عەبادی مووچەی حەشدی شەعبی زیادکرد
دوای ئەوە حەیدەر عەبادی سەرۆکی وەزیرانی ماوە بەسەر چووی عێراق، فەرمانی دورخستنەوەی سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی دەرکرد، پاشان خۆی وەک سەرۆکی حەشد دەستنیشانکرد، ئەمڕۆ پێنجشەممە عەبادی زیادكردنی بودجەی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی راگەیاند، ئەمەش لەپێناو زیادكردنی مووچەی چەكدارانی میلیشیا شیعیەكەی عێراق بۆ ئەوەی بگاتە ئاستی مووچەی سەربازانی سوپا.
عەبادی لە میانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئاشكرای كرد كە بودجەی گشتی بواری ئەوەی تێدا نەبووە پارەی بڕاوەی حەشد زیاد بكرێ، تەنها لەم سێ مانگەی كۆتایی ساڵدا نەبێت، بۆیە بڕیاریان داوە لە مانگی داهاتووەوە زیادەی مووچەی چەكدارانی حەشدی شەعبی بدەن بۆ ئەوەی وەكو مووچەی سەربازانی هێزە ئەمنیەكان و سوپای عێراقی لێ بێت.
حەشدی شەعبی لە دوای 2014 و داگیركارییەكانی رێكخراوی تیرۆریستی داعش بەفەتوای عەلی سیستانی مەرجەعی شیعەكان دامەزرا و دواتر لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە بەپشتیوانی چەند فراكسیۆنێكی كوردییش حەشدی شەعبی وەك هێزێكی یاسایی عێراقی هاتە ناساندن.
لە دوای كۆتاییهاتنی شەڕی داعشەوە لەوەتەی سەرەتای ئەمساڵەوە، هێزەكانی حەشدی شەعبی تا رادەیەكی زۆر بێ كار ماونەتەوە و چاوەڕوان دەكرێ لە داهاتوودا كێشەی ئەمنی و كۆمەڵایەتی بۆ ناوچانە دروست بكەن كە تیایدا كۆدەبنەوە.