ئازاد تۆفیق: پۆستی سه‌رۆككۆمار پێویستی به‌ هه‌ماهه‌نگی پارتی و یه‌كێتی یه‌كلایی ده‌بێته‌وه‌

ئازاد تۆفیق، ئەندامی مەکتەبی راگەیاندنی یەکێتی، لەبارەی هەوڵەکانی بۆ پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق و چوونی شاندی هاوبەشی کورد بۆ بەغدا، رایگەیاند: “یەکێتی و پارتی ئەمجارەش بە یەکەوە دەچنە بەغدا، هێزەکانی دیکەش کە خاوەنی ۱۱ کورسین، ئەوانیش هەماهەنگییان کردووە کە وا بکەین هەرهەموومان بە یەکدەنگی و یەکڕەنگی بچینە بەغدا”.

ئەندامی مەکتەبی راگەیاندنی یەکێتی ڕاشیگه‌یاند:” هیچ رێگرییەک نییە له‌وه‌ی كورد به‌یه‌ك شاند نه‌چێته‌ به‌غدا، پارتی و یەکێتی پرۆژەیەکیان هەبووە، پرۆژەکەشیان داوە بە هەموو لایەنە سیاسییەکانی گۆڕان، کۆمەڵ، یەکگرتوو و هاوپەیمانی، ئەوان دەتوانن دەوڵەمەندی بکەن، چونکە خەمەکانی ئێمە هەمووی یەک خەمە لەگەڵ دەوڵەتی ناوەنددا، بیریشمان نەچێت ئێمە هەموومان لە بەغدا ئۆپۆزسیۆنین، جا ۱۰ کورسی بین یان ۱۱، یان پارتی و یەکێتی ٤۳ کورسی بین، هەر ۵۸ـەکەمان، تا خەونەکانمان لە مافە دەستووری و نیشتمانی و نەتەوایەتییەکان نەیەتەدی ئۆپۆزیسیۆنین. بۆیە دەبێت کێشەی نێوان خۆمان لە کوردستان بخەینە لایەکەوە، کێشەکانی هەموومان کە بریتییە لە کێشەی بودجە، مووچە، پرسی چەسپاندنی فیدراڵ، چەسپاندنی ماددە دەستوورییەکان، پرسی پێشمەرگە، ئەمانە خەمی هەموو لایەنەکانە”.

له‌باره‌ی یەکلاکردنەوەی پۆستی سەرۆککۆماری عێراق و ڕێكه‌وتنی پارتی و یه‌كێتی،ئازاد تۆفیق، ئەندامی مەکتەبی راگەیاندنی یەکێتی ده‌ڵێت: “پێموایە ئەمە لەنێوان یەکێتی و پارتی بە هەماهەنگی هەردوولایان یەکلایی دەبێتەوە، یەکێتی و پارتی بە تەنها یەک باڵن، ناتوانن فڕین بۆ دونیای ئازادی دروست بکەن، بۆیە دەبێت یەکێتی لەگەڵ پارتی هاوئاهەنگی تەواو بکات، کە ئەو پۆستە پۆستی یەکێتییە، کە سەد لە سەد ساخبووەوە پۆستی یەکێتییە، دەبێت یەکێتیش لە کۆبوونەوەی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی و ئەنجوومەنی ناوەندی خۆی بەربژێری خۆی بۆ پۆستی سەرۆککۆمار دیارییبکات”.

Back to top button