مه‌سروور بارزانی : سەربڵندین کە کوردین و سەربڵندین کە پارتین

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ ۱۳ی۹ی۲۰۱۸ له‌ رێوڕه‌سمه‌كدا له‌ دهۆك لیستی ۱۸۳ پارتی دیموكراتی كوردستان به‌ فه‌رمی ده‌ست به‌ بانگه‌شه‌ ده‌كات و مه‌سروور بارزانی ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ ڕێوره‌سمی بانگه‌شه‌ی لیستی ۱۸۳ پارتی دیموكراتی كوردستان وتارێكی پێشكه‌ش كرد.

مه‌سروور بارزانی ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ وتاره‌كه‌یدا رایگه‌یاند: “هه‌مووان په‌يمان ده‌ده‌ين بۆ سه‌رخستنى ليستى ۱۸۳ى پارتى ديموكراتى كوردستان و سه‌رخستنى كانديده‌كانى. مانگى ئه‌يلوول پڕ له‌ ده‌ستكه‌وت بۆ ميله‌تى كورد و پارتى وه‌ك ئه‌ندازيار و بنياتنه‌رى ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ بووه‌. له‌ ۱۱ـى ئه‌يلوولدا، شۆڕشى ئه‌يلوول هه‌ڵگيرسا كه‌ مه‌زنترين شۆڕشى نيشتمانى و نه‌ته‌وه‌يى كورد بوو له‌ سه‌رانسه‌رى كوردستان ده‌ستيپێكرد و چه‌ندين ده‌ستكه‌وتى مه‌زنى بۆ كورد به‌ده‌ستهێنا. له‌ ۲۵ى ئه‌يلوولى ساڵى رابردوودا جارێكى ديكه‌ ئيراده‌ى ميڵه‌تى كورد سه‌ركه‌وت. كاتێك ۹۳ له‌ سه‌دى ميڵه‌تى كورد ده‌نگى خۆى دا بۆ سه‌ربه‌خۆبوون و دووباره‌ ئه‌و ده‌ستكه‌وته‌ ده‌ستكه‌وتى پارتى بوو”.

رۆژی ۱۱/۹/۲۰۱۸ لیستی ۱۸۳ پارتی له‌ شاری هه‌ولێر به‌ وتارێكی سه‌رۆك بارزانی ده‌ستی به‌ هه‌ڵمه‌تی بانگه‌شه‌كردن بۆ لیسته‌كه‌ كرد و بڕیاره‌ رۆژانی داهاتوو به‌ چالاكی و ئاهه‌نگی جۆراوجۆر به‌رده‌وامی به‌ بانگه‌شه‌ بده‌ن.

دەقی وتارەکەی مەسرور بارزانی ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان

بەناوی خوای گەورە و دلۆڤان

خوشک و برایانی بەڕێز هەموو لایەک بەخێربێن سەرچاوان

زۆر خۆم بە خۆشحاڵ دەبینم جارێکی دیکە دێمەوە خزمەتی ئێوە بۆ هەڵبژاردن و دیاریکردنی چارەنووسی کوردستان، تاوەکو پەیمان بە یەکتر بدەین بە لیستی ١٨٣ی پارتی دیموکراتی کوردستان و کاندیدانی کە لێرە ئامادەن.

مانگی ئەیلوول پڕە لە دەستکەوت بۆ میڵەتی کورد و پارتی کە بونیادنەر و ئەندازیاری ئەو دەستکەوتانەیە ، شۆڕشی ئەیلوول کە گەورەترین شۆڕشی نیشتمانی و نەتەوەییە و لەدوای ئەویش چەندین دەستکەوت بە دەست هاتن ، پار لە ٢٥ی ئەیلوول جارێکی دیکە ئیرادەی میڵەتی کورد سەرکەوت کاتێک ٩٣٪ی میڵەتی کورد دەنگی بە سەربەخۆیی کوردستان دا کە ئەم دەستکەوتەش دەستکەوتی پارتی بوو ،لە هەموو قۆناغەکانی شۆڕشی ڕزگاریخوازی کوردستاندا پارتی سەرپشک بووە و پشکی شێری قوربانییەکانیش بەر پارتی کەوتووە، بۆیە دەبێ کار بۆ ئەوە بکەین کە پارتی بەهێز بیت تاوەکو کوردستانێکی پێشکەوتوو و بەهێزمان هەبێت ، جارێکی دیکە لە ٣٠ی ئەیلوول دەچینە سەر سندووقەکان و بە پشتیوانیی ئێوە پارتی دەبێتەوە بە پێشڕەوی بزاڤی ڕزگاریخوازی کوردستان و جارێکی دیکە ئەو دەستکەوتانە لەسەر دەستی پارتی بەدەست دێن.

