پارتی به‌رنامه‌ی لیسته‌كه‌ی بۆ هه‌ڵبژاردنی 30ی ئه‌یلول ئاشكرا كرد.

پارتی دیموکراتی کوردستان بەرنامەیەکی نوێی بۆ فراکسیۆنی نوێی حزبەکەی لە خولی پێنجەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ئامادە کردووە و له‌ سه‌روبه‌ندی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن به‌رنامه‌كه‌ی بلاوكرده‌وه‌.”

پارتی دیموكراتی كوردستان بە 100 کاندید لە لیستی ژمارە 183 بەشداریی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکات، کە بڕیارە رۆژی 30ـی ئەیلولی 2018 بەڕێوە بچێت و ئه‌مڕۆش وه‌كو یه‌كه‌م رۆژی ده‌ستپێكی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن به‌رنامه‌ی لیسته‌كه‌ی بڵاوكرده‌وه‌.”

بەرنامەکەی لیستی پارتی، کە کاندیدەکانی لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ هاووڵاتییانی کوردستان دەیخەنە روو، چەندین بواری گرنگی پەیوەندیدار بە کوردستان لە خۆ دەگرێت، کە بریتین لە:-

 

– بواری سیاسی

– ئیدارە و ئابووری و ریفۆڕمی گشتی

– کشتوکاڵ و پیشەسازی و بازرگانی و گەشت وگوزار

– خزمەتگوزارییەکانی ژێرخان

– پێِشمەرگە و شەھیدان و ئەنفالکراوان

 

– کار و کێشەی بیکاری

– تەندروستیی گشتی و پاراستنی خێزان

–  پەروەردە و خوێندن و خوێندنی باڵا

– کلتوور و وەرزش و لاوان

–  لێبوردەیی نێو کۆمەڵگە

 

دەقی بەرنامەی لیستی 183ـی پارتی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان:

 

یەکەم :  بواری سیاسی

 

بەھێزکردنی دەنگ و سەنگ و قورسایی کورد لە بەغدا و لە ھاوکێشە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەکاندا و خەباتی بەردەوام بۆ تێگەیاندنی ھەموو لایەک لە مافی ڕەوای چارەنووسی گەلی کوردستان.

بەدیھێنانی کۆدەنگییەکی کوردستانی، کە لە پێناو ماف و بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلەکەماندا، ناکۆکییە نێوخۆییەکان تێپەڕێنێ  و لەسەر نەگۆڕە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان کۆک و یەکڕیز بێت تا ببێتە زامنی پاراستنی مافە دەستورییەکان و  شایستە داراییەکانی ھەرێم و بەشی ڕەوای خەڵکی کوردستان لە سەروەت و سامانی ھەموو عێراق.

پێداگیریی لە سەر پابەندبوون بە  بنەماکانی شەراکەت و تەوافوق و ھاوسەنگیی لە ئیدارەی عێراقدا وەک پرنسیپ بۆ بەشداریی لە حکومەتی نوێی فیدراڵی.

جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ دەستوور و پێداگریی لەسەر گەڕاندنەوەی ھەموو ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم و دیاریکردنی سنوری کوردستان و کۆتاییھێنان بە دواخستن و خۆدزینەوە لە جێبەجێکردنی.

دامەزراندنی حکومەتێکی بەھێز، کە بتوانێ دەسەڵات و سەروەریی یاسا و شەرعیەت لەسەرتاسەری کوردستاندا پیادە بکات و یەکپارچەیی خاک و گەلی ھەرێمی کوردستان بپارێزێ و کۆتایی بە زۆن و زۆنکاری و دەستوەردانی ئەحزاب و یاساشکێنی و سیاسەتی دووفاقی و فەوزای سیاسی و ناوچەگەری بھێنێ.

نووسینەوەی دەستوورێکی کوردستانیی ھاوچەرخ، کە ببێتە مەرجەعی چارەی گرفتەکان و گرێبەستێکی کۆمەڵایەتیی سیاسی، کە مافی ھەموو پێکھاتەکانی کوردستان دەسنیشان و دابین بکات.

