عه‌لی سندی :دوو لەسەر سێی خێزانەكان داھاتیان لە كەرتی تایبەتە و خاوەنی شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیانن

بەپێی ئەو ڕووپێوەی ئەنجام دراوە، لە ساڵی ٢٠١٥ـدا رێژەی بێكاری لە ھەرێمی كوردستان ١٣.٥% بووە، بەڵام بە گوێرەی ڕووپێوی تازە، رێژەكە بۆ ١٠.٢% دابەزیوە، ئەمەش ئەوە دەردەخات كە دۆخی ئابووری ھەرێمی كوردستان زۆر باشتر بووە، چونكە رێژەی بێكاری بەپێی دوایین ئامار لە عێراق ٢٤% بووە.

ئەمڕۆ پێنج شه‌ممه‌ ۱۳ی۹ی۲۰۱۸ د. عەلی سندی، وەزیری پلاندانانی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، لە كۆنفڕانسی ڕووپێوكردنی دانیشتووانی ھەرێمی كوردستاندا، كە لە شاری ھەولێر بەرێوە چوو، ڕایگه‌یاند: “بەپێی ڕووپێوی دانیشتووانی ھەرێمی كوردستان، كە لەلایەن دەستەی ئامار و نەتەوە یەكگرتووەكانەوە لەناو ١٢ھەزار و ٦٠٠ خێزان لە سلێمانی و ھەولێر و دھۆك ئەنجام دراوە، دەركەوتووەكە لە ھەرێمی كوردستان ٣٥%ی ھاووڵاتیان تەمەنیان لە ١٥ساڵ كەمترە و ٦١%ی ھاووڵاتیانیش تەمەنیان لە نێوان ١٥ بۆ ٦٤ساڵیدایە و نزیكەی ٤%ـیش تەمەنیان لە سەرووی ٦٤ساڵیدایە”.

وەزیری پلاندانانی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ڕاشیگه‌یاند: ” دوو لەسەر سێی خێزانەكان لە ھەرێمی كوردستان داھاتیان لە كەرتی تایبەتە و دوو لەسەر سێی خێزانەكانیش خاوەنی شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیانن، هەروەها نزیكەی ٦٠%ـیش خاوەن ئۆتۆمبێلن”.

هه‌روه‌ها عه‌لی سندی گوتیشی :” لە ساڵی ٢٠٠٧ ڕێژەی نەخوێندەواری لە ھەرێمی كوردستان ٢٧% بووە، بەڵام دوای ھەوڵی زۆر، توانراوە ئەو رێژەیە بۆ ٢١% دابەزێندرێت”.

هەر بەپێی ئەو ڕووپێوەی ئەنجام دراوە، ژمارەی دانیشتووانی ھەرێمی كوردستان ٥ ملیۆن و ٧٥٠ھەزار و ٤٣ كەسە.

Back to top button