ئه‌مه‌ریكا بۆ وڵاتانی كه‌نداو ناكۆكیه‌كانتان وه‌ڵابنێن, تواناكانتان كۆ بكه‌نه‌وه‌ بۆ ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی ئێران.

 

تادێت په‌یوه‌ندیه‌كانی نێوان ئه‌مریكا و ئێران كرژی تێده‌كه‌وێت, دوای ئابلۆقه‌ی ئابوری له‌ ئێستادا ئه‌مریكا له‌ هه‌وڵی كردنه‌وه‌ی به‌ره‌یه‌كی سه‌ربازیه‌ دژ به‌ ئێران, له‌ دواهه‌مین پێشهات ئه‌مڕۆ له‌ میانه‌ی كۆبوونه‌وه‌ی نێوان فه‌رمانده‌ی ناوه‌ندی ئه‌مه‌ریكا له‌گه‌ڵ سوپاسالارانی وڵاتانی ئه‌نجوومه‌نی هاریكاری كه‌نداو و میسر و ئوردن و له‌ كوێت، ئه‌مریكا داوای له‌ وڵاتانی كه‌نداو و میسر و ئوردن كرد، ناكۆكییه‌كانیان به‌لاوه‌ بنێن و ریزه‌كانیان بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی هه‌ره‌شه‌كانی ئێران له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست یه‌كبخه‌نه‌وه‌.
جۆزێف ڤۆتێل، فه‌رمانده‌ی فه‌رمانده‌یی ناوه‌ندی ئه‌مه‌ریكا له‌میانه‌ی له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه‌ بۆ تاوتوێكردنی هاوكاری سه‌ربازی و به‌رگری هاوبه‌ش له‌ كوێت به‌ڕێوه‌چوو، دووپاتیكرده‌وه‌، ئه‌مه‌ریكا به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ده‌ستبه‌رداری ناوچه‌كه‌ نابێت و پشت له‌ هاوپه‌یمانه‌كانی له‌ ناوچه‌كه‌ ناكات و گوتی: سیاسه‌تی پنتاگۆن به‌رامبه‌ر ناوچه‌كه‌ جێگیره‌.

ڤۆتێل گوتی: “ناوچه‌ی كه‌نداو پڕه‌ له‌ بووژانه‌وه و ده‌رفه‌ت، به‌ڵام له‌ هه‌مان كاتیشدا هه‌ره‌شه‌ی هاوبه‌شمان له‌ ناوچه‌كه‌ له‌سه‌ره‌‌”.

ئه‌و فه‌رمانده‌ ئه‌مه‌ریكییه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، “دوو هه‌ره‌شه‌ی به‌رده‌وام له‌ ناوچه‌كه‌ هه‌ن، ئه‌وانیش ره‌فتار و ده‌ستێوه‌ردانه‌ ئاڵۆزكارییه‌كانی ئێران و رێكخراوه‌ تایفه‌گه‌ری و توندوتیژیه‌كانه‌”.

دووپاتیكرده‌وه‌، “پێویسته‌ له‌پێناو ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی هاوبه‌ش تواناكان یه‌كبخرێن”، داواشیكرد، “ناكۆكییه‌كان به‌لاوه‌ بنرێن و بیر له‌و هه‌ره‌شانه‌ بكه‌نه‌وه‌ كه‌ ئێران له‌سه‌ر ناوچه‌كه‌ درووستی كردووه‌”.

له‌ درێژه‌ی قسه‌كانیدا ڤۆتێل گوتی: “ئه‌و كۆبوونه‌وانه‌ بۆ پارێزگاریكردن له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانمان گرنگن، بۆئه‌وه‌ی هێڵی به‌رده‌وامبوون له‌گه‌ڵ یه‌كتر به‌ كراوه‌یی بمێنێته‌وه‌ و له‌ڕێگه‌ی ئاڵوگۆڕی زانیارییه‌وه‌ لێكتێگه‌یشتنی هاوبه‌ش و هاوركاری له‌نێوانمان بێته‌ ئاراوه‌”.

ڤۆتێل جه‌ختی له‌سه‌ر گرنگی یه‌كخستنه‌وه‌ی هێزه‌ سه‌ربازییه‌كانی وڵاتانی به‌شدار له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كرده‌وه‌، وێڕای جه‌ختكردنه‌وه‌ له‌سه‌ر به‌شداریكردنیان له‌ هه‌وڵه‌ سه‌ربازییه‌كانیان له‌ عێراق، سووریا و ئه‌فغانستان، بۆئه‌وه‌ی سه‌قامگیری بۆ ته‌واوی ناوچه‌كه‌ بگێڕنه‌وه‌.

هه‌روه‌ك ئاماژه‌ی به‌ گرنگیدان به‌ بواره‌كانی به‌رگری ئاسمانی، زه‌مینی، مووشه‌كی، ئاسایشی ده‌ریایی و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆر كرد.

كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ، دووه‌م كۆبوونه‌وه‌ی له‌مجۆره‌ بوو كه‌ له‌ماوه‌ی ئه‌م هه‌فته‌یه‌دا ئه‌نجامبدرێت، كه‌ وڵاتی قه‌ته‌ریش شانبه‌شانی سعوودیه‌، ئیمارات، به‌حرێن و میسر تێیدا به‌شداربێت، له‌كاتێكیدا له‌ 5ی حوزه‌یرانی ساڵی 2017ـه‌وه‌ ناكۆكی كه‌وتووه‌ته‌ نێوان قه‌ته‌ر و وڵاتانی كه‌نداو, ئه‌مه‌ مانای وایه‌ خه‌ریكه‌ قه‌ته‌ر له‌ ئێران دوورده‌كه‌وێته‌وه‌ و جارێكی دیكه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ باوه‌شی وڵاتانی كه‌نداو.

Back to top button