پەیوەندییە سیاسی و دیبلۆماتی و ئابوورییەکانی ھەرێم لەگەڵ دەرودراوسێ و ووڵاتانی جیھان پەرەی زیاتری پێبدرێ و لە ئاستی جاران پتەوتر و فروانتر بکرێ لەسەر بنەمای ڕێزگرتنی سەروەریی یەکدی و ڕەچاوکردنی بەرژەوەندیی ھاوبەش لەرێی نوێنەرایەتییە رەسمییەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان.

ڕێکخستنی نوێنەرایەتی و پەیوەندییەکان و گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی فیدرالی لەچوارچێوەی دەستووردا لە پێناو تایبەتمەندکردنی دامودەزگا رەسمییەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان.

ئازادی ھەڵسوڕانی سیاسیی لە ھەموو جێیەکی کوردستان بۆ ھەموو ئاڕاستە سیاسییەکان بەپێی یاسا دابین بکرێ و ھەر جۆرە ئیرھابێکی فکری و پاوانکارییەکی سیاسی قەدەغە بکرێ. ھاوکاتیش ھەر نەھجێکی تیرۆریست و توندڕەو، یان کۆنەپارێز و دواکەوتوو، کە لەسەر بنەمای رەگەز و ئایین و ئایینزا جیاکاری لە نێوان ھاوڵاتیاندا پەیدا بکات، یا دژ بە ئازادیی کوردستان بێت، بە یاسا قەدەغە بکرێن.

کارکردن بۆ چارەسەرکردنی گرفتی ئاوارەکان بەگشتی و باشترکردنی باروگوزەرانیان. ھاوکات ھەوڵدان و ھاوکاری لەگەڵ حکومەتی فیدرالی بۆ دابینکردنی سەقامگیریی لە ناوچەکانیان بە مەبەستی گەڕانەوەیەکی شەرافەتمەندانە و سەربەرزانە و ژیانێکی ئاسوودە.

 

دووەم: ئیدارە و ئابووری و ریفۆڕمی گشتی

 

لیستی پارتی شێلگیرانە کاردەکات بۆ:

پێداچونەوەیەکی میتۆدیانەی گشتی بە ئابووری کوردستاندا لەسەر بنەمای زیادکردنی جۆرەکانی سەرچاوەی داھات و پشت نەبەستن بە کەرتی نەوت بەتەنیا. بوژاندنەوەی کەرتەکانی کشتوکاڵ و پیشەگەڕی و گەشتیاری تا ببنە ھاریکاری کەرتی نەوت. ھاندانی سەرمایەگوزاری و وەبەرھێنان لەو بوارانەدا و دەرچواندنی ھەر یاسا و رێسایەک کە بۆ ئاسانکاریی لەو بوارانەدا پێویست بن.

جیا لەو رێکارانەی تا ئێستا بۆ شەفافیەت و زوڵاڵی لە بواری داھاتەکانی نەوتدا لە لایەن حکومەتی ھەرێم پەیڕەو کراوە، رێکاری دیکەی پێویست بۆ ھەرچی زیاتر شەففافیەت لە تێکڕای بوارەکانی داھات و خەرجیدا بگیرێتەبەر.

بودجەی کوردستان، دوای چوار ساڵ بێبودجەیی، جارێکی دیکە و بە پێی ئەولەویاتی سێکتەرە ھەرە پێویستەکان و بۆ خزمەتی پرۆسەی گەشەپێدان و لە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان و کەمکردنەوەی خەرجییەکان گەڵاڵە بکرێ، کە وەڵامدەرەوەی خواست و پێویستی و ئەولەویەتی خەڵک بێ و ھەموو سێکتەرەکان بگرێتەوە و ھەموو ناوچە جیاجیاکان لێی سودمەند بن.

ھاندانی سەرمایەگوزاریی نێوخۆ ھاوشانی سەرمایەگوزاری دەرەکی و قۆستنەوەی ھەموو بوار و دەرفەتەکان بۆ بوژاندنەوەی بازاڕ و  ڕەخساندنی دەرفەت و ھەلی کاری یەکسان بۆ گەنجان و دەرچوانی زانکۆ و ھیچ ھەڵاوێرد و جیاوازییەک لەو بوارەدا چیتر رێگەپێدراو نەبێت.

