سه‌رۆك بارزانی : هیمه‌ت بكه‌ن ئاڵاى پارتی و ئاڵاى به‌رخودان و ئاڵاى شه‌ره‌ف و كه‌رامه‌ت به‌رز رابگرن

پارتی دیموكراتی كوردستان به‌ قه‌واره‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ به‌شداریی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌كات كه‌ بڕیاره‌ رۆژی ۳۰/۹/۲۰۱۸ به‌ڕێوه‌بچێت، جگه‌ له‌ پارتی ۲۷ قه‌واره‌ و لیستی دیكه‌ به‌شداریی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ ده‌كه‌ن و بۆ به‌ده‌ستهێنانی ۱۰۰ كورسی و ۱۱ كورسی كۆتای پێكهاته‌ ئایینی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی دیكه‌ كێبڕكێ ده‌كه‌ن.

سه‌رۆك بارزانی له‌ میانی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن بۆ لیستی ۱۸۳ـی پارتی دیموكراتی كوردستان ،ڕایگه‌یاند:”ئه‌مڕۆ ۱۱ى ئه‌يلووله‌، ساڵيادى شۆڕشێكى مه‌زن و سه‌رتاسه‌رى گه‌له‌كه‌مان، به‌ رابه‌رايه‌تى جه‌نابى بارزانى نه‌مر. له‌ پێناوى ئازادى و سه‌رفرازى گه‌له‌كه‌مان. ئه‌و خه‌بات و ده‌ستكه‌وت و ئازادييه‌ى ئێستا هه‌يه‌، درێژه‌ پێده‌رى ئامانج و به‌ها و ده‌ستكه‌وته‌كانى شۆڕشى ئه‌يلووله‌. كه‌ شۆڕشێكى سياسى، كۆمه‌ڵايه‌تى، چه‌كدارى و فكرى بوو. شۆڕشێك بوو، كه‌ مێژووييه‌كى تازه‌ى درووستكرد. ئومێدى خسته‌ دڵى نه‌ته‌وه‌يه‌ك. شۆڕشێك بوو، قه‌ڵايه‌كى درووستكرد له‌ ناوچه‌كه‌ بۆ ئازاديخوازان و ديموكراتيخوازان. “.

له‌به‌شێكی تری وتاره‌كه‌یدا سه‌رۆك بارزانی ڕاشیگه‌یاند :” به‌ پێويستى ده‌زانم له‌و ياده‌ پيرۆزه‌دا، سڵاو بۆ شه‌هيدانى شۆڕشى ئه‌يلوول بنێرم. سڵاو بۆ ئه‌و پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانانه‌ى ئێستا له‌ ژياندا ماوون. هه‌روه‌ها ره‌حمه‌ت بۆ ئه‌و قاره‌مانانه‌ى كه‌ چوونه‌ته‌ به‌ر ره‌حمه‌تى خودا و له‌ ژياندا نه‌ماوون. به‌ دڵنياييه‌وه‌ ئه‌وه‌ى ئێستا هه‌يه‌ هه‌مووى به‌رهه‌مى خوێنى شه‌هيدانه‌. خۆڕاگرى گه‌له‌كه‌مان و به‌رهه‌مى قاره‌مانێتى پێشمه‌رگه‌يه‌. سڵاو بۆ گيانى پاكى هه‌موو شه‌هيدانى رێگه‌ى رزگاريخوازى كوردستان “.

هه‌روه‌ها سه‌رۆك بارزانی گووتی:” پارتى ديموكراتى كوردستان، له‌ پێناو بنياتنانى كوردستانێكى به‌هێز به‌ پشتيوانى خواى مه‌زن و به‌ پاڵپشتى جه‌ماوه‌رى تێكۆشه‌رى كوردستان و به‌ هيمه‌تى ئه‌ندام و لايه‌نگرانى پارتى ديموكراتى كوردستان و به‌ ئومێدێكى زۆر به‌ تواناى گه‌نجان به‌ بڕوايه‌كى به‌هێز به‌ ده‌ست و بازووى پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كان و به‌ به‌ره‌كه‌تى خوێنى شه‌هيدان ده‌ست ده‌كه‌ين به‌ هه‌ڵمه‌تى هه‌ڵبژاردن”.

سه‌رۆك بارزانی گووتیشی :” له‌ ئايارى رابردوو، هه‌ڵبژاردنێكى ديكه‌ ئه‌نجامدرا، ئه‌ويش بۆ په‌رله‌مانى فيدراڵى بوو له‌ به‌غدا ،سوپاسى بێپايانم بۆ جه‌ماوه‌رى كوردستان به‌ تايبه‌تى بۆ ئه‌ندام و لايه‌نگرانى پارتى، كه‌ هيمه‌تێكى زۆرتان كرد، نه‌تانهێشت خه‌ونى ناحه‌زان بێته‌دى. زۆرێك هه‌بوون به‌ته‌ماى ئه‌وه‌ بوون، كۆتايى پارتى ببينن، نه‌يانزانى پارتى ده‌بێته‌ حزبى ژماره‌ يه‌ك له‌ ئاستى عێراقدا”.

