مایه‌سیری چیه‌.؟چۆن درووست ده‌بێت.؟چاره‌سه‌ری چیه‌.؟ چۆن خۆمان بپارێزین.؟

مایەسیری بریتییە لە هەڵئاوسانی بۆرییەكانی خوێن لە كۆتایی ریخۆڵە ئەستوورەو ڕێكەدا، ئەم بەشە بە بەشێكی دەوڵەمەند بە بۆری خوێن دە‌ناسرێت، ئەو بۆرییانەش پاڵپشتی ماسولكەكان دەكەن، ئەوەش بە مەبەستی داخستن و كردنەوەی كۆم.”

خوێن كە هەڵگری ئۆكسجین و خۆراكە لە رێگەی خوێنبەرەوە دەگاتە كۆم‌ و لەرێگەی خوێن هێنەرەوە دەگەڕێتەوە بۆ دڵ، ئەگەر بەربەستێك دروست بێت بۆ خوێن هێنەرەكان لەكۆما بۆ گەڕانەوەیان بۆ دڵ، ئەوا پەستان لەسەر خوێن هێنەرەكانی كۆم دروست دەبێت و دەبێتە هۆی گەورەبوون‌ و ئاوسان‌ و پێچاوپێچی خوێن هێنەرەكان لەناوچەی كۆمدا كە پێی ئەوترێ مایەسیری.

هەردوو ڕەگەز تووشی مایەسیری دەبن، بەڵام ڕەگەزی مێینە ئەگەری توشبوونیان زیاترە بە بەراورد بە پیاوان، لە (50%) پێگەیشتوان نیشانەكانی مایەسیریان تیا دەردەكەوێت لە تەمەنی (50) ساڵیدا، مایەسیری گرفتێكی ترسناك و كوشندە نییە، بەڵام دەبێتە هۆی بێزاركردن و دروستكردنی ئازار، بۆیە پێویستە لە كاتی هەستكردن و هاتنە دەرەوەی خوێنێكی سوری كاڵ لە كۆمەوە، یان بینینی خوێن بە جلی ژێرەوە، سەردانی پزیشكی پسپۆر بەو بوارە بكرێت.

نیشانەكانی ئەم نەخۆشییە چیین ؟

1. خوێنبەربوونێكی بێ ئازار لەكاتی دەرچوونی پیسایی، یان بوونی خوێنێكی سوری كاڵ بە جلی ژێرەوە.
2. ئەستووربوون، خوران و كزانەوە لە دەوروبەری دەرچەی كۆم.
3. گرێیەكی بە ئازار لە دەوروبەری دەرچەی پیسایی.
4. ئازارو ناڕەحەتی.
5. لێچوونی پیسایی لە كۆمەوە بێ ویستی خۆت.

نیشانەكانی مایسیری دەوەستێتە سەر جێگەی مایەسیریكە، لەوانەیە مایەسیریەكە لە ڕووی ناوەوەی كۆم بێت كە ناتوانرێت ببینرێت و وە زۆر بە كەمی ناڕەحەتیت بۆ دروست دەكات، بەڵام فشاركردنی زۆرلە كاتی قەبزیداو پەستان خستنە سەر ڕووی مایەسیریەكە وادەكات خوێنی لێ بێت، ئەگەر مایەسیریەكە لە ژێر پێستداو لەڕووی دەرەوەی كۆم بێت، كاتێك پەستانی دەچێتە سەر لە كاتی دەرچوونی پیسایی ئەگەری هەیە تووشی خوران و خوێن بەربوون بێت.

هۆكارەكانی دروست بوونی مایەسیری :

1. فشار كردن لە كاتی دەرچوونی پیسایی.
2. دانیشتن بۆ ماوەیەكی درێژ لە توالێت.
3. سكچوون یا قەبزییەكی درێژخایەن.
4. قەڵەوی.
5. دووگیانی.
6. جووتبوون لە ڕێگەی دەرچەی پیسایی.
7. هەبوونی پێشینەی خێزانی.

خۆپاراستن لێی: باشترین ڕێگە بۆخۆ پاراستن لە مایەسیری بریتییە لە هەوڵدان بۆنەرم كردنی پیسایی كە وادەكات پەستان نەخرێتە سەر گرێ مایەسیریەكە ئەمەش بەم ڕێگەیانەی خوارەوە:

خۆراكی دەوڵەمەند بە ڕیشال (فایبەر) بخۆ لەوانە: سەوزەو میوە، بەرهەمەكانی دانەوێڵە.
خواردنەوەی ڕێژەیەكی زۆر لە ئاو : پێویستە ڕۆژانە شەش بۆ هەشت پەرداخ ئاویان شلەكانی تر بخورێت.

Back to top button