نه‌جمه‌دین كه‌ریم : بڕوای تەواوم ھەیە ئەمجارە سەرۆک کۆماری عێراق بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان دەبێت

له‌ چه‌ند خولى رابردووى سه‌رۆكايه‌تي كۆماردا ، پشکی کورد بووە، لە ناو لایەنە کوردستانییەکانیش ئه‌و پۆسته‌ به‌پێی ڕێكه‌وتن دراوه‌ به‌ یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان ، بەڵام ئەمجارە پارتی دیموكراتی كوردستان پێیوایه‌ نەخشەی سیاسی گۆڕاوە، مەرج نییە ئەمجارە پۆستی سەرۆک کۆمار بۆ یەکێتی بێت.

نەجمەدین کەریم، پارێزگاری شەرعیی کەرکووک و ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی ڕاگەیاند:” لە ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە تا ئێستا، ڕۆژ بە ڕۆژ باری سیاسی و ژیانی خەڵک لە کەرکووک بەرەو خراپتر ڕۆشتووە، تەنانەت ئەو کەسانەی ھۆی ڕووداوی ١٦ی ئۆکتۆبەر بوون، لە ناو کوردستان دان بەوەدا دەنێن کە دۆخی کەرکووک خراپە، ”ھەرچەندە خۆیان دەستیان لەو کارە خراپە ھەبووە“.

پارێزگاری شه‌عی كه‌ركوك ده‌شڵێت :” یەکێک لە پەرلەمانتارە تازەکانی کەرکووکم بینیووە، نامەی بۆ سەرۆکی پەرلەمان نووسیوە و تێیدا باسی لەو کارە نادەستووری و نایاساییانە کردووە کە (راكان جبوری) پارێزگاری سه‌پێنراوی کەرکووک ئەنجامی دەدات، بەڵام ”لەڕاستیدا ھۆکاری سەرەکی خودی خۆیان بوون، ھۆی ئەوەی کە پارێزگاری شەرعیی کەرکووک لە شارەکە نەمێنێت و پارێزگارێکی دیکە بەوەکالەت دابنرێت کە ئەم ھەموو کارانە دەکرێ، هەر ئەوان بوون“.

نەجمەدین کەریم ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی ڕاشیگه‌یاند:” بەهۆی زمانی کوردییەوە، گرووپەکانی حەشدی شەعبی سووکایەتی بە کوردان دەکەن ومنداڵه‌كان تەنیا دەزانن بە کوردی قسە بکەن، بەڵام کە دەچنە خاڵی پشکنینەکان لە کەرکووک و بەکوردی قسە دەکەن، حه‌شدی شه‌عبی پێیان دەڵێن بۆ بە عەرەبی قسە ناکەن؟ تەنانەت لە ناو شاردا ئەوانەی حەشدی شەعبی و بەتایبەتی تورکمانەکانی حەشدی شەعبین، گاڵتە بە کورد دەکەن، ئەگەر بە عەرەبی یان تورکمانی قسە نەکەن،ئه‌مه‌ش نیشانه‌ی ئەوەیە کە شکۆی کورد لە کەرکووک نەماوە و ھۆکارەکەشی ئەو کەسانەن“.

پارێزگای شه‌رعی كه‌ركوك گوتی :” جگە لە لابردنی بەڕێوەبەرە کوردەکان لە کەرکووک، تەعریبێکی زۆر لەو شوێنانە هەبووە کە ئەرز و خاکی کوردە و عەرەب ھێنراوەتە شوێنەکەی و ماڵوموڵکیان داگیر کراوە، تەنانەت هەڕەشەی ئەوە کراوە ئەو کەسانەی لە دوای ٢٠٠٣ ئاوارە بوون و خەڵکی کەرکووک خانووەکانیان بڕوخێنن، ”دۆخەکە ئاسایی نییە و مەترسی لەسەر ھەموو ناوچەکە دەبێ، واتە کەرکووک و ھەموو عێراقیش“.

له‌باره‌ی پۆستی سه‌رۆككۆماری عێراق نه‌جمه‌دین كه‌ریم گوتیشی :” هیواخوازم ئەمجارە کەسێک ببێتە سەرۆک کۆماری عێراق کە ”باشتر“ بێت و ”دەبێ ئەم دۆخە بگۆڕێت“ من بڕوای تەواوم ھەیە ئەمجارە سەرۆک کۆماری عێراق بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان دەبێت“.

له‌ كۆتایی چاوپێكه‌وتنه‌كه‌یدا نه‌جمه‌دین كه‌ریم پارێزگای شه‌رعی كه‌ركوك وەڵامی لێدوانەکەی قوباد تاڵەبانی دایەوە کە گوتبووی، یەکێتی سەلماندوویەتی ئەگەر پێویست بکات شەڕ بکەن، ئەوا شەڕ دەکەن. ده‌شڵێت:” من قوبادم خۆشدەوێ و برادەرمە، بەڵام ئەو خۆی باش دەزانێت کە لە ١٦ی ئۆکتۆبەر چی ڕووی دا، لە بانگەشەی ھەڵبژاردن دا کەس بە دۆی خۆی ناڵێ ترشە، بە حەقیقەت چەند کەسانێک بوونە ھۆی ئەوەی ئەمڕۆ میڵەتی ئێمە بەنەعلەتەوە سەیری ئەو کەسانە بکات کە بوونە ھۆی ئەم دۆخە، بەداخەوە ئەو کەسانەش لە ناو یەکێتی بوون و دەستیان دەڕۆشت، بۆیە توانیان ئەمە بکەن“.

Back to top button