هەڤاڵانی بەڕێز

پار دەستکەوتی مەزنمان هەبوو، بەڵام بە قۆناغی ناخۆشدا تێپەڕین، ئێمە بەهۆی هەوڵی ئێوە و هەموو لایەک توانیمان دۆخەکە تێپەڕێنین و ئەو پشتیوانییەی ئێوە لە پارتیتان کرد، بۆ ئێمە جێگەی سەربەرزییە و پتر سوپاستان دەکەین.

پێشتر لە هەڵبژاردنی عێراق چەند شتێک گوتران، بەڵام دەنگ و پشتیوانی و خۆڕاگریی ئێوە وایکرد پارتی زۆرترین کورسی و دەنگ لە پەرلەمانی عێراق بەدەنگ بهێنێت.

ئێمە بەرەو هەڵبژاردن دەچین کە دۆخێکی چارەنووسسازە، نەگەیشتووین بە قۆناغی کۆتایی خەباتی خۆمان، بۆیە هەر بڕیارێک بدرێت، کاریگەری لەسەر ڕێگەی دیاریکردنی چارەنووسی میڵەتی ئێمە دەبێ. ئەو پەرلەمانەی دێتە هەڵبژاردن، کاریگەری دەبێ لە بڕیاردان و هەروەها بۆ چاودێریکردنی حکوومەت، دەنگی ئێوە و ئەو باوەڕەی ئێوە هەتانە بە ئەمانەتەوە دەیگوێزنەوە و بەرگری لەو ماف و داخوازییانەی ئێوە دەکەن، ئەوانەی کە ئێوە متمانەیان پێ دەدەن ، زۆر گرنگە ئەو هەڤاڵانەی ئەوجارە دەچنە پەرلەمان، ئەوانە بن کە ئێوە باوەڕتان پێیان هەیە.

گرنگە باوەڕی ئێوە لە پەرلەمانی داهاتوودا بخەنە پێش و هەموو هەوڵێکیان سەرخستنی داخوازییەکانی ئێوە بێت. بۆ ئەوە بێت خزمەتی کەسوکاری شەهیدان و پێشمەرگە و دابینکردنی ئایندەیەکی گەش بۆ گەنجان بکەن ، بۆیە داواتان لێ دەکەم دەنگ بەو کەسانە بدەن کە گوزارشت لە بۆچوونتان دەکەن و بەرگری لە کوردستان دەکات و لە ئاستی نێودەوڵەتی کوردستان بەرەو پێشەوە دەبات.

دەزانن قۆناغی دوور و درێژ لە خەباتی ئێمە زۆرن و زوڵم لە میڵەتی ئێمە کراوە، ئامانجی پارتی ئەوە بووە کە میڵەتی کورد یەکسان بێت لەگەڵ هەموو میڵەتێکی دیکە و هیچمان لە میڵەتانی دیکە کەمتر نەبێ. هەتا ئەمڕۆش هەموو هێڤی و ئومێد و ئاواتمان ئەوە بووە کە میڵەتی ئێمە بڵێت سەربڵندم کە من کوردم ،ئێمە سەربڵندین کە کوردین و سەربڵندین کە پارتین.

