چەند نهێنیەك لەسەر پیلانی هێرشەكەی دوێنێی كەركووك ئاشكرا دەبێت

راپۆرت: نیاز حاجی

هاوشێوەی کەوتنی موصڵ و شەنگاڵ ، دوێنێ پلانێکی شوم دژی کەرکوک شکستی هێنا ، ئەو پیلانەی بۆ دەستبەسەرداگرتنی کەرکوک کێشرابوو ، هاوشێوەی ئەو پیلانەی کەوتنی موصڵ بوو ، چۆن لە موصڵ سەرەتا ژمارەیەک داعش دزەیانکردە ناو شاری موصڵ و بۆ رۆژانی دواتر توانیان لای راستی موصڵ بگرن ، دواتر لای چەپی موصڵ .
پیلانەکەی دوێنێی کەرکوک پیلانێکی سەربازی هەواڵگری ئێران بوو کە چەند هێزێکی میلیشیا شیعەکانیش تێیدا بەشدار و رۆڵی کارئاسانیکردنیان بۆ هاتنە ژورەوەی داعش بۆ ناو کەرکوک گێرا .

پیلانەکە بەم شێوەیە بوو .
زیاتر لە ۱۲٠ تیرۆریستی خۆکوژ و مەشقپێکراوی داعش کە ژمارەیەکی زۆریان بیانی بوون ، لە سنوری گوندی بەشێر کە میلیشیا شیعەکانی تێدایە ، کارئاسانیان بۆ کرا بۆ دەربازبوون و دزەکردنە ناو کەرکوک .
ئەو دزەکردنە لەدەوروبەری کاتژمێر ۱۲ی شەوی هەینی ئەنجامدراوە ، چونکە لەرۆژانی هەینی کەمتەرخەمی زۆر بەدی دەکرێت لەلایەن هێزە ئەمنیەکانی ناوشاری کەرکوکەوە .
ئەو هێزەی داعش بەشێوەیەکی بەرنامە دارێژراو دابەشی ناو شار و دەرەوەی شاری کەرکوک کرا و لە کاتی دابەشکردنەکەشدا هاوکاری کراون .

سەرنجی دابەشبونی چەکدارەکانی داعش بدەن
1. ژمارەیەک چەکدار نێردران بۆ شارۆچکەی دوبز و لەوێ چەند کارمەندێکی کۆمپانیایەکی ئێرانیان کوشت تا ئەو گومانانە لەسەر ئێران نەمێنن کە لە پشتی ئەو کارە تیرۆریستیەیە .
2. ژمارەیەکیان بۆ گوندی قوتان نێردران کە ئەو گوندە دەکەوێتە نێوان شارۆچکەی دوبز و کەرکوک تا رێگا لە هاتنی هێز بگرن .
3. چەند چەکدارێک نێردران بۆ نزیک گوندی بیبانی ، کە ئەو گوندەش دەکەوێتە سەر رێگای پردێ و کەرکوک ، کە شەوی رابردوو دەستگیرکران و ئاشکرا بوون ، ئەوەش بۆ دروست کردنی خاڵێکی تری شەرکردن و سەرقاڵکردنی هێزەکانی پێشمەرگە بوو ئەگەر لە هەولێرەوە بهێنرێن.
4. ژمارەیەکیان نێردران بۆ نزیک گوندی لەیلان کە شەو تا ئەم بەیانیە لێیاندرا و ئاشکرابوون و زۆربەیان کوژران .
5. ژمارەیەکیان دابەشی ناو شاری کەرکوک و دابەشی سەر باڵەخانە گرنگەکان کران .
6. ژمارەیەکیشیان لە گەرەکە عەرەبنشینەکانی باشوری کەرکوک ( ممدودە و عروبە و واحد ئازار و واحد حزیران و اسرا و مفقودین و دۆمیز و غرناتە….هتد) مانەوە ، توانیانیان دەست بەسەر ئەو گەرەکانە بگرن و هیچ هێزێکی ئەمنی تێیاندا نەما.
پیلانەکە بە شێوەیەک دارێژرابوو کە لەیەک کاتدا لە تەواوی ئەو شوێنانەوە دەست بە هێرشکردن بکرێ و لە تەواوی شاری کەرکوک و دەوروبەریدا ، بەهۆیەوە ترس و دڵە راوکی زۆر بڵاوبێتەوە و ورەی ئەو هێزە ئەمنیانە بروخێنرێت ، ئەمەش دەبێتە هۆکار بۆ دەستپێکردنی لێشاوی راکردن و چۆڵکردنی دانیشتوانی شارەکە .
هەروەها هاوکات لە گەرەکە عەرەب نشینەکان هاوشێوەی موصڵ راپەرین ئەنجام بدرێت و لە میحوەرەکانیش دەست بە هێرشکردن بکرێت .

