سەرۆکوەزیرانی کوردستان و جێگری سەرۆکی ئەمریکا پەیوەندییەکی تەلەفۆنیان ئەنجامدا
سەرۆکوەزیران نێچیرڤان بارزانی و مایک پێنس، جێگری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پەیوەندییەکی تەلەفۆنیان ئەنجامدا و تاوتوێی چەند پرسێکیان کرد.
بەپێی راگەیێندراوی کۆشکی سپی، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا نێچیرڤان بارزانی و مایک پێنس جەختیان لەسەر هاوبەشی ستراتیژی نێوان کورد و ئەمریکا کردووەتەوە..
دەقی راگەیێندراوەکەی کۆشکی سپی:
ئەمڕۆ مایک پێنس، جێگری سەرۆک قسەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق کرد. مایک پێنس، جێگری سەرۆک ئیدانەی هێرشە مووشەکییەکەی ئەم دواییەی ئێرانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان وەک هەوڵێک بۆ هەڕەشەکردن و نانەوەی ناسەقامگیری لە نزیکترین هاوسێی کرد.
هەردوو سەرکردە گفتوگۆیان لەبارەی هەڵوێستی کورد بۆ پێکهێنانی حکومەتی (عێراق) کرد و هاوکات هاوبەشی ستراتیژی نێوان کورد و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایان دووپاتکردەوە.
لە ئێوارەی 11ی ئەیلوولدا، سەرۆکوەزیران بارزانی پێزانینی خۆی بۆ پشتیوانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای لە شەڕی دژ بە داعش نیشاندا و ئاماژەشیان بەوەکرد کە هاوئاهەنگی لەنێوان هەردوو وڵاتدا پێوستە بۆ سوودبینین لە سەرکەوتنی هاوبەش لە شەڕی دژ بە تیرۆر لە عێراق.
مایک پێنس، جێگری سەرۆک پیرۆزبایی لە سەرۆکوەزیران کرد سەبارەت بە کۆمەڵێک دەستپێشخەری بۆ بەرەوپێشبردنی ئازادی ئایین لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەروەها سەرکردەکان هاوڕابوون لەسەر ئەوەی لە نزیکەوە کاربکەن بۆ هاوکاریکردنی کۆمەڵگە ئاینییە چەوساوەکان تاوەکو بگەڕێنەوە سەر زێدی رەسەنیان.