كۆمەڵی ئیسلامی داوای گەڕانەوەی سەرکردە ئیسڵامیەکانی نێو هاوپەیمانی دەکات

دوای ئەوەی هاوپەیمانیەکەی بەرهەم سالح بەشداری هەلبژاردنی نەکرد لە ئێستادا دەنگۆی گەڕانەوەی هەیە بۆ ناو یەکێتی، كۆمەڵی ئیسلامی داوا گەرانەوەی سەرکردە ئیسلامییەكانی نێو هاوپەیمانیی دەکات بۆ ریزی کۆمەڵ.

ئەمڕۆ عەبدولستار مەجید ئەندامی ئەنجوومەنی سیاسیی کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان لە پەیامێكی دەستپێشخەریدا داوای لە سەركردە ئیسلامییەكانی نێو هاوپەیمانییەكەی بەرهەم ساڵح كردووە دەست لە مافی دەنگدانی خۆیان هەڵنەگرن، هەروەها بۆی نووسیون كە كۆمەڵی ئیسلامی ماڵی خۆیانە و دەتوانن دەنگ بەلیستەكەی كۆمەڵ بدەن.

بەهۆی ئەوەی بەرهەم ساڵح بەر لە دەستپێكی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانەوە بڕیاری بەشداری نەكردنی دابوو، وەك دەستپێشخەرییەك بۆ داوای گەڕانەوەی بۆ نێو یەكێتی، ئێستە بەشێكی هاوپەیمانییەكەی دەنگی ناڕەزاییان لێ بەرز بووەتەوە، بەتایبەتی كە بەرهەم ساڵح بەبێ پرس و ڕای سەركردەكانی هاوپەیمانییەكەی لە یەكێتی نزیك بووەتەوە و خەریكی گەڕانەوەیە بەئومێدی وەرگرتنی پۆستی سەركۆماری عێراق.

عەبدولستار مەجید لە پەیامەكەیدا نووسیویەتی “بەهەموو ئەو برا و خوشکە بەڕێزانەمان کە مێژوویەکی دوور و درێژمان لە خەباتی سیاسی و بانگەوازی ئیسلامی و کاروانی کۆمەڵی ئیسلامیدا هەبووە و بارودۆخێکی تایبەت وای کرد بچنە ناو هاوپەیمانیی دەڵێم لە هەر شوێنێکن و هاوپەیمانی هەر دۆخێکی تایبەتی هەیە، نەکەن دەست لە خەونی گۆڕانکاری و چاکسازی هەڵبگرن، ئەگەر بڕیارێکی حزبی هەیە بۆ بایکۆتی هەڵبژاردن، ئەوە با کار نەکاتە سەرتان و دەست لەو مافەتان هەڵمەگرن. ئێوە برا و خوشک و دۆست و هاوڕێی ئێمە بوون و هەن، کۆمەڵی ئیسلامی و لیستەكەی بەهی خۆتان بزانن و پشتگیریمان بکەن”

Back to top button