وەزارەتی پێشمەرگە ئێن ئارتی لەبەرەكانی جەنگ دوورخستەوە

خواكوڕك
لەراگەیاندراوێك دا وەزارەتی پێشمەرگەی كوردستان كە ئەمرۆ 21ی 10ی 2016 بڵاو كراوەتەوە، رایگەیاندووە،‎ڕۆژی 20/10/2016 لەبەرنامەیەکی راستەوخۆی کەناڵی NRT دا هەریەک لە عەدنان عوسمان  و کەمال رەئووف، بێ ڕێزییان بە پێشمەرگە کرد و بەو هۆیەوە هەستی پێشمەرگە و خانەوادەی شەهیدان بریندار كرا و خەڵكی كوردستانیان نیگەران کرد.
هەر لەراگەیاندراوەكە دا هاتووە، ‎بۆیە داوامان لە بەڕێوەبەرایەتیی كەناڵەكە كرد كە بێبەرییبوونی خۆیان لەو لێدوانە چەواشەكاری و سوكایەتییە ڕابگەیەنن، بەڵام بەداخەوە وێڕای ئەوەی دووجار بەڵێنیان دا دواجار خۆیان لەوە دزییەوە و ئەوەش لای ئێمە و پێشمەرگە و خەڵكی كوردستان وا دەخوێندرێتەوە كە هاوهەڵوێستی ئەو دووكەسەن، مەگەر پێچەوانەكەی بسەلمێنن. هەر بۆیە و لەبەرخاتری شكۆی پێشمەرگە و بۆ ئەوەی پێشمەرگە قارەمانەكان لە بەرەكانی شەڕدا بە بینینیان دڵگران نەبن، بڕیارمان دا تا ئەو كاتەی کەناڵی NRT بە فەرمی داوای لێبوردن دەكات، ڕێگە بە پەیامنێر و وێنەگرەكانیان نادەین بۆ ڕووماڵكردنی شەڕ بچنە بەرەكان و نزیكی سەنگەرەكانی پێشمەرگە بكەون.
 
ئەمەش دەقی ڕاگەیاندراوەکەیە:
 
‎راگەیەندراوێک لەوەزارەتی پێشمەرگەوە
 
‎ڕۆژی 20/10/2016 لەبەرنامەیەکی راستەوخۆی کەناڵی NRT دا هەریەک لە عەدنان عوسمان  و کەمال رەئووف، بێ ڕێزییان بە پێشمەرگە کرد و بەو هۆیەوە هەستی پێشمەرگە و خانەوادەی شەهیدان بریندار كرا و خەڵكی كوردستانیان نیگەران کرد.
 
‎ئەوە لەکاتێکدایە کە هەر ئەمڕۆ هێزەکانی پێشمەرگە لەشەڕێکی گەورە و قورسدابوون لەگەڵ تیرۆریستانی داعش لەمیحوەرەکانی باشیک و ناوەران و تلسقۆف، پێشمەرگە توانی بەخوێنی ئاڵی داستانێکی نوێ تۆمار بکات و تیرۆریستان لەبەشێکی تری خاکی کوردستان وەدەر بنێن.
 
‎ ئێمە وێڕای نیگەرانیی زۆرمان لە دەربڕینە پڕ لە حقد و كینەكانی ئەو دوو کەسە، رایدەگەیەنین کە پێشمەرگە رووحی فیداکاری و پێناسی نیشتمانییە و لەسەر ئاستی جیهان بۆتە سیمبولی ئازایەتی و هەر بۆیە دوژمن و نەیارانی گەلەكەمان چاویان بە پێشمەرگە هەڵنایەت.
 
‎بۆیە داوامان لە بەڕێوەبەرایەتیی كەناڵەكە كرد كە بێبەرییبوونی خۆیان لەو لێدوانە چەواشەكاری و سوكایەتییە ڕابگەیەنن، بەڵام بەداخەوە وێڕای ئەوەی دووجار بەڵێنیان دا دواجار خۆیان لەوە دزییەوە و ئەوەش لای ئێمە و پێشمەرگە و خەڵكی كوردستان وا دەخوێندرێتەوە كە هاوهەڵوێستی ئەو دووكەسەن، مەگەر پێچەوانەكەی بسەلمێنن. هەر بۆیە و لەبەرخاتری شكۆی پێشمەرگە و بۆ ئەوەی پێشمەرگە قارەمانەكان لە بەرەكانی شەڕدا بە بینینیان دڵگران نەبن، بڕیارمان دا تا ئەو كاتەی کەناڵی NRT بە فەرمی داوای لێبوردن دەكات، ڕێگە بە پەیامنێر و وێنەگرەكانیان نادەین بۆ ڕووماڵكردنی شەڕ بچنە بەرەكان و نزیكی سەنگەرەكانی پێشمەرگە بكەون.
‎هەروەها لەکاتێکی گونجاوی تریشدا، ئەگەر پێویست بكات، رێوشوێنی تر دەگرینە بەر.
سەربەرزی بۆ پێشمەرگە .
‎دروود و نەمری بۆ شەهیدان
‎وەزارەتی پێشمەرگە
21/10/2016
Back to top button