سهرۆك بارزانی: گهلی عێراق ئەو دەموچاوە شۆڤێنیانەیان سزادا كە دژی مافی گەلی كوردستان و ڕیفراندۆم وەستابوونهوه
ئهمڕۆ دووشهممه 17/9/2018 سەرۆك مەسعود بارزانی لەگەڵ بەرپرس و نوێنەر و سكرتێر و نوێنەر و ئەندامانی مەكتەب و ڕێكخراوەكانی سەر بە مەكتەبی ناوەندیی ڕێكخراوە جەماوەری و پیشەییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان كۆبۆوە و تیشكی خستە سەر بارودۆخی سیاسیی هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكە و قۆناغی دوای ڕیفراندۆم و خیانەتی شازدەی ئۆكتۆبەر و دەرهاوێشتەكانی ئەو خیانەتە لەسەر ژیانی خەڵكی كوردستان.
ههروهها سهرۆك بارزانی راشی گهیاند” پێویسته پڕەنسیپەكانی هاوبەشی لە بڕیار و تەوافوق لە یاسادانان و هاوسەنگی لە دامەزراوەكانی عێراقدا بە میكانیزمێكی ڕوون و بە گەرەنتی جێبەجێ بكرێن و ئێستا دانوساندنی چڕ لە ئاردایە بۆ دامەزراندنی ئەنجوومەنێكی باڵای سیاساتی ستراتیژی كە لایەنی كوردستانیش تێیدا بەشدار بێت ئەویش بۆ ڕێگەگرتن لە سەرهەڵدانەوەی تاكڕۆیی لە حوكمڕانی و پێویستە بڕیارە ستراتیژییەكان لەو ئەنجوومەنەوە دەربچن”.
هەروەها ئاماژەیشی بە هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دا كە زۆر لایەن خۆیان بۆ ئەوە ئامادە كردبوو كە لە ئەنجامی ئەو هەڵبژاردنە هەڵوەرینی پارتی ببینن، بەڵام سەرباری هەموو گرفتەكان بە هیمەت و خۆڕاگریی ئەندام و لایەنگرانی پارتی، پارتی دیموكراتی كوردستان توانی لەسەر ئاستی عێراق و كوردستان ببێته حزبی ژمارە یەك.
سەرۆك بارزانی لە درێژەی گوتەكەیدا جەختی لەوە كردەوە كە “هاووڵاتیانی عێراق لە هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا ئەو دەموچاوە شۆڤێنیانەیان سزادا كە دژی مافی گەلی كوردستان و ڕیفراندۆم وەستابوون و ئەوەیش بەڵگەیەكی بەهێزە كە خەڵكی عێراق نەهجی شۆڤێنیەت ڕەت دەكەنەوە”.
ههروهها سوپاسی قارەمانێتیی هێزی پێشمەرگەی كوردستانی كرد لە شەڕی تیرۆریستان و شەڕی بەرگری لە كەرامەت و خاكی نیشتیمان و ڕایگەیاند: “ئێمە هەموومان قەرزاری پێشمەرگەین، چونكە تەنیا پێشمەرگە بوو كە هەموو هاوكێشەكانی گۆڕی و كوردستانی پاراست”.
هەڵبژاردنی پهرلەمانی هەرێمی كوردستان لە سی ئەیلوول تەوەرێكی تری وتهكانی سەرۆك بارزانی بوو، وێڕای ئاماژەدان بەوەی كە هەندێ لایەن دەیانەویست پێچەوانەی بڕیاری دامەزراوەكانی هەرێم و ئیرادەی خەڵك هەڵبژاردن دوابخەن، بەڵام پێداگریی پارتی بووە هۆی ئەوەی هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا بەڕێوە بچێ و ناشكرێ بە بیانووی جۆراوجۆر یاری بە بابەتی هەڵبژاردن و مافی خەڵك بكرێت.
سەرۆك بارزانی ئومێدی ئەوەیشی خواست كە بە هیمەتی جەماوەر و لایەنگران و تێكۆشەرانی پارتی، پارتی دیموكراتی كوردستان سەركەوتن بە دەست بهێنێت و ئەو سەركەوتنەش بۆ ئەوە بەكار بێت كە پارتی بتوانێ چاكسازیی بنەڕەتی لە هەموو بوارەكانی ژیانی سیاسی و ئابووری و ئیداریی هەرێمی كوردستان بكات.
لەبارەی بارودۆخی كەركووك و ناوچەكانی تریشەوە سەرۆك بارزانی ئەوەی دووپات كردەوە كە ئەو واقیعەی ئێستا لە كەركووك هەیە واقعێكی ناسرووشتییە و قابیلی قبوڵ نییە، كەركووكیش شارێكە بۆ پێكەوەژیان و تەبایی لەنێوان پێكهاتەكان بەڵام مساوەمە لەسەر ناسنامەی كوردستانیبوونی كەركووك ناكرێت و بڕیاری بایكۆتكردنی هەڵبژاردنی لە كەركووك لە لایەن پارتییەوە بۆ ئەوە بوو كە دان بە واقعی سەپاوی سەربازی لەو شارە نەنێین.
هەر لەو كۆبوونەوەیەدا دەرگەی گفتوگۆ و پرسیار كرایەوە و سەرۆك بارزانی وەڵامی پرسیار و تێبینی و پێشنیاری ئامادەبووانی دایەوە.