سلێمانی یه‌كێتی و گۆڕان مۆڵه‌تی دروستكردنیان به‌چه‌ند به‌نزینخانه‌یه‌ك داوه‌

یەکێتی و گۆڕان پێكه‌وه‌ به‌ هه‌مائاهه‌نگی لە سلێمانی، مۆڵه‌تی دروستكردنیان به‌ چەند بەنزینخانەیەک لەناو شاری سلێمانی دراوە، جگه‌ له‌وه‌ی مۆڵه‌تدانی به‌نزینخانه‌كان نایاسایین شوێنه‌كانیشیان گونجاو نین بۆ وێستگه‌ی سوته‌مه‌نی و یەکێک لەو وێستگانه‌ کەوتووەتە نزیک گەڕەکی سەرچنار لە شاری سلێمانی و کاریگەریی خراپی لەسەر ئاوی ژێرزەویی ئەو شوێنە داناوە .

لای خۆیه‌وه‌ غالب محەمەد، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی و سەرۆکی لیژنەی نەوت و وزە لە فراکسیۆنی گۆڕان ڕایگه‌یاند:” ئەو بەنزینخانەیەی نزیک بە سەرچنار، لیژنەی لەسەر دروست کراوە”.

ئه‌ندامه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی ده‌ڵێت: “کاتی خۆی نەک ھەر لەسەر ئەو بەنزینخانەیە، بەڵکوو لەسەر پێنج بەنزینخانەی دیکە کە مۆڵەتیان پێ درابوو، ئێمەش گومانمان لە مۆڵەتەکان دەکرد بە شێوەی نایاسایی تێپەڕ بووبن، داوای پێکھێنانی لیژنەمان کرد لەسەر ئەو مۆڵەتانە کە ھەموو لایەنە پەیوەندارەکان پێیان دابوون، کێشەی ئەو بەنزینخانەیەی نزیک سەرچنار ئەوە بوو کە گوایە ئاوی ژێرزەوی پیس دەکات، بەڵام کاتێک بەدواداچوونمان بۆ کرد، بینیمان ھەموو لایەنەکان مۆڵەتیان پێی داوە، کە ١٦ لایەن بوون” .

سەرۆکی لیژنەی نەوت و وزە لە فراکسیۆنی گۆڕان ده‌شڵێت :” ئەوە راست نییە کە بەڕێوەبەری نووسینگەی پارێزگای سلێمانی ھەوڵی بۆ مۆڵەتی ئەو بەنزینخانەیە دابێت، چونکە ١١ لایەن لەو ١٦ لایەنە یەکێتین و بەو کەسە ھیچ ناکرێت”،

د.غالب محەمەد، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی گوتیشی: ”ھەر ئەوکات بەپێچەوانەوە داوای لیژنەمان کرد و گوتمان ئەگەر دەرچوو کە ئاوی ژێرزەوی پیس دەکات، ئەوە دەبێ مۆڵەتەکە ھەڵوەشێتەوە، بڕیارمان وابوو کە لایەنە پەیوەندیدارەکان دوای بڕیاری ئەو لیژنەیە بدەین بە دادگا، بەڵام ئێستا بەھۆی نەمانم لەو لیژنەیە و کاری دیکەمەوە، ئاگەداری بڕیاری لیژنەکە نیم”.

Back to top button