هۆکاری شکستی پیلانەکەی داعش و مالیکی و ئێران لە دژی کەرکوک
1. خەڵکی خۆراگری کەرکوک بەتایبەت خۆبەخشە کوردەکانی شارەکە و بەشێک لە کارمەندانی دەزگا ئەمنیەکان کە بەرگریان گەورەیان کرد و نەهێڵرا بارەگا ئەمنیەکان هەرەسە بهێنن .
2. بەدەنگەوە (نە)هاتنی دانیشتوانی عەرەبی کەرکوک بەتایبەت ئەو گەرەکانەی کە داعش داگیری کردبوون بۆ راپەرین ، بە پێچوانەوە لەو گەرەکانەدا چەندین مەفرەزەی چەکداری بۆبەرگری لە گەرەکەکانیان لە دژی داعش دروستکران و هاوکاری داعش نەبوون .
3. شکستی هێرشەکەی داعش لە تەواوی میحوەرەکاندا کە دوێنێ ئەنجامی دان .
4. داعش بۆ شەوی دووەم ، پلان دانابوو کە دوبارە هێزی تری لە سنوری بەشیر و داقوق دزەی پێ بکرێ ، بەڵام هەر زوو ئەو پیلانە شکستی پێ هێنرا ، چەندین بارەگا و مووڵگەی شیعەکان لە دەوروبەری تازە و داقوق و بەشیر و ئەو شوێنانەی کە داعشی تێدابوون لە گەرەکە عەرەبیەکانی کەرکوک ، بە فرۆکەی هاوپەیمانان کە ئاباتشیشی تێدا بەکارهێنرا ، بۆردومان و خاپورکران . بەم هۆیە ئیمدادی ئەو هێزانەی داعش کۆتایی پێ هات ، بەو بۆردومانانە ، پەیامەکە بۆ میلیشیا شیعەکان و مالیکی و ئێران نێردرا کە ئەگەر واز نەهێنن ئەوا لێتان دەدرێت .
5. گەیشتنی هێزە رەشەکەی شێخ جەعفەر و گەیشتنی کۆسرەت رەسوڵ و هێزەکانی زێرەڤانی ، هەرەها بەرگری قارەمانانەی هێزەکانی ئاسایش و پۆلیس و خۆبەخشان ، وایانکرد پلانەکە شکست بێنێت .
دوای شکستی پیلانەکەی دوێنێ ، هەندێک پرسیار دروست بوون ::
بۆچی هێزەکانی دژە تیرۆری باڵی دەسترۆیشتوو ، هیچ رۆڵێکیان نەبینی ، لەو کاتەوە ئەوان هاتنە ناو بابەتەکە کە هێزەکانی کۆسرەت رەسوڵ و شێخ جەعفەر گەیشتنە کەرکوک و دوای ئەوەی دڵنیا بوون لەوەی کە پیلانەکە شکستی هێنا؟
ئەو داعشانەی هاتنە ناو گەرەکە عەرەب نشینەکانی کەرکوک ، زۆربەی دانیشتوانەکەی بە عەرەبی (۱٠)هەزاری ناسراون و لە پێکهاتەی شیعەن ، بۆ داعش هیچ تاوانێکی لە دژیان ئەنجام نەدا و نزیکی یەک حوسەینەیە نەکەوت کە لەو گەرەکانەدا هەن ، تەنها بارەگای ئاسایشی پارتی نەبێ ؟
بۆچی ئەو هێزە زۆرەی داعش کە لە بەشیرەوە تا گەیشتنە ناو کەرکوک کە تەواوی میلیشیا شیعەکانی لێیە ، یەک فیشەکیان لە دژ نەتەقێنرا ؟
دیمەنە راستەوخۆکانی کەناڵەکانی راگەیاندن ئەگەر زیانیشیان هەبوبێ ، سودی ئەوەیان هەبوو کە لە کاتژمێر ۳ی شەوە تا رۆژی دواتر واتا زیاتر لە ۱٤ کاتژمێر لە شەر و ئاڵۆزی ناو کەرکوک ئەو هێزانەیان پیشانداین کە بەشداری بەرگریکردنەکان بوون ، هیچ هێزێکی دژەتیرۆر نەبینرا تا دوای کاتژمێر چوار ، ئایا ئەو خۆبەدورخستنەی هێزەکانی دژەتیرۆر مانای ئەوە نابەخشێ کە ئەوان ئاگاداری ئەو پیلانە بوون ؟

هێرۆخان بەر لە مانگێک نامەیەکی بۆ عەبادی نارد ، لە نامەکەدا هەڕەشەی ئەوەی کرد کە هەموو رێگایەک دەگرنە بەر بۆ هەڵوەشادندنەوەی رێککەوتنەکەی نێوان هەولێر و بەغدا ، ئایا روداوەکانی دوو رۆژی رابردوو و بێدەنگبونی دژەتیرۆر پەیوەندی بەم هەڕەشەیەوە نیە ؟
ئێستا ئاشکرا بووە کە پیلانە شومەکە چۆنە و کێش تێیدا بەشدار بووە و چۆنیش شکستی پێ هێنرا ، ئەو پروپاگەندانەش کە دەکرێن گوایە داعشەکان بە کۆپتەر هاتوون ، وەک خودی پیلانەکە شکست دەهێنن و ناتوانن راستی بابەتەکە بەلارێدا ببەن و چەواشەی خەڵکی پێ بکەن .
مالیکی و ئێران ، لە رێی داعشەوە توانیان میلیشیا شیعەکان ببەنە ناو شارە سوننە نشینەکانی عێراق ، دوێنی ویستیان هەر لە رێی داعشەوە میلیشیا شیعەکان ببەنە ناو کەرکوک تا چارەنوسی کەرکوکیش بەهەمان چارەنوسی شارەکانی تر بگەیەنن بەڵام شکستیان هێنا .

Back to top button