کۆمسیۆن حەوت لایەن سەرپێچیانکردووەو سزادراون
لەیەکەم رۆژی دەسپێكی بانگەشەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، حەوت قەوارە و لایەنی سیاسی سەرپێچی یاساکانی کۆمسیۆنی کرد، بۆیە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لە راگەیەندراوێكدا ئاماژە بە سزادانی حەوت لایەن دەدات.
كۆمسیۆن رایگەیاندووە كە لەبەر پەیوەست نەبوونیان بەیاسا و رێنماییەكان و پەیڕەوەكانی كۆمسیۆن و ئەنجامدانی بانگەشەی پێشوەختە، بڕیاری سزادانی دارایی چەند قەوارەیەكی بەشدار لە بانگەشەی هەڵبژاردنەكان داوە.
كۆمسیۆن، قەوارەی یەكێتی نیشتمانی كوردستانی بەبڕی 3 ملیۆن دینار سزا داوە، هەروەها پارتییشی بەهەمان بڕ سزا داوە.
كۆمسیۆن قەوارەی بەرەو ئیسڵاحی بەبڕی یەك ملیۆن دینار سزا داوە، بەهەمان شێوە قەوارەی پارتی گەشەپێدانیشی بەیەك ملیۆن دینار سزا داوە.
هەروەها هەردوو قەوارەی پارتی چاكسازی توركمانی و مەجلیسی شەعبی كلدانی سریانی ئاشوورییش بەبڕی یەك ملیۆن دینار سزا دراون.
حەفتەمین قەوارەش كە سزا دراوە، قەوارەی (تاكی ئەرمەن)ە سزاكەی بریتیە لە 500 هەزار دینار.