دڵشاد شەهاب: پلانی حکومەتە لە نزیکترین کاتدا پاشەکەوتی مووچە بەیەکجاری نەمێنێت

 

له‌گه‌ڵ باشتر بوونی دۆخی دارای هه‌رێمی كوردستان, چه‌ندین پڕۆژه‌ی خزمه‌ت گوزاری له‌ شارو شارۆچكه‌كانی كوردستان خراونه‌ته‌وه‌ كار, راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەنگۆی کەمکردنەوەی مووچەی فەرمانبەران رەتدەکاتەوە و دەڵێت ”نەک کەمناکرێتەوە بەڵکو لە پلاندایە لە نزیکترین دەرفەتی گونجاودا، کە توانا داراییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان باشبێت، پاشەکەوت بەیەکجاری نەمێنێت”.

دڵشاد شەهاب، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و ئەندامی سەرکردایەتی پارتی لەبارەی ئەو دەنگۆیەکەوە کە دەگوترێت پارتی و یەکێتی لە خوولی داهاتووی پەرلەمان لەڕێگەی پڕۆژەیەکەوە مووچەی فەرمانبەران کەمدەکەنەوە، رایگەیاند “من ئەو هەواڵەم لە میدیای گۆڕان بینی، کۆمێنێتکم لەسەر حەماسەتی گوتنی هەواڵەکە هەبوو، کتومت وەکو هەواڵی ئەو رۆژە بوو کە لە 16ی ئۆکتۆبەر هێرشی هەولێر و دەوروبەری دەکرا، لە هەمان میدیا وەکو موژدەیەک و هەواڵێکی زۆر دڵخۆشکەر باسیان لەوە دەکرد هێزەکانی عێراق یان حەشدی شەعبی گەیشتوونەتە دەوروبەری هەولێر و گەیشتنە قوشتەپە”.

دڵشاد شەهاب دەڵێت “بەلامەوە سەیرە پێکهاتەیەکی ئەم وڵاتە، حیزبێکی سیاسی ئەم جۆرە حەماسەتە بۆ هەواڵی ناخۆش دروستبکات و ئەوەندە بە دڵخۆشییەوە باسیبکات. هیچ دوودڵ نیم لەوەی بڵێم یەک هەواڵی خۆشیش لە میدیای گۆڕانەوە لە سەرەتای دروستبوونی تاوەکو ئێستا بڵاوکرابێتەوە، هیچ مەنتقیش نییە شتێک لەو وڵاتە رووینەدابێت بۆ هاونیشتمانییان مایەی خۆشحاڵی بێت، گەیاندنی هەواڵی خۆش لەو میدیایە بە هاونیشتمانییان بووەتە شتێکی نامومکین”.

ئەندامەکەی سەرکردایەتی پارتی دەشڵێت “لە هەڵبژاردنی رابردوو خەڵک سزای بزووتنەوەی گۆڕانی دا، لەسەر هەڵوێستەکانیان لە ماوەی رابردوو و بەشداریان لە پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی کوردستان، لە بەرامبەریشدا لە دوا هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق میللەت پارتی و یەکێتی-یان بە باش هەڵسەنگاندەوە، بۆیە هیچ مەنتقێک قبوڵناکات لە پایەی چاکی ئەو خەڵکە پارتی و یەکێتی پڕۆژەیاسایەک ئامادەبکەن بۆ ئەوەی سزای خەڵکی خۆیان بدەن، خەڵکی پاداشتی ئێمە دەکات، ئێمەش پاداشتی ئەو خەڵکە دەدەینەوە”.

سەبارەت بە هەڵگرتنی پاشەکەوتی مووچە، دڵشاد شەهاب گوتی “ئێمە لە مامەڵکردن لەگەڵ ئەو پرسە راستگۆ بووین لەگەڵ میللەتی خۆمان؛ ئەو رۆژەی تووشی قەیران هاتین دوودڵ نەبووین و لەسەر شاشەی تەلەڤزیۆنەکان رامانگەیاند کە توانای حکومەت سنووردارە و تووشی قەیرانێک هاتووین کە ناتوانین بەردەوامبین لەسەر سیستەمی پێشووی مووچە، بۆیە پاشەکەوتمان راگەیاند، داواشمان