نێردەی تایبەتی ئۆباما گەیشتە لای بارزانی
خواكوڕك
نێردەی تایبەتی باراک ئۆباما بۆ هاوپەیمانێتیی شەڕی دژی داعش لە دیدارێکدا لەگەڵ بارزانی رایگەیاند “سەرۆك ئۆباما جەختی لە پاڵپشتیكردنی پێشمەرگە کردووە”. گوتیشی: “ئەمریکا پێزانینی هەیە بۆ قوربانیدانی هێزی پێشمەرگە”.
رۆژی شەممە 22ـی 10ـی 2016 لە پیرمام مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ برێت مەكگۆرك، نێردەی تایبەتی باراک ئۆباما بۆ هاوپەیمانێتیی شەڕی دژی داعش و شاندێكی یاوەری کۆبووەوە.
بەگوێرەی سایتی فەرمی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، نێردەی تایبەتی ئۆباما بۆ هاوپەیمانێتیی شەڕی دژی داعش وێڕای ئاماژەدان بە بایەخی ستراتیژیی هەرێمی كوردستان بۆ وڵاتەكەی، سوپاس و پێزانینی ئەمریكای بۆ قوربانیدانی هێزی پێشمەرگە و سەركردایەتیكردنی شەڕ و دەستپێشخەرییەكانی بارزانی دووپاتكردەوە.
برێت مەکگۆرک بە سەرۆکی هەرێمی کوردستانی راگەیاندووە”سەرۆك ئۆباما جەختی لە پاڵپشتیكردنی پێشمەرگە و پشتیوانیكردنی سەربازیی سوپای ئەمەریكا بۆ هێزی پێشمەرگە لە بەرەكانی شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش كردووەتەوە”.
هەر بەپێی هەواڵەکە لە کۆبوونەوەکەدا باس لە قۆناخەكانی ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ كراوە و بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی شەڕی داعش لە پارێزگای نەینەوا تاوتوێكراوە و لە بەشێكی دیکەی كۆبوونەوەكە باس لە پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا کراوە.