خوشک و برایانی هێژا

هەڵبژاردنی ڕابردوو تەحەدایەک بوو بۆ ئەو هەموو هەوڵ و پیلانی ناحەزان بۆ تێکدانی ئارامیی کوردستان و داگیرکردنی کوردستان، هەرچەندە هەموو هەوڵێک درا کە پێگەی پارتی لە ئاستی ناوچەکە و کوردستان کەم بکەن، بەڵام خۆڕاگریی ئێوە و خوێنی پێشمەرگەکان هەموو پیلانەکانی تێکدا و پێگەی هەرێمی کوردستان گەیشتە ئاستێکی زۆر بەرزتر، ئەمەش بۆ زەحمەت و خۆڕاگریی ئێوە و خوێنی شەهیدان و ئەو پێشمەرگە قارەمانانە دەگەڕێتەوە کە ئەمڕۆش بەرگری لە خاک و خەڵکی کوردستان دەکەن.

پێمخۆشە سوپاسی خەڵکی کوردستان بکەم کە هەموو کاتێک وەک چیایەکی بڵند و سەرکێش پشتیوانی پارتی و ئارامیی نیشتمانی میڵەتی کورد بوونە و سەربڵندین کە خاوەنی جەماوەرێکی وەکوو ئێوەین.

هەڤاڵانی هێژا

هەندێک خەڵک دەڵێن بۆچی بچین بۆ دەنگدان؟ ئەگەر بیر بکەینەوە دەزانین دوو بەرپرسیارێتیمان لە ئەستۆیە، یەکەمیان تاکەکەسییە و دووەمیان نیشتمانی و نەتەوەییە. ئەرکی ئێمەیە بەرگری لە وڵات و مافی نیشتمان و نەتەوەی خۆمان بکەین. پێویستە هیچ کات نەڵێین چی بۆ ئێمە کراوە، دەبێ ئێمە خزمەت بە وڵات و بیروباوەڕی خۆمان بکەین. ئەوەی کراوە کەم نییە، ئەگەر بیر بکەینەوە قەرزاری خوێنی شەهیدان و زەحمەتی پێشمەرگەکانمانین.

ئەو خوێنەی ڕژاوە و زەحمەتییەی دراوە، بە ئاسانی نەبووە و ئێمە قەرداری پێشمەرگە و ماڵی شەهیدانین و پێویستە لە خۆمان بپرسین کە دەبێ چی بۆ خوێنی شەهیدان و ماڵی پێشمەرگە بکەین.

پێویستە کە چووینە پەرلەمان، بەرگری لە مافی شەهیدان و کەسوکاری پێشمەرگە بکەین و ئەمانە بکەینە ئەولەویاتی کاری خۆمان. ئێمە دەبێ سەرکەوین و هەموو هەوڵێک بدەین کە کوردستان بچێتە قۆناغێکی پێشکەوتووتر. ڕاستە کێشە و گرفت هەیە، بەڵام هەموو شتێک دەکرێ کێشەشی هەبێ و ئێمە تەحەمولی کەموکوڕییەکان دەکەین. زۆرجار ئێمە یەخسیری بڕیاری خەڵکیتر بووینە و هەموو شتێک هەر لە دەست ئێمە نەبووە. هەرێمی کوردستان کە بەشێکە لە عێراق، دەبینین چەندە پێشکەوتووترە، بەسڕە ئاوی خواردنەوەی نییە، لە کاتەک سەرەڕای فشارەکانی سەر کوردستان، هێشتا کوردستان بووەتە شوێنێک کە هەمووان بێن لێرە بحەوێنەوە.

بۆ ئەمەش جارێکی دیکە سوپاستان دەکەین کە پێشوازیتان لە هەموو ئەو خوشک و برا ئێزدی و کریستیان و عەرەب و ئاوانەی دیکە کرد کە ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کرد و بۆ ئەمە جارێکی دیکە سوپاسێکی گەرمی ئێوە دەکەین و هەر ئەوەشتان لێ چاوەڕێ دەکرێت.