جێبەجێکردنی ڕیفۆرمێکی کارگێڕیی و ئابووریی سەرتاسەریی گشتگیری فراوان، کە ھەموو جومگەکانی حوکمڕانی و کایەکانی کۆمەڵگە بگرێتەوە. ڕیفۆرمێک، کە لە خزمەتی خۆشگوزەرانیی خەڵک و بەدیھێنانی دادگەریی کۆمەڵایەتی و کۆتاییھێنان بە دیاردە دزێوەکانی گەندەڵی و بەھەدەرچوونی داھاتی گشتی و نارێکی کارگێڕیی و ئابووریدا بێت.

نوێکردنەوە و پێشخستنی میکانیزم و نەھجی کاری تەواوی دام و دەزگاکانی حکومەت بە جۆرێک، کە لەگەڵ پێشکەوتنەکانی سەردەم بگونجێن و بە توانا و کارامەیی و پسپۆڕییەتی و پێوەرەکانی شایستەیی بەڕێوەبچن. دەرفەتی یەکسان بە خوێنی نوێ و کوڕ و کچە گەنجەکانی وڵات بدرێ بۆ بەرێوەبردنیان بە بێ گوێدانە ناسنامەی حزبییان.

پێوەرەکانی وەزیفەی گشتی رێکبخرێنەوە و ئەنجومەنی ڕاژە دابمەزرێ و پێوەرەکانی شایستەیی و پسپۆڕیی و خزمەت بکرێنە بنەمای وەرگرتنی پۆست و پلە.

سیستمی مووچە و خانەنشینی و ھەموو جۆرە ئیمتیازاتێکی ماددی لەسەر بنەمایەکی شەفاف دابڕێژرێنەوە، کە عەدالەتی کۆمەڵایەتی بەدیبێنێ.

بە یاسا و رێسای تووند ڕێ لە ھەموو جۆرە قۆرخکاریی و سوودی نابەجێ و کوالێتی خراپ لە بازاڕ و چالاکییە ئابورییەکاندا بگیرێ. دەرفەتی چالاکی ئابووری بۆ ھەمووان بە یەکسانی فەراھەم بکرێت و ھەرچی کەم و کورتییەکی یاسایی لە ڕێکخستنی ئەم بوارانەدا ھەیە چارەسەر بکرێن.

پێشخستنی سیستمی کەرتی بانک (حکومی و ئەھلی) و بەستنەوەی بە بانکە جیھانییەکان و  پێداچوونەوەی یاسا و رێساکانی وەبەرھێنان و  زەمینەسازیی بۆ کۆمپانیا پشکدارەکان،کە دەرفەت بە سەرمایەی بچووک و سوودمەندبوونی ھاوڵاتیان دەدات.

بە دەسەڵاتکردنی ھەرچی زیاتری دەزگاکانی چاودێری دارایی و دەستەی دەستپاکی و دادگاکان و دامەزراوەکانی شەفافیەت و بەدواداچوون و لەگەڵیدا کۆی پرۆسەی کارگێڕیی و دارایی و ئابووریی کوردستان بخرێنە ژێر چاودێریی یاسایی ووردەوە.

 

سێھەم: کشتوکاڵ و پیشەسازی و بازرگانی و گەشت وگوزار

 

بایەخدانی زیاتر بەم کەرتانە، کوردستان رزگار دەکات لە پشتبەستنی سەرەکی بە داھاتی نەوت، بۆیەش لیستی پارتی ھەوڵ دەدات ئەو کار و ھەنگاوانەی پێش قەیرانی دارایی و بڕینی بودجە لە لایەن حکومەتی ھەرێمی کوردستانەوە بۆ بوژاندنەوەی ئەو کەرتە ئابورییانە کراون، بە گوڕ و تینێکی زیاترەوە درێژەیان پێبدرێ و بکرێنە ئەولەویەت، لەوانەیش:

پشتگیریی زیاتری جوتیاران و پیشەوەران و دابینکردنی پێویستییەکانی پەرەپێدانی پڕۆژە و کارگە و کێڵگە و باخ و سامانی ئاژەڵیی، تا کوالێتی و ئاست و چەندایەتی بەرھەمەکانیان بەرز بێتەوە و پێداویستییەکانی نێوخۆ تێر بکات.

