عه‌لی عه‌ونی: ئێمه‌ به‌ نیاز نین پۆستی سه‌رۆككۆماری عێراق بده‌ینه‌وه‌ به‌ یه‌كێتی

بەگوێرەی ڕێککەوتنی نێوان پێکهاتە سەرەکییەکانی عێراق(کورد، شیعە و سوننە) پۆستە سیاسییەکان یەکلا کراونەتەوە، بە جۆرێک کە پۆستی سەرۆککۆمار بۆ کورد، سەرۆکی پەرلەمان بۆ سوونە و سەرۆکوەزیرانیش بۆ پێکهاتەی شیعە بووە.

عەلی عەونی ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕایگه‌یاند:” تا ئێستا ھیچ ڕێککەوتنێکیان لەگەڵ یەکێتی بۆ پێدانەوەی ئەو پۆستە نییە و ئەمجارەیان خۆیان وەکوو پارتی ئەو پۆستە بەڕێوە دەبەن”.

ئەندامه‌كه‌ی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتیشی: “ئەو پۆستە بەپێی حەقەبەشی ھەڵبژاردن، پۆستی پارتییە و پێشتریش بە رێککەوتن دراوە بە یەکێتی، بەڵام ئێستا ئەو ڕێککەوتنەمان لەگەڵ یەکێتی کۆتایی ھاتووە و لیرە بەدواوە ئیتر خۆمان خۆمان پۆستەکە وەردەگرین”.

لەبارەی کاندیدەکانی یەکێتییش بۆ ئەو پۆستە،عه‌لی عه‌ونی ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی پارتی ده‌شڵێت:” ئێمە بەنیاز نین ئەو پۆستە جارێکی تر بدەینەوە یەکێتی، بەڵام وەکوو رای شەخسیی خۆم لەسەر کاندیدەکان، ئەوە دەبێ بزانین کە لەتیف رەشید دەستی ھەبووە لە بڕینی قووتی خەڵکی کوردستان، تەنانەت سەرکردە باڵاکانی خودی یەکێتی دانیان بەو راستییەدا ناوە، لەبەرئەوە لای ھەموو حزبەکان و باڵێکی یەکێتی و خەڵکی کوردستانیش قبووڵکراو نییە”.

ئەم جارە چونکە هاوکێشە سیاسییەکان و ڕێککەوتنی نێوان لایەنە سیاسییە براوەکان و سەرەکییەکانی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە گۆڕانیان بەسەردا هاتووە، پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق دواکەوتووە و، پاش ماوەیەکی زۆر لە دانوستانی لایه‌نه‌ سیاسییە سوننەکان تواندرا سەرۆکی پەرلەمان دیاری بکرێ، تا ٢٥ی ئەم مانگەش دەبێ کورد کاندید بۆ پۆستی سەرۆککۆمار یەکلا بکاتەوە، کە پێدەچێ بۆ پۆستە زیاتر لە لەیەنێکی کوردستانی کاندیدیان بۆی هەبێ و، ئەمەش پێویستی بە ڕێککەوتن هەیە لەگەڵ لایەنە عێراقییەکانیشدا.

Back to top button