گه‌ڕانه‌وه‌ی به‌رهه‌م ساڵح ڕه‌خنه‌ی توندو تانز ئامێزتۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان گه‌رم ده‌كات

گه‌ڕانه‌وه‌ی به‌رهه‌م ساڵح بۆ ناو یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان بووه‌ بابه‌تی گه‌رمی تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و چالاكوانان ره‌خنه‌ی زۆریان له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی گرتووه‌و ژماره‌یه‌ك نوكته‌یشیان له‌سه‌ر كردووه‌و ڤیدیۆی قسه‌كانی رابردووی به‌ فراوانی بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ ده‌یگووت: “ده‌بێت مرۆڤ سیاسه‌ت به‌ حورمه‌ته‌وه‌ بكات”.

واباوە كورد زوو شتی لەبیر دەچێتەوە، بەڵام ئەمجارە بۆ بەرهەم ساڵح وادەرنەچوو، ڕەنگە ئەوەش پەیوەندیی بە كاتەوە هەبێت، چونكە جیاوازیی‌و پێچەوانەیی نێوان وتەو كردارەكانی بەرهەم ساڵح تەنها چوار مانگە، ئەو كە خاوەنی دروشمی “كردار شەرتە”یە، ئەمڕۆ بەكردار وەڵامی خەڵكی دایەوە.

هەندێك نوسیویانە”ئەو برادەرە ئەوەندە ئەم بەرو ئەو بەر بكات، ڕۆژێ سەیارەیەك لێی دەدات. پێی بڵێن داكەسێ” هەندێكی دیكە دەڵێن “پۆست‌و پارەیە”و زۆركەسیش وەك تەنز دروشمی “كردار شەرتە” دەنوسنەوە كە هی خودی بەرهەم ساڵحە‌و بەشێكیش بە “بكوژی هیواو ئومێد” ناوی دەبەن.

گه‌شه‌ دارا په‌رله‌مانتاری پێشووی یه‌كێتی و ئه‌ندامی باڵای هاوپه‌یمانی بۆ دیموكراسی و دادپه‌رپه‌وه‌ری له‌ فه‌یسبووكه‌وه‌ نوسیبووی: “سه‌رۆك كۆمار! شه‌رته‌ ژماره‌كه‌شت بسڕمه‌وه‌”.

سه‌روه‌ر عه‌بدولڕه‌حمان په‌رله‌مانتاری پێشووی یه‌كێتی ده‌قی نامه‌ی وازھێنانی به‌رهه‌م ساڵحی له‌ فه‌یسبووكه‌كه‌یه‌وه‌ بڵاوكردبووه‌و له‌سه‌ره‌وه‌ نووسیبووی “شه‌رمه‌زارنامه‌ی به‌رهه‌م ساڵح بۆ هاوپه‌یمانی”.

چالاكوانان و خه‌ڵكی ئاسایی زیاتر به‌ ته‌نزه‌وه‌ ره‌خنه‌یان له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی به‌رهه‌م ساڵح ده‌گرت و به‌شێكی زۆریان له‌ ئه‌كاونته‌كانی فه‌یسبووكه‌وه‌ نوسیبوویان: “موبه‌ریده‌ت داناوه‌ یان حزب، وا هاوین داتنا و پاییز لاتدا!”.

به‌شێكی دیكه‌ قسه‌یه‌كی پێشووی به‌رهه‌م ساڵحیان بیرده‌ھێنایه‌وه‌ كه‌ به‌رده‌وام ده‌یگووت “كردار شه‌رته‌” و وه‌ك ره‌خنه‌یه‌ك له‌ به‌رهه‌م ساڵح و پابه‌ندنه‌بوونی به‌ قسه‌كانی رابردووی، له‌ سه‌دان ئه‌كاونتی فه‌یسبووكی چالاكوانانه‌وه‌ نووسرا “كڕیار شه‌رته‌، درهه‌م شه‌رته‌”.

هه‌ندێكی تر ره‌خنه‌یان لێگرتووه‌ كه‌ بۆ كورسی سه‌رۆككۆمار هاودیده‌كان و هاوپه‌یمانی جێهێشتووه‌، له‌ كاتێكدا پێشتر له‌ كه‌ناڵه‌كه‌ی خۆیه‌وه‌ “خه‌ندان” به‌ ئاشكرا گوتبووی: “سیاسه‌ت به‌ فێڵ ناكرێت و رۆژان رۆژی له‌ دوایه‌، مرۆڤ ده‌بێت به‌ حورمه‌ته‌وه‌ سیاسه‌ت بكات و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ناگه‌ڕێمه‌وه‌ ناو یه‌كێتی”.

هه‌ندێكی دیكه‌ش به‌رهه‌م ساڵح به‌ “بێ به‌رهه‌م” ناوده‌به‌ن و هه‌ندێكیش ده‌نووسن “كڕیار شه‌رته‌” به‌ڵام ئه‌وه‌ی ماوه‌ته‌وه‌ رووداوه‌كانی رۆژانی داهاتووه‌ به‌تایبه‌تی تا ۲۵/۹/۲۰۱۸ كه‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق بۆ دیاریكردنی سه‌رۆككۆماری عێراق ده‌ستنیشانی كردووه‌، ئایا به‌رهه‌م ساڵح ده‌توانێت پۆسته‌كه‌ وه‌ربگرێت، یان كێشه‌یه‌كی دیكه‌ به‌رۆكی یه‌كێتی و كاندیده‌كه‌یان ده‌گرێت.

Back to top button