له‌به‌شێكی تری وتاره‌كه‌یدا سه‌رۆك بارزانی ده‌ڵێت :” بۆ ئه‌وه‌ى كوردستانيش به‌هێز بێت، ده‌بێت پارتى به‌هێز بێت. بۆ بنياتنانى حوكمڕانى باش، بۆيه‌ له‌سه‌ر ئێوه‌يه‌ هيمه‌ت بكه‌ن و جارێكى ديكه‌ نه‌هێڵن خه‌ونى ناحه‌زان بێته‌ دى و جارێكى ديكه‌ ئاڵاى پارتيتان و ئاڵاى به‌رخودان و ئاڵاى شه‌ره‌ف و كه‌رامه‌ت به‌رز رابگرن”.

سه‌رۆك بارزانی ده‌شڵێت :” داواى برايانه‌تان لێده‌كه‌م، هه‌ڵبژاردنێكى ئارام ئه‌نجام بده‌ن. نه‌ك نابێت ته‌شهير به‌كه‌س بكه‌ن، كاتى خۆتان به‌ خه‌سار نه‌ده‌ن و وه‌ڵامى ته‌شهيرى كه‌سيش نه‌ده‌نه‌وه‌. رێز له‌ ياسا بگرن و ئارامى بپارێزن و خه‌ڵك بێزار نه‌كه‌ن. ناشبێت به‌ڵێنى وا بدرێت كه‌ جێبه‌جێ نه‌كرێت، باسى ده‌ستكه‌وته‌كان بكه‌ن و مێژووييه‌كى پڕ سه‌روه‌رى و ده‌وڵه‌مه‌ندتان هه‌يه‌، سه‌دان ده‌ستكه‌وت و داستانتان هه‌يه‌. باسى خه‌ڵكى ديكه‌ نه‌كه‌ن. باسى كه‌موكوڕى خۆمان و ده‌ستكه‌وته‌كانيش بكه‌ن. باسى ئاسايش و سه‌قامگيرى بكه‌ن كه‌ له‌ وڵات به‌رقه‌راره‌. ئه‌مه‌ به‌ شه‌ونخوونى هاتووه‌ته‌ دى و له‌ خۆڕا نه‌هاتووه‌. به‌ شه‌ونخونى كوڕ و براكانتان به‌ديهاتووه‌. باسى پڕۆژه‌كان بكه‌ن، كه‌ جێبه‌جێكراوون. باسى ئه‌و هه‌موو ده‌ستكه‌وته‌ بكه‌ن، كه‌ به‌ده‌ستهاتوون. باسى ئه‌وه‌ بكه‌ن، كێ داعشى تێكشكاند”.

له‌كۆتایی وتاره‌كه‌یدا سه‌رۆك بارزانی گوتیشی :” قسه‌ى بێ كردار زۆر ئاسانه‌، به‌ڵام قسه‌ ده‌بێت كردارى له‌گه‌ڵ بێت، وه‌ك پارتى نابێت فێرى ئه‌وه‌ بين به‌ڵێن و قسه‌ى بێ كردار به‌ كه‌س بڵێين و باسى بكه‌ين. به‌ بيرى خه‌ڵكه‌كه‌ بهێننه‌وه‌، له‌ كاتى راپه‌ڕين كێ باسى هه‌ڵبژاردنى كرد و باسى ديموكراسييه‌تى كرد له‌م وڵاته‌دا، كه‌ ده‌بێت واز له‌ شه‌رعييه‌تى شۆڕشگێڕى بهێنين و به‌ره‌و شه‌رعييه‌تى ده‌ستوورى بچين، كێ بوو ئه‌مه‌ى به‌ خه‌ڵكه‌كه‌ وت؟ ، ده‌بێت پارتی سه‌ركه‌وتنێكى گه‌وره‌ به‌ده‌ست بهێنێت، دڵنيا بن، حكومه‌تێكى به‌هێز درووست ده‌كرێت، بتوانێت چاكسازييه‌كى بنه‌ڕه‌تى ئه‌نجام بدات و گۆڕانكارى له‌ هه‌موو بوارێكدا بكات”.

پارتی له‌ رێگه‌ی به‌رنامه‌ی هه‌ڵبژاردنی لیسته‌كه‌یه‌وه‌ رایگه‌یاندووه‌ كه‌ كار بۆ “بەدیهێنانی کۆدەنگییەکی کوردستانی لە پێناو ماف و بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی كوردستان ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی ناکۆکییە نێوخۆییەکان تێپەڕێنێ و لەسەر نەگۆڕە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان کۆک و یەکڕیز بێت تا ببێتە زامنی پاراستنی مافە دەستورییەکان و شایستە داراییەکانی هەرێم و بەشی ڕەوای خەڵکی کوردستان لە سەروەت و سامانی هه‌موو عێراق”.

Back to top button