نێچیرڤان بارزانی، پێشوازی له برێت مه‌كگۆرك و شاندێكی یاوه‌ری كرد
ماڵپه‌ڕی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڵاویكرده‌وه كه “پاشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 2018/9/11 نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له برێت مه‌كگۆرك نوێنه‌ری سه‌رۆكی ئه‌مریكا بۆ هاوپه‌یمانێتیی نێوده‌وڵه‌تیی شه‌ڕی دژی داعش و شاندێكی یاوه‌ری كرد”.
له دیدارێكدا دۆخی سیاسیی ئێستای عیراق، هه‌وڵه‌كان بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی عیراق، دانیشتنه‌كانی په‌رله‌مانی تازه‌ی عیراق و ئه‌گه‌ری پێكهێنانی گه‌وره‌ترین هاوپه‌یمانێتی له په‌رله‌مان وه‌ك هه‌نگاوی یه‌كه‌م بۆ دامه‌زراندنی حكومه‌تی داهاتووی عیراق، خرانه به‌ر باس و گفتوگۆ.
له‌دیداره‌كه‌دا رۆڵی هه‌رێمی كوردستان و هاوبه‌شی له پرۆسه‌ی سیاسیی عیراق و پێكهێنانی كابینه‌ی حكومه‌تی نوێ‌دا گرنگ هه‌ڵسه‌نگێنرا و هه‌ردوولا هیویان خواست له داهاتوویه‌كی نزیكدا هه‌وڵه‌كان بگه‌نه ئه‌نجامێك و حكومه‌تی نوێی عێراق پێكبهێنرێت كه به‌رژوه‌ندیی هه‌موو پێكهاته‌كانی عێراق له‌به‌رچاو بگرێت و وڵات بكه‌وێته قۆناغێكی تازه‌وه.
هه‌ردوولا دۆخی سیاسیی هه‌رێمی كوردستان و ئاماده‌كاری بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتووی په‌رله‌مانی كوردستانیان له 30 ئه‌یلوولدا خسته به‌ر باس و له‌مباره‌یه‌وه مه‌كگۆرك خۆشحاڵیی خۆی بۆ به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له كاتی دیاریكراوی خۆیدا نیشان دا و هیوای خواست كه پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن و ده‌نگدان سه‌ركه‌وتووانه به‌ڕێوه بچێت.
تاووتوێكردنی دوا پێشهاته‌كان و دۆخی ناوچه‌كه به‌گشتی، لایه‌نێكی دیكه‌ی دیداره‌كه بوو.