بۆ ئێمە زۆر گرنگە ئەو پرەنسیپانەی کە ڕێبازی پارتی و بارزانی کە ئێمە لەسەری پەروەردە کراوین، ئەوەیە کە هیچ کاتێک مساوەمە لەسەر مافی میڵەت و خاکی خۆمان نەکەین، بە درێژایی مێژووی پارتی دیارە کە پێشڕەوی جووڵانەوەی بەرگریکردن لە مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی کوردستان پارتییە، ئەو تەربیەتەی کە ڕێبازی بارزانی فێری کردین، ئەوەیە کە ئەمڕۆ لێرە بین و بە سەربەرزی بژین. ئەو دەستکەوتانەی هەن کە مادی و دروستکردنی نەخۆشخانە و دروستکردنی قوتابخانە و زانکۆن، هەروەها لە دەستکەوتە مەعنەوییەکاندا سەربڵندین و سەری خۆمان بۆ هیچ کەسێک نەچەماندووە و ڕێگەمان نەداوە داگیرکەر وڵاتمان داگیر بکەن، ئەو سەرکەوتنە گەورەترین دەستکەوتە بۆ ئەوەی هەموو پارتی شانازی پێوە بکات.

لە پەرلەمانی داهاتوودا چەند بابەتێکی هەستیار دێتە باسکردن، لە تێپەڕاندنی یاسای دیاریکردنی چارەنووسی ساڵانی داهاتووی هەرێمی کوردستان، دەبێتە ئەرکی ئەو پەرلەمانتارانەی دەردەچن، بیر بۆ ئەو ڕۆژە بکەن، ئەگەر ئێوە دەنگ دەدەن، خەڵکیتر دەنگ دەدەنە کەسانێک کە کاندیدی ئێوە نین، دەنگی هەمووان گرنگە و نەڵێن دەنگێک هیچ نییە. پێویستە داوا لە کاندیدەکانتان بکەن کە بەرگری لە مافەکانی ئێوە بکەن و خزمەتی میڵەتی ئێمە بکەن.

هیچ زاڵمێک ناتوانێت زوڵم بکات، ئەگەر خەڵکێکی مەزڵوم لێی قەبوڵ نەکات، هیچ گەندەڵێک ناتوانێت گەندەڵی بکات ئەگەر شەریک نەبن، هیچ دوژمنێک ناتوانێت کوردستان داگیر بکات، ئەگەر دەستی خیانەتکاری تێدا نەبێت. بۆیە دەبێ کەسێک هەڵبژێرین کە زوڵم نەهێڵێت و گەندەڵی نەهێڵێت و ڕێگە نەدات خیانەتکاران لە کوردستان سەرکەون. پێویستە دەنگ بە کاندیدانی پارتی بدەین کە هەڵگری ئەو باوەڕەن و قوتابیی ڕێبازێکی پیرۆزن، چونکە ڕێبازی بارزانی، ڕێبازی خوێنی شەهیدان و ئازادی و سەرفرازی و سەرخستنی میڵەتی کوردستانە، بۆیە ئێمە هەموو پێکەوە داوا دەکەین نەک هەر لە ئێوە، خەڵکی دیکەش لە کوردستان، دەنگی خۆیان و ئێوە بکەن بە یەک و لیستی ١٨٣ی پارتی دیموکراتی کوردستان سەربخەن.

من دووبارە سوپاستان دەکەم بۆ ئەو خزەمەتەی پێشتر کردووتانە و داواتان لێ دەکەم لە هەڵبژاردنی داهاتووشدا کار بکەن بۆ ئەوەی پارتی هەر بە ژمارە یەک و پێشڕەو بهێڵنەوە و زۆر سوپاستان دەکەم و دووبارە زۆر بەخێر بێن سەرچاوان، هیوای سەرکەوتن بۆ هەمووتان دەخوازم.

پارتی دیموكراتی كوردستان به‌ قه‌واره‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ به‌شداریی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌كات كه‌ بڕیاره‌ رۆژی ۳۰/۹/۲۰۱۸ به‌ڕێوه‌بچێت، جگه‌ له‌ پارتی ۲۷ قه‌واره‌ و لیستی دیكه‌ به‌شداریی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ ده‌كه‌ن و بۆ به‌ده‌ستهێنانی ۱۰۰ كورسی و ۱۱ كورسی كۆتای پێكهاته‌ ئایینی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی دیكه‌ كێبڕكێ ده‌كه‌ن.

Back to top button