بەرەیەكی دژە ئێران دروست دەبێت
خواكوڕك
ماوەیە چەند ساڵێكە هێزەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لەهەوڵی ئەوەدان بەرەیەكی هاوبەش دروست بكەن بۆ ئەوەی بەیەكەوە رووبەروی ئێران ببنەوە لەو بارەیەوە سەركردەیەكی حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان دەلێت هەنگاوی باش نراوە بۆ ئەوەی هێزەكان بەرەیەكی هاوبەش دروست بكەن.
عەبدوڵڵا موهتەدی، سکرتێری گشتی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، ئەمساڵ بۆ دوو جار هەوڵی تواندنەوەی ئەم بەستەڵەکەی داوە. دوایین جار چەند رۆژ پێش بوو کە گوتی: “ئامادەن لەگەڵ هەموو لایەنەکانی دیکە بەرەیەک پێک بێنن. ئەو باسی لە هیچ مەرجێک نەکرد”.
عەبدوڵڵا موهتەدی، سكرتێری گشتی كۆمەلەی شۆرشگیری زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران رایگەیاندووە: ” بەچەند شێواز و لە چەند بواردا بتوانین ئەو كارە بكەین، یەكیان بەرەیەكی كوردستانی كە دەمێكە هەوڵی بۆ دەدەین پێمانوایە لەوە زیاتر نەخرێتە دواوە، دووەم كۆنگرەیەكی نەتەوەیی رۆژهەڵاتی كوردستان كە بگیرێت و لە هەموو كەسایەتی لایەن و حزبەكانەوە، سێیەم هەماهەنگی و هاوكاری چڕ و پڕ لە بواری چاڵاكی پێشمەرگانەدا، كۆتاش حزبەكان لەنێو خۆیاندا لانیكەم پلاتفۆرمێك هەبێت بۆ كاركردنی هاوبەش”.
هیچ حیزبێکی رۆژهەڵاتی کوردستان نییە، کە گرنگی پێکهاتنی بەرە رەتبکاتەوە. تەنانەت لە کۆڕ و کۆبوونەوەکانی خۆشیاندا. بۆ کەمکردنەوەی ناکۆکییەکان، عەبدوڵڵا موهتەدی چەند مانگ پێش، پێشنیازی پێکهاتنی بەرەیەک لە لایەنەکانی کۆمەڵە خستەڕوو. بەڵام پێشوازییەکی ئەوتۆی لێنەکرا.
ئیبراهیم عەلیزادە، سكرتێری كۆمەڵەی رێكخراوی كۆمۆنیستی ئێران راگەیاند” یەكبوون و یەكگرتن لە رووی سیاسەت و ستراتیژ دەبێت رێگەیەكی بۆ ببینەوە بۆ ئەوە بتوانین پێكەوە كاری هاوبەش بكەین، ئەو حیزبانەی كە جیابوونەتەوە بەشێوەیەكی وا كار بكەین كە گفتوگۆی بەردەوام هەبێت لە نێوانیاندا بۆ بەردەوامبوونی هاوكاری لەسەر كاری كۆنكرێتی”.
کێشەیەکی لایەنەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، خۆ بە تەوەر زانینە. بەشێکیشی بۆ جیاوازی لە بۆچوون و روانگەکانی ئەو حیزبانە سەبارەت بە پرسە تاکتیکی و رۆژانەکان دەگەڕێتەوە.
كەریم سەقزی، بەرپرسی پەیوەندییەكانی حیزبی دیموكراتی كوردستان لە سلێمانی راگەیاند “هەر داوایەك بۆ هاوكاریكردن و پێكهێنانی بەرە بۆ ئەوەیی بتوانین ئەم كێشە و ململانێیانە بەجارێك چارەسەر بكەین، چونكە ئێمە دووژمنیێكی هاوبەش و خاكێكی هاوبەشمان هەیە بۆ ئەوەی پێكەوە كار بكەین بۆ داهاتووی رۆژهەڵاتی کوردستان”.
خاڵە هاوبەش و سەرەکییەکانی نێوان حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان زۆرن. بەڵام لە ئاست یەکتردا ئەوەندەی گرنگی بە پرسە لاوەکییەکان دراوە، گرنگی بە ئامانجە گشتییەکان نەدراوە. ئامانجگەلێک دەتوانێت کۆسپەکانی سەرڕێی یەکگرتن و پێکەوە هاوکاری، هەموار بکات.