پارتی به‌هیچ شێوه‌یه‌ك كاندیدی سه‌رۆككۆمار راده‌ستی یه‌كێتی ناكه‌ین

پاش ئه‌وه‌ی یه‌كێتی به‌رهه‌م ساڵحی كاندید كرد به‌ فه‌رمی بۆ پۆستی سه‌رۆككۆمار، پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌لێـ” به‌هیچ شێوه‌یه‌ك به‌رهه‌م ساڵح كاندیدی ئیمه‌ نیه‌ بۆ سه‌رۆككۆماری عێراق، ئه‌م پۆسته‌ ئیستحقاقی كورده‌ و له‌ناو كوردیش ئیستحقاقی لیستی یه‌كه‌مه‌، كه‌ پارتی دیموكراتی كوردستانه‌، بۆیه‌ ئێمه‌ وه‌ك پارتی كاندیدی خۆمان ده‌بێت بۆ پۆستی سه‌رۆككۆماری عێراق”.

له‌ لێدوانێكی فه‌رمی دا گوته‌بێژی پارتی دیموكراتی كوردستان دەربارەی پاڵاوتنی دكتۆر بەرهەم ساڵح بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار لەلایەن یەكێتی نیشتمانی كوردستانەوە ده‌لێـ”ئێمە لە پارتی دیموكراتی كوردستان لە دوا كۆبوونەوەماندا لەگەڵ جێگری سكرتێری گشتی و بەرپرسی دەستەی كارگێری و ئەندامانی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی، خواست و هەوڵەكانمان بۆ ئەوە بوو وەك چۆن بە یەكگرتوویی و یەك بەرنامەیەیی لە بەغداین، هەرواش بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار لەسەر یەك كاندید رێكبكەوین، هەروەها وەكو ئیستحقاقی هەڵبژاردن بەحەقی خۆمانزانی پۆستی سەرۆك كۆمار كە چەند جارێكە لە لایەن یەكێتیەوە كاندیدی بۆ دیاری كراوە، ئەم جاریان لە لایەن پارتیمانەوە و بە كاندیدی پارتیمان پر بكرێتەوە، لەم بارەوەش پێشنیار و را گۆرینەوەمان هەبووە، بڕیار وابوو برایانی یەكێتی دوای گەرانەوەیان بۆ كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسی ئاگادارمان بكەنەوە بەڵام ئاگاداریان نەكردینەوە تا ئەمرۆ لە راگەیاندنەوەکانەوە بیستمان كە دكتۆر بەرهەم سالحیان دوای گەرانەوەی بۆ ناو یەكێتی تاك لایانە بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار پاڵاوتووە.

هه‌روه‌ها گوته‌بێژی فه‌رمی پارتی ده‌شلێـ”ئێمە وەكو پارتی دیموكراتی كوردستان رایدەگەیەنین كە پۆستی سەرۆكی كۆمار ئیستحقاقی گەلی كوردستانە و نابێ هیچ لایەنێك تەنیا بە موڵكی خۆی بزانێت، بۆیە پارتیمان بۆ پڕكردنەوەی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق كاندیدی خۆی دەبێت.

هه‌روها سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ناو پارتی ده‌لێت، كاندیدی سه‌رۆككۆماری ده‌بێت پارتی بێت چونكه‌ ئیستحقاقی كورده‌ و له‌ناو كوردیش هی پارتیه‌، چونكه‌ لیستی زۆرینه‌یه‌، بۆیه‌ ئێمه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك قبوڵی كاندیدی یه‌كێتی ناكه‌ین و كاندیدی خۆمان ده‌بێت، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك رێگا ناده‌ین، به‌رهه‌م ساڵح ببێته‌ سه‌رۆككۆمار.

Back to top button