نەتەوەیەکگرتووەکان هۆشداری کارەساتی گەورە له‌ ئیدلیب دەدات

 

دوای ئه‌وه‌ی رژێمی سوریا بڕیاری دا هێڕشبكاته‌ سه‌ر ئیدلیب و له‌ گرووپه‌ چه‌كداره‌كان پاكیان بكاته‌وه‌, مژاری هێڕشی سوریا به‌ پاڵپشتی روسیا, مشتومڕی زۆری به‌ دوای خۆیدا هێناوه‌ له‌سه‌ر ئاستی نێو ده‌وڵه‌تی, نەتەوەیەکگرتووەکان هۆشداری کارەساتێکی مرۆیی گەورە دەدات. تورکیاش هێزی زیاتر رەوانەی سووریا دەکات.

به‌یانی رۆژی دووشه‌ممه‌ هه‌لیكۆپته‌ره‌كانی سووریا هێرشیانكرده‌ سه‌ر ئه‌و ناوچانه‌ی به‌ده‌ست هێزه‌ ئۆپۆزسیۆنەوە ماونه‌ته‌وه‌، هێشتاش زیانه‌كان ئاشكرانه‌كراون.

بۆردوومانەکانی ئەمڕۆ یه‌ك رۆژ دوای ئه‌و هێرشانه‌ دێن كه‌ كرانه‌ سه‌ر به‌شێك له‌ ئیدلب و حه‌ما، له‌ ئه‌نجامدا لانیکەم دوو منداڵ كوژران.

حكومه‌تی سووریا و رووسیا له‌ رۆژی هه‌ینییه‌وه‌ دوای شكستی لووتكه‌ی سه‌ركرده‌كانی ئێران، توركیا و رووسیا له‌ تاران بۆ گه‌یشتن به‌ رێككه‌وتن سه‌باره‌ت به‌ سووریا، ده‌ستیانكردووە به‌ بۆردوومانی كۆتا پێگەی ئۆپۆزسیۆنی نەیاری بەشار ئەسەد لە سووریا.

تورکیا هێزی زیاتر رەوانەدەکات

هاوکات لەگەڵ رەوشی ئاڵۆزی ئیدلب، ژمارەیەک تانک، تۆپھاوێژ و زرێپۆشی سوپای تورکیا وەکو ھێزی پشتیوانی بۆ سەر سنووری سووریا، گەیێندرانە شاری ھاتای.

کاروانە سەربازییەکەی سوپای تورکیا ژمارەیەک تانک و زرێپۆش و پێداویستیی لۆجستییان ھەڵگرتبوون کە لە یەکە جیاجیاکانی سوپاوە نێردراون، بە شارۆچکەی ھاسسادا تێپەڕین و لەژێر چاودێریی ئەمنیدا گەیشتنە شارۆچکەی رەیحانڵی. لەوێشەوە تانک و تۆپھاوێژ و زرێپۆشەکان رەوانەی لای ھێزەکانی سوپای تورکیا لە سەر سنووری سووریا کران.

ماوەی دوو هەفتەیە سوپای تورکیا ناوبەناو هێزی پشتیوانی بۆ سەر سنوورەکانی سووریا دەنێرێت.

هۆشدارییەک لە نەتەوەیەکگرتووەکانەوە

بریکاری سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری مرۆیی رایگەیاند، بەهۆی ئەو مەترسییانەی لەسەر ئیدلب هەن، تەواو نیگەرانن، بۆیە دەبێت بەشێوەیەک مامەڵە لەگەڵ ئەو دۆخە بکرێت کە رێگری لە روودانی کارەساتی مرۆیی لە ئیدلب بگرێت.

مارک لۆوکۆک لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە جنێڤ راشیگەیاند “پێویستە بەشێوەیەک مامەڵە لەگەڵ دۆخی ئیدلب بکەن کە رێگەنەدرێت لە چەند مانگی داهاتوودا خراپترین کارەساتی مرۆیی لەگەڵ گەورەترین قوربانی مرۆیی لە سەدەی 21 رووبدات”.

بەپێی ئاماری نەتەوەیەکگرتووەکان هێرشە سەربازییەکانی سەر ئیدلب مەترسی لەسەر نزیکەی چوار ملیۆن دانیشتووی ئەو پارێزگایە درووستکردووە، کە لەنێویاندا سێ ملیۆن کەسیان ئاوارەی ناوچەکانی دیکەی سووریان و روویان لە ئیدلب کردووە.

ئێران و رووسیا له‌ قەیرانی سووریادا پشتگیری حکومەتەکەی به‌شار ئه‌سه‌د دەکەن و هێزی سەربازیشیان لەو وڵاتە هەیە.

توركیاش هاوكاری هێزه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كانی سووریای دژ بە یەپەگە كردووه به‌ وردیش چاودێری فراوانبوونی سنووری ده‌سه‌ڵاتی یەپەگە‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا دەکات.

بەپێی ئامارەکان، هەرچەندە هێشتا شەڕ بە سەختی دەستیپێنەکردووە، بەڵام نزیکەی 30 هەزار کەس لە ئیدلب و دەوروبەری ئاوارەبوون.

Back to top button