ئێران: هۆشداری ده‌داته‌ هاوڵاتیانی له‌ به‌سره‌ به‌ زووترین كات شاره‌كه‌ جێ‌ بهێلن

 

دوای ئه‌وه‌ی خۆپیشاندەران بە درووشمی ”ئێران بۆ دەرەوە بەسرە ئازادە” هەڵیانکوتایە سەر کۆنسوڵخانەی ئێران لە بەسرە و سووتاندیان، خۆپیشانده‌ران ده‌لێن ئێران بنکەی گەندەڵییە لە عێراق. ئەوان ئێمە دەردەکەن و ئێمەش نامانەوێت ئێرانییەکان بێنە بەسرە. له‌ به‌رامبه‌ردا گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەبارەی سووتانی کۆنسوڵخانەی وڵاتەکەیان لە بەسرە رایگەیاند، هێرشێکی وەحشیانە کراوەتە سەر کۆنسوڵخانەی ئێران لە بەسرە. داواش لە حکومەتی عێراق دەکات بەزوورین کات ئەو خۆپیشاندەرانە دەستگیربکات و قورسترین سزایان بدات.

بەهرام قاسمی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی سووتانی کۆنسوڵخانەی ئێران لە بەسرە رایگەیاند، هێرشێکی وەحشیانە کراوەتە سەر کۆنسوڵخانەی ئێران لە بەسرە و بە خۆشحاڵییەوە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە، بەڵام زیانی ماددی زۆر هەبووە.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت: “هێرشەکە پلان بۆ داڕێژراو بووە، بۆیە ئەو رێوشێنانەی ئێمە گرتوومانەتەبەر رێگریی لەوەکرد هیچ کەسێک نەبێتە قوربانی و تەنیا زیانی ماددی بە کۆنسوڵخانەکە بگات”.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران داوایەکی ئاراستەی حکومەتی عێراق کرد و گوتی، هیوادارین حکومەتی عێراق بەزووترین کات ئەو خۆپیشاندەرانە دەستگیربکات و قورسترین سزایان بدات.

ئیرەج مەسجدی، باڵیۆزی تاران لە بەغدا، داوای لە هاوڵاتیانی ئێران لە بەسرە کرد کە لە شارەکە بچنە دەرەوە، چونکە دۆخی بەسرە باش نییە و بەرەو گرژی و ئاڵۆزی دەچێت.

هەروەها بەڕێوەبەری میدیایی کونسوڵخانەی ئێران دەڵێت، باڵەخانەکە بەتەواوەتی سووتاوە و سەبارەت بە سووتاندن و تێکدانی بنکەکەشمان لە بەسرە، پەنادەبەینە بەر یاسای نێودەوڵەتی.

کۆنسوڵخانەی ئێران لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، ئەوەی کە بە بارەگای ئێمە لە بەسرە کرا، کارێكی وەحشیانە بوو و لایەنێكی دیاریکراو لە سووتاندنی بارەگاکەمان تۆمەتبارناکەین.

کونسوڵخانەی ئێران دەشڵێت، کاری ئێمە خزمەتگوزارییە و ئەوەی کە رووبەڕوومان کرا کارێكی دوور لە رەوشتە.

ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی 7-9-2018، خۆپیشاندەران بە درووشمی ”ئێران بۆ دەرەوە بەسرە ئازادە” هەڵیانکوتایە سەر کۆنسوڵخانەی ئێران لە بەسرە و سووتاندیان، یەکێک لە خۆپیشاندەرەکان بە رووداوی راگەیاند، ئێران بنکەی گەندەڵییە لە عێراق. ئەوان ئێمە دەردەکەن و ئێمەش نامانەوێت نێردراوی رووداو دەڵێت، خۆپیشاندەرانی پارێزگای بەسرە تووڕەن و نیگەرانن لە دۆخی شارەکەیان و ئێران بە تۆمەتبار دەزانن و دەڵێن، خەتای ئێرانە شارەکە بەم دۆخەی ئێستا گەیشتووە.

یەکێک لە خۆپیشاندەران گوتی، داواکارییەکانی ئێمە تەنیا بۆ بەسرە بوون، کێشەکانی ئێمە دیارە کە ئاو و کارەبامان نییە و بێکارین، ئێمە دەزانین ئێران بنکەی گەندەڵییە لە عێراق. ئەوان ئێمە دەردەکەن و ئێمەش نامانەوێت ئێرانییەکان بێنە ئێرە.

یەکێکی دیکە لە خۆپیشاندەرەکان گوتی، نامانەوێت هیچ ئێرانییەک بێتە نێو عێراق و، دەزانین ئێرانییەکان هۆکاری وێرانکردنی بەسرەن و دژ بە گەلی عێراق پشتگیریی لە پارەتەکان دەکەن. هەر شتێک لە سوودی بەسرەدابێت، ئێران رێگەنادات بێتە نێو ئێمەوە.

تووڕەیی خۆپیشاندەرانی بەسرە رۆژ بە رۆژ زیاتر دەبێت و خەریکە جڵەوەکە لەدەست هێزە ئەمنییەکان بەتەواوی بەردەبێت، خۆپیشاندەران یەک بە یەک دەستیان بە سووتاندنی بارەگا حیزبی و حکومییەکان کردووە و لەماوەی سێ رۆژیشدا 11 خۆپیشاندەر کوژراون و دەیانی دیکەش برینداربوون.

دانیشتووانی پارێزگای بەسرە كە ژمارەی دانیشتووانی زیاتر لە دوو ملیۆن كەسە، بەدەست ژمارەیەك قەیران دەناڵێنن بەتایبەتی پیسبوونی ئاوی شەتولعەرەب، كە كاریگەری نەرێنی كردووەتەسەر ئاوی خواردنەوە، هاوكات كۆمیسیۆنی باڵای مافەكانی مرۆڤیش رایانگەیاند، بەپێی ئاماری نەخۆشخانەكانی بەسرە نزیكەی 20 هەزار كەس لەو پارێزگایە بەو هۆیەوە ژەهراوی بوونە.

لە رۆژی 9-7-2018ـەوە خۆپیشاندان دژی نەبوونی خزمەتگوزارییەکان، ئاو و کارەبا لە بەسرە دەستیپێکرد و دوای برینداربوونی چەند کەسێک، خۆپیشاندەران زیاتر داوای مافەکانی خۆیانیان کرد. دواتر لە رۆژی 4-9-2018ـەوە جارێکی دیکە خۆپیشاندانەکان بە گەرمی دەستییان پێکردەوە و تاوەکو ئێستاش 26 کەس کوژراون و دەیانی دیکەش برینداربوون.

Back to top button