ھەموار و کاراکردنی ھەموو ئەو یاسا و رێسایانەی، کە بەرھەمی خۆماڵی لە کێبەرکێی دەرەکی و زیانپێکەوتن دەپارێزن.

پاراستن و گلدانەوە و رێگرتن لە بەفیڕۆچوونی ئاو و سەرچاوەکانی ئاودێری. درێژەدان بە زیادکردنی ژمارەی بەنداوەکان و ئیدارەدانێکی خەمخۆرانەتری سەرچاوەکانی ئاوی ژێر زەوی.

گرنگیدانی زیاتر بە گەیاندنی ھەموو خزمەتگوزاریی و پێویستییە ھاوچەرخەکانی ژیان بە گوندەکان وەک ھاندانی ژیانی گوندەواری و بوژاندنەوەی کشتوکاڵ. ھەروەھا دەسگیرۆیی و پێدانی قەرز و ئاسانکاری بۆ پڕۆژە کشتوکاڵییەکان.

درێژەدان بە ھاندانی دروستکردنی کارگە پیشەسازییەکان، بە تایبەت لەو سێکتەرانەدا، کە لە کوردستان کەرەستەی خاویان لەبەردەستن و دەتوانن بە نرخی ھەرزانتر و کوالێتی باشتر لەبەرھەمی دەرەکی، پێویستییەکانی بازاڕی کوردستان تێربکەن.

گرنگیدانی زیاتر بە کەرتی بازرگانی بەرەچاوکردنی پاراستنی بەرھەمی خۆماڵی لە کێبەرکێی بەرھەمی دەرەکی. ھاوشانی گرنگیدانی زیاتر بە فەرمانگەکانی چاودێری بازرگانی و کۆنترۆڵی جۆریی بۆ پاراستنی بەکاربەری کوردستان لە بەرھەمی خراپ و کوالێتی نزم.

بایەخدانی زیاتر بە کەرتی گەشتیاریی، کە دەکرێ یەک لە سەرچاوەکانی داھاتی کوردستان بێت. ھاندانی سەرمایەگوزاریی لەم کەرتەدا و سوودبینین لە ئەزموونی وڵاتانی گەشتیاریی و پێشکەشکردنی ھەر ئاسانکارییەک، کە بۆ گەشەپێدانی ئەم بوارە پێویست بێت.

 

چوارەم: خزمەتگوزارییەکانی ژێرخان

 

حکومەتی ھەرێمی کوردستان بەر لە بڕینی بودجە و قەیرانی دارایی، زۆربەی کەم و کورتییەکانی خزمەتگوزاریە بنەڕەتییەکانی وەک کارەبا و ئاو و رێگاوبان و گواستنەوە و سووتەمەنی و شارەوانی و خزمەتگوزارییە گشتییەکانی چارەسەر کرد. بەرھەمی کارەبا بووە چەند بەرامبەری جاران گەرچی لەگەڵ زیادبوونی بەکارھێناندا ھەر لە کێبەرکێدا بوو. پڕۆژەکانی ئاو ھەموو ناوچەکانی کوردستانی گرتەوە. تۆڕێکی فراوانی شەقام و رێگاوبان و پرد لە سەرتاسەری کوردستان راکێشران. سووتەمەنی و جۆرەکانی بە نرخی گونجاو و بە کوالێتییەکی لەبار دابین کران. جێدەستی شارەوانییەکان بە جوانکاریی و خاوێنڕاگرتنی شارەکانەوە بینران. بەڵام دیسان قەیرانی دارایی ئاستەنگی خستە بەردەم ئەو پرۆسەیە و بۆ چەند ساڵێک لە گەشەی وەستاند و نەیھێشت ئەو پڕۆژە تەواوکاریانە بەرھەم بێن، کە لە ھەریەک لەو سێکتەرانەدا بڕیاریان لێدرابوو. سەرباری ئەوەیش خزمەتگوزارییەکان بەردەوام بوون ئەگەر بە کەم وکورتیشەوە بووبێت.

لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان بەڵێن دەدات کاربکات بۆ دەستپێکردنەوەی پەرەپێدان لەھەر یەک لەو سێکتەرانەدا، کە قەیرانی دارایی لە گەشەی وەستاندبوون.

