بەرەیەک لەدژی پێشمەرگە

کارزان سەباح هەورامی

هێرشی داعش بۆ سەر کەرووک و بەئامانج گرتنی شارەکە، واپێشبینی دەکرێت کە بەرەیەکی تازەی داعش بێت بیەوێت فشارەکانی سەر ئازادکردنەوەی مووسڵ کەم بکاتەوە، چاوەڕوانیش دەکەرێت، تاکتیکێک بێت بۆ ئەوەی هێزی بیانی بێنە شاری کەرکووکەوە، چونکە لێدوانی ئەندامانی (دەوڵەتی یاسا) لەبارەی رەوشی شارەکەوە نیشانەی ئەوەدەدات کە هەولێکی جددی هەیە، بۆ ئەوەی پێشمەرگە جێگای لێژ بکرێت، یان بەرەی جەنگی لەدژ فراوان بکرێت و پاشەکشە بە ئۆپەراسیۆنی مووسڵ بکرێت، هەوڵەکان بۆ دواکەوتنی ئۆپەراسیۆنی زۆرن، لەوە دەچێت بەشێکیان لەئاراستەی نووری مالیکی، سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراقەوە بێت، چونکە پێی وایە ڕۆڵی حەشدی شەعبی لە ئۆپەراسیۆنەکە بەکەم گیراوە و رێگای بەشداری پێکردنیان لێ گیراوە، خاڵی دواتر سەرکەوتنی ئەم ئۆپەراسیۆنە لەوە دەچێت لەبەرژەوەندی نەیارەکانی بێت لەسەرووی هەموویانەوە، (حەیدەر عەبادی) سەرۆک وەزیرانی عێراق، کە ئەم سەرکەوتنە لەوە دەچێت لە ناوپەیمانی شیعەکانیش باڵانسی بەرزببێتەوە.

ئەگەر ئەمە لە ئاستی عێراق بێت، ئەوە لە هەرێمی کوردستانیش بەرەیەک لەدژی ئۆپەراسیۆنی مووسڵ و تارادەیەک لەدژی هەوڵەکانی پێشمەرگە هەیە، هەڵبەتە هەوڵەکە لەو ڕوانگەوەیە کە بزووتنەوەی گۆڕان دەیەوێت، پەیامێک بگەیەنێت کە ئەوەی ئێستا شەڕدەکات پێشمەرگەی حزبە نەک هی کوردستان، لە کاتێکدا ئەوهەوڵە لەو ڕوانگەوەیە کە سیمای میلیشیا بە پێشمەرگە بدرێت، چونکە ڕوانگەیەکی حزبی هەیە کە دەسکەوتی پێشمەرگە بۆ حزب دەگەرێیتەوە، دووریش نییە، ئەمە بە تەوجیهات بێت، لەوەش دەچێت، کردنەوەی ئەو بەرەیە لەدژی ئۆپەراسیۆنی مووسڵ بەرئەنجامی ئەو سەردانەی، نووری مالیکی بێت کە لەماوەی رابردوو بۆ شاری سلێمانی ئەنجامی دا و لەگەڵ هەندێک لایەنی سیاسی کۆبوونەوە، لە کاتێکدا هەندێک زانیاری هەبووە کە هەوڵێکی جددی دراوە بۆ ئەوەی مالیکی ئەمەریکا رازی بکات و لەگەڵ باڵیۆزی ئەمەریکاش لەبەغدا کۆبوونەوەی کردووە بۆ ئەوەی ئۆپەراسیۆنی مووسڵ دوابکەوێت، بۆیە لەوە دەچێت بزووتنەوەی گۆڕان لەگەڵ ئەم هێرشەی پێشمەرگە نەبن، لەبەر ئەوەی کە پێیان وایە گفتووگۆکانی هەولێرو بەغدا و چوونی شاندی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا بەبێ بزووتنەوەی گۆڕان بووە. یەکێک لەو مەترسیانەی کە بزووتنەوەی گۆڕان لەلایەن هەڵسوراو پەرلەمانتار و راگەیەنکارەکانیەوە دەیەوێت بە گۆڕینی ئاراستەی هێرشەکانی پێشمەرگە کارتێکی سیاسی نوێ بەکاربهێنن کە یەکێکە لە مەترسیدارترین کارتەکان، چونکە لەگەڵ ئەوەی ئێستا پێشمەرگە لەبەرەیەکی فراوانی جەنگ دایە لەهەمان کاتدا یەکێکە لە هاوکار و ئەندامانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەدژی داعش ئەگەر بێت و پێشمەرگە وەک ئەوەی بزووتنەوەی گۆڕان باسی دەکات میلیشیابێت، ئەوە چۆن هاوپەیمانان هەماهەنگی سەربازیان لەگەڵ دەکەن؟ خاڵی دواتر ڕوانگەی بزووتنەوەی گۆڕان ئەوەیە کە فەرماندەی گشتی میحوەرەکان بکرێنە ئامانج، چونکە لە ڕوانگەی ئەوانەوە، دواجار دەسکەوتی شەڕ بۆ بەرپرسانی حزبەکان دەبێت، لە کاتێکدا پرسیاریان لە خۆیان نەکردووە کە چەند فەرماندەی پێشمەرگە هەیە کە لایەنگری گۆڕانە چەند پێشمەگەر هەیە کە دەنگی بە بزووتنەوەی گۆڕان داوە؟، لە کاتێکدا ئەگەر بڕیار وابێت پێشمەرگە لەبەرەی جەنگ بە حزبی بکرێت، دەبێت حزبێک بخرێتە بەردەم بەرپرسیارەتی کە چۆن دەکەوێتە بەرەیەکەوە کە لەدژی پێشمەرگەیە.

Back to top button