پەیامی سەرۆك بارزانی بەبۆنەی چل و هەشت ساڵەی یادی دامەزراندنی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان

بەبۆنەی چل و هەشتەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان، سەرۆک باررانی پیرۆزبایی ئاراستەی مامۆستایان و گەورە زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان و سەرۆك و ئەندامانی مەكتەبی تەنفیزی و ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان دەكات.

 

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەی سەرۆک هاتووە:”پێزانینم هەیە بۆ ڕۆڵ و كاریگەریی یەكێتیی زانایان و مامۆستا و پیاوانی ئایینی كە ڕێگەیان لە گەشەی هزری توندڕۆیی و ئینكار لەنێو خەڵكی كوردستان گرتووە و هەمیشە لە بارودۆخی سەخت و ئاڵۆزدا پشتیوانی دۆزی ڕەوای گەلەكەیان بوونە.

 

دەقی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

بەبۆنەی چل و هەشتەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان، پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی مامۆستایان و گەورە زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان و سەرۆك و ئەندامانی مەكتەبی تەنفیزی و ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان دەكەم.

یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە لەسەر دەستی جەنابی بارزانیی نەمر هەتا ئێستا و لە هەموو قۆناغە سەخت و دژوارەكاندا ڕۆڵی كاریگەریان هەبووە لە پتەوكردنی بنەماكانی خواناسی و بڵاوەپێكردنی فەرهەنگی پێكەوەژیان و هۆشیاركردنەوەی چینوتوێژەكانی كۆمەڵگەی كوردستان. هاوكاتیش لە سەنگەری شۆڕش و نیشتیمانپەروەریدا جێی دەستیان بە ڕوونی دیارە.

پێزانینم هەیە بۆ ڕۆڵ و كاریگەریی یەكێتیی زانایان و مامۆستا و پیاوانی ئایینی كە ڕێگەیان لە گەشەی هزری توندڕۆیی و ئینكار لەنێو خەڵكی كوردستان گرتووە و هەمیشە لە بارودۆخی سەخت و ئاڵۆزدا پشتیوانی دۆزی ڕەوای گەلەكەیان بوونە.

بەبۆنەی ئەو یادە گرنگە هیوای سەركەوتنتان بۆ دەخوازم لە ئەرك وكارەكانتاندا كە لە ژیانی كۆمەڵایەتی و سیاسیی گەلەكەماندا ئەرك و كاری پیرۆز و كاریگەرن.

خودا پشت و پەنای هەموو لایەكمان بێت

مسعود بارزانی

21ـی 9ـی 2018

Back to top button