ھاوکات کاردەکەین بۆ ئەوەی خزمەتگوزارییە گشتییەکانی وەک کارەبا و ئاو بە سیستمێک رێکبخرێنەوە، کە زێدەخەرجیی و بەھەدەردانیان تێدا نەمێنێ و بەشی پێویستییە ڕاستەقینەکانی خەڵک بکەن و ھەمووانیش وەک یەک لێی سوودمەند بن.

کاردەکەین بۆ ئەوەی بایەخی زیاتر بە پڕۆژەکانی ژێرخان بدرێ و ھەموو ناوچەکانی کوردستان لێی سوودمەند بن و ھیچ ناوچەیەک ھەست بە پەراوێزخستن و فەرامۆشکردن نەکات.

 

پێنجەم: پێِشمەرگە و شەھیدان و ئەنفالکراوان

 

لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان خزمەتی پێشمەرگەی پارێزەری کوردستان و بنەماڵەی شەھیدانی سەربەرز و  و ئەنفالکراوان بە شەرەفێکی مەزن و شانازییەکی بێوینە دەزانێ و بۆیەش

کاردەکەین بۆ تەواوکردنی پرۆسەی یەکگرتنی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان لە لەشکرێکی نیشتمانی بەھێز و پڕمەشق و پڕچەکدا بەلادانی ئاستەنگە دروستکراوەکانی بەردەمی.

وەرگرتنەوەی ماف و بەرکەوت و شایستە زەوتکراوەکانی پێشمەرگە لە حکومەتی فیدراڵی و بەرزکردنەوەی ئاستی ژیان و گوزەرانی خۆیان و خانەوادەکانیان بە جۆرێک، کە لەگەڵ پیرۆزیی ئەرکەکەیان بگونجێ.

دابینکردنی خزمەتی زیاتر بە کەسوکاری شەھیدان و ئەنفال و تەواوکردنی پڕۆژەکانی نیشتەجێبوونیان بەبێ جیاوازی و بەرزترکردنەوەی ئاستی ژیان و گوزەرانیان و بایەخی تایبەت بە مناڵەکانیان لە بواری دابینکردنی خوێندن و تەندروستی و ھەلی کارەوە.

ھەوڵدان بۆ پاراستن و پێشخستنی ئەو سەقامگیریی و ئاسایشە دابینکراوەی ساڵانێکە بە ھیمەتی ڕۆڵە چاوکراوەکانی دامودەزگا ئەمنیەکانی کوردستان دەستەبەرکراوە.

 

شەشەم: کار و کێشەی بیکاری

 

یەک لە دەرھاویشتەکانی قەیرانی دارایی زیادبوونی کێشەی بێکاری و کەمبوونەوەی ھەلی کار بوو. لیستی پارتی چالاکانە ڕووبەڕووی ئەم گرفتە دەبێتەوە لە رێی:

گرتنەبەری ھەموو ئەو ڕێککارانەی، کە بازاڕی کار دەبوژێننەوە و دەرفەتی کار دەرەخسێنن.

بە پێی پێویست دەرکردنی ھەر یاسا و رێسایەک، کە ھێنانی کرێکاری بیانی مەرجدار دەکەن،  تا زۆرترین دەرفەت بۆ گەنجانی بێکاری کوردستان برەخسێ.

گرنگیدان بە خوێندنی پیشەیی و ئەو بوارانەی کە پسپۆڕیی پێویست بۆ بازاڕی کار لە کوردستاندا ئامادە دەکەن.

گرتنەبەری سیاسەتی پاڵپشتیی پڕۆژە بچووکەکانی لاوان و دەسگیرۆیی کردنیان.

کەمکردنەی دیاردەی بێکاریی دەمامکدار لە دام و دەزگاکانی حکومەتدا کە رێگەی لە دامەزراندنی لاوانی خاوەن بڕوانامە و پسپۆڕیی گرتووە.

