هۆكاری ئازاری گوێ چیه‌ و چۆن خۆمان بپارێزین.؟

زۆر حاڵەت هەیە، ئازار لە گوێدا دروست دەكات تەنانەت شێوازی ژان كردنەكانیش جیاواز دەبن سەرەڕای تووش بوونی میكانیكی، زۆربەی ئازارەكانی گوێ لە جۆرێك نەخۆشی بەكترییەوە دێن، هەندێك جار ژانی گوێ بەهۆی شتێكەوە دەبێت كە دەچێتە گوێوە هەندێك جار منداڵان شتێك دەخەنە گوێی خۆیان یان گوێی منداڵێكی تر.”

ژانی گوێ جاری وا هەیە لەئەنجامی بوونی چڵكی ووشك لە گوێدا دروست دەبێت ئەو چڵكە یان هەرشتێكی تر لەگوێدا دەبێت بەهۆی پزیشكەوە دەربهێنرێت، چونكە پزیشك باشتر دەزانێت چۆن دەریدەهێنێت و زیانمان پێ ناگەیەنێت.

دەشێت ژانی گوێ لە ئەنجامی بەكارهێنانی شتێكی پیسدا بێت، لە كاتی گوێ پاككردنەوەدا، وەكو دانە شقارتە یان قژگیرە یان هەر شتێكی تر ڕەنگە ئەو شتانە پەردەی گوێ زام بكەن و ببنە هۆی دروستكردنی ئازار لە گوێدا.

كەڕوو لە گوێی دەرەوەو كەناڵدا دەشێت ببێتە هۆی ئاوسانی كەناڵی گوێ و دروست كردنی ئازار تیایدا، هەندێك جار مرۆڤ دوای تووش بوونی بە ڕشانەوە یان هەر نەخۆشیەكی تری كۆئەندامی هەناسە هەست بە ئازارێكی زۆر دەكات لە گوێیدا مانای وایە تەپڵەی گوێی ئاوساوە و گوێی دەرەوەی لە گوێی ناوەوە جیا كردۆتەوە.

هەر كەسێك بە شێوەی نادروست هەوا لە لوتییەوە دەر بكات، گوێی ناوەڕاستی تووشی ئازار دەبێت، بۆیە دەبێت هەردوو كونە لووت بە یەك كات بەكاربهێنین بۆ هەوا دەركردن، ئەمەو چەندین هۆكاری تریش دەبنە هۆی ژانی گوێ.

Back to top button