانی كه‌مه‌وه‌ 42یان به‌ ره‌چه‌ڵه‌ك كوردن، كه‌ 64%یان له‌ ره‌گه‌زی نێرن و 36%یشیان له‌ ره‌گه‌زی مێ-ن.

به‌پێی لێكدانه‌وه‌ و پێشبینییه‌كان، كه‌ جه‌بار ئه‌مین ئاماژه‌ی پێداوه‌، ره‌نگه‌ 6 تا 9 كاندید كورد له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی سویددا سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ستبهێنن و بگه‌نه‌ په‌رله‌مان، له‌كاتێكدا ئێستا پێنج په‌رله‌مانتاری كورد له‌و دامه‌زراوه‌ گرنگه‌ی سویددان.

هه‌روه‌ها به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌، زیاتر له‌ 100 كاندیدی دیكه‌ی كوردیش هه‌ن بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان و ئه‌نجومه‌نی شاره‌وانییه‌كانی سوید.

Back to top button