 

حەوتەم: تەندروستیی گشتی و پاراستنی خێزان

 

بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییەکانی کەرتی تەندروستی یەکێک بووە لە بابەتە جێبایەخەکانی حکومەتی ھەرێم، چونکە راستەوخۆ پەیوەندە بە ژیان و مانی ھاوڵاتیانەوە، پێشتر لەو بوارەدا کاری بەرچاو کراون و لانی کەمی خزمەتگوزاریی تەندروستی و فریاکەوتن لە شار و شارۆچکە و گوندەکاندا دابین کراون، بەڵام ھێشتا ئەو بوارە لە ئاستێکی سەردەمیانەدا نییە، بۆیە لیستی پارتی بەڵێن دەدات:

چاو بە سەرتاپای سیستمی تەندروستیدا بگێڕدرێتەوە و کەم و کورتییەکانی پڕ بکرێنەوە تا گەیشتن بە دابینکردنی گەرەنتی تەندروستی بۆ تاک بە تاکی خەڵکی کوردستان ھاوشێوەی ئەو سیستمەی لە وڵاتانی پێشکەوتوودا پەیڕەو دەکرێ.

بازرگانیی دەرمان و کەرەستەی پزیشکی بخرێتە  ژێر کۆنترۆڵ و چاودێریی تا بە تەواوی رێگە لە ھاوردەکردنی دەرمانی بێ کوالێتی و بازرگانی بە ژیان و تەندروستی ھاوڵاتیانەوە بگیرێ.

لە بواری پاراستنی خێزان و ئافرەتان و منداڵاندا، لیستی پارتی بەڵێن دەدات، کە بەردەوام بێت لە رێگریی یاسایی لە دیاردەکانی دەستدرێژیی و تووندوتیژی بەرامبەریان.

دژایەتی ھەر جیاکارییەک بە ھەر بڕوبیانوویەک بێت لە نێوان نێر و مێدا کە ببێتە مایەی بێبەشبوونی ئافرەتان لە دەرفەتەکانی کار و چالاکییە گشتییەکان  کە بۆ پیاو دەرەخسێن.

بایەخدان بە سەلامەتی منداڵ و پەروەردە و پاراستنیان لە سەختییەکانی ژیان و کێشە خێزانییەکان و کارپێکردنی سەخت و زۆرەملێ.

 

ھەشتەم: پەروەردە و خوێندن و خوێندنی باڵا

 

لە ساڵانی رابردوودا کەرتی پەروەردە و خوێندن زیاد لە ھەموو کەرتەکانی دیکە کەوتە بەر کاریگەریی قەیران و تێکەڵ بە ململانێی سیاسیی کرا و بەو ھۆیەوە پرۆسەی خوێندن لە بەشێکی کوردستان زیانی گەورەی بەرکەوت ، بەڵام بە ھیممەتی پەروەردەکاران و مامۆستایانی دڵسۆز  ڕێگە نەدرا پەکی بکەوێت.ئەم رەوشە بەشێک لە زانکۆکانیشی گرتەوە و ئەوانیش کەوتنە بەر مەترسی بایکۆت و وەستانی پرۆسەی خوێندن.

لیستی پارتی وێڕای پێزانینی بەردەوامی بۆ رۆڵی مامۆستایان و ھەڵوێستیان لە رۆژە سەختەکاندا، کار دەکات بۆ :

پاراستنی حەرەم و سەربەخۆیی زانکۆ و قوتابخانە و ناوەندەکانی خوێندن و دورخستنەوەیان لە ململانێ و دەستوەردانی ئەحزاب.

پەرەپێدانی تەکنەلۆژیای زانیاری و نوێکردنەوەی بەردەوامی میتۆدەکانی خوێندن تا لەگەڵ رەوتی پێشکەوتنە زانستییەکانی سەردەم بگونجێن.

پێداچونەوەی سیستمی قبوڵی مەرکەزیی قوتابیان بە جۆرێک لەگەڵ خواست و ویستی قوتابیاندا بگونجێ.

کۆتاییھێنان بە کێشەی کەمی قوتابخانە و قەرەباڵغی پۆلەکانی خوێندن و ھەموو ئەو کەم و کورتییانەی دەبنە ھۆی پێشنەکەوتنی ئاستی خوێندن و فێربوون.

دابینکردنی ژیان و گوزەرانێکی شایستە بە پیشەی ھەستیاریی مامۆستایەتی بۆ تەواوی مامۆستایانی کوردستان.

گرنگیدان بە کلتوری باوەڕ و ئایینە جیاوازەکان و رێزگرتنی پیاوانی ئایینی و دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆیان.

 

نۆیەم : کلتوور و وەرزش و لاوان

 

لیستی پارتی وەک ھەمیشە کاردەکات بۆ پەرەپێدانی کلتوور و زمان و ھونەر و داھێنانی رەسەن، کە بەشێکن لە توخمە پێکھێنەرەکانی ناسنامەی نەتەوەییمان، ھاوکات کار دەکات بۆ زەمینەسازیی بۆ تەواوی نەتەوە و کلتوورە جیاوازەکانی کوردستان تا گوزارشت لە خۆیان بکەن و پەرە بە زمان و ھونەر و ڕەسەنایەتی و فەرھەنگی خۆیان بدەن.

ھەوڵ دەدات داھێنەرانی بوارە کلتوورییەکان لە ھونەرمەندان و نووسەران..ھتد، وەک جاران دەسگیرۆیی بکرێن و ماف و داھێنانیان پارێزراو بێت و بتوانن بە بەرھەمەکانیان ژیانیان دابین ببێت.

کارکردن لە پێناو ڕەخساندنی کەشێکی نیشتمانیانە بۆ گفتوگۆکردن سەبارەت بە گرفتەکانی میدیا و چارەسەرکردنیان، کە شێک، کە تیایدا بەرژەوەندییە باڵاکانی کوردستان و ئاسایشی نەتەوەیی و ئاشتی کۆمەڵایەتی تیایدا سەروەر و پارێزراو بێت.

وەرزش لە سایەی بایەخدانی حکومەتدا کاروانێکی باشی بڕی و گەیشتە ئاستێکی بەرز، قەیرانی دارایی لەسەر ئەم بوارەیش ڕەنگی نەرێنی دایەوە، لیستی پارتی بە بایەخەوە لە وەرزش و وەرزشکاران دەڕوانێ و کار دەکات بۆ دابینکردنی پشتیوانی زیاتر بۆ ئەو کەرتە گرنگە.

شیاندن و بەرزکردنەوەی ئاستی زانین و کارامەیی لاوان و ھاندانی کلتووری بڕواکردن بە تواناکانیان لە بەڕێوەبردنی جومگەکانی حوکمڕانی و کارگێڕیی و چالاکییە گشتییەکاندا.

 

دەیەم : لێبوردەیی نێو کۆمەڵگە

 

کوردستان ولاتێکی فرەڕەنگە لە ڕووی ئایین و ئایینزا و  نەتەوە و پێکھاتەوە، فەرھەنگی لێبوردەیی ئایینی و نەتەوەیی و پێکەوەژیانی ئاشتییانە لە سیما گەش و دێرینەکانی کۆمەڵگەی کوردستانە، لیستی پارتی پاراستنی ئەو کلتوورە دێرین و سەنگینە بە ئەرکی خۆی دەزانێ و کاری ھەمیشەیی بۆ قوڵکردنەوەی دەکات لە  رێی:

ھاندانی بەردەوامی دیالۆگی نێوان ئایین و ئایینزاکان و قوڵکردنەوەی گیانی لێبوردەیی ئایینی و لێکگەیشتن و یەکترقبوڵکردن و لێکنزیکبونەوە. ھەروەھا بایەخدان بە تێکەڵیی فەرھەنگیی نێوان نەتەوەکان و پێکھاتەکان و قووڵکردنەوەی گیانی خۆشویستن و ھاوچارەنووسی.

کارکردن بۆ رێگریی لە توندرۆیی و دەمارگیریی ئایینی و عرقی و عەشیرەتی و ھەر توندرۆیەکی دیکەی زیانبەخش بە ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی ، جا لە ھەر سەرچاوەیەکەوە بێت.

کارکردن بۆ رێگریی لە بەکارھێنان وقۆستنەوەی ئایین بۆ مەبەستی سیاسی و تێکەڵکردنی بە ململانێ و کێبەرکێی حزبایەتی.

داکۆکیکردن لە مافە سیاسی و کارگێڕیی و کلتوورییەکانی تورکمان و کلدان سریان ئاشوور و ئەرمەن و، ھەروەھا مافی کوردانی ئێزدی و فەیلی و، کارکردن بۆ دەستەبەرکردنیان.

Back to top button