فه‌تح و سائیرون گه‌یشتنه‌ رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ كورد گه‌وره‌ترین كوتله‌ پێكده‌هێنن

 

له‌ درێژه‌ی ئه‌و گفتوگۆیانه‌ی په‌یوه‌ستن به‌ پرسی پێكهێنانی حكومه‌تی داهاتووی عێراق تا ئێستا به‌ فه‌رمی هیچ كوتله‌یه‌كی گه‌وره‌ رانه‌گه‌ێنراوه‌, له‌ كاتێكدا كورد به‌ سیێ خاڵی به‌شدار بوون له‌ حكومتی داهاتووی عێراق به‌رده‌وامه‌ له‌ گفتوگۆكانی, په‌رله‌مانتارێكی سائیرون ئاشكرای كردووه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانی فه‌تح رێككه‌وتوون, له‌ داهاتوودا گه‌وره‌ترین كوتله‌ راده‌گه‌یه‌نن كه‌ كوردیشان له‌گه‌ڵه‌.

ئەمجەد عەقابی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە کوتلەی سائیرون دووپاتیكرده‌وه‌، “پرسی پێکهێنانی گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی لەنێوان ئێمەو فەتح یەکلای بۆتەوە و لەماوی دوو تا سێ ڕۆژی داهاتوودا گەورەترین کوتلە ڕادەکەێنین و کوردیشمان لەگەڵە”.
له‌ لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ په‌رله‌مانتاری هاوپه‌یمانی فه‌تح عەباس رایگه‌یاندووه‌ “گفتوگۆکان بۆ پێکهێنانی گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی لە قۆناغی کۆتایدایە، بەرەو پێکهێنانی حکومەت دەڕۆین و داوا دەستورییەکانی کوردیش لەچوارچێوەی دەستوردا جێ بەجێ دەکرێن، ئەوانیش بەشێک دەبن لەو هاوپەیمانێتیە”.

هه‌روه‌ها میدیاییه‌كانی عێراق كه‌مێك به‌ر له‌ ئێستا بڵاویانكرده‌وه‌، رێككه‌وتنێكی نوێ بۆ پێكهێنانی گه‌وره‌ترین كوتله‌ به‌ناوی “فه‌زای نیشتیمانی” له‌نێوان هه‌ریه‌ك له‌ “سائیرون، فه‌تح، هاوپه‌یمانی هێزی عێراقی، پارتی دیموكراتی كوردستان، یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان كراوه‌.

به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانیش، موقته‌دا سه‌در، رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در و سه‌ركرده‌ی كوتله‌ی سائیرون داوای له‌ هادی عامری، ئه‌مینداری گشتی رێكخراوی به‌در و هاوكات سه‌ركرده‌ی هاوپه‌یمانی فه‌تح كردووه‌، له‌ چه‌ند رۆژی داهاتوودا كاندیدی خۆی بۆ پۆستی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران پێشكه‌ش بكات.

ئه‌مه‌ دوای ئه‌وه‌ هاتووه‌، شه‌وی رابردوو هه‌ریه‌ك له‌ هاوپه‌یمانی سائیرون و فه‌تح به‌ له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌و دۆخه‌ی ئێستا له‌ به‌سره‌ له‌ئارادایه‌، داوایان له‌ حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆك وه‌زیرانی كاربه‌ڕێكه‌ری عێراق كرد، ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ی پێشكه‌ش بكات، ئه‌م هاوهه‌ڵوێستییه‌ی فه‌تح و سائیرونیش بوو به‌ بنه‌مایه‌ك بۆ لێكنزیكبوونه‌وه‌یان بۆ پێكهێنانی حكوومه‌تی داهاتوو، به‌مه‌ش عه‌بادی ئه‌و چانسه‌ی له‌ده‌ستدا كه‌ بتوانێت بۆ دووه‌م ویلایه‌ت له‌ پۆسته‌كه‌یدا بمێنێته‌وه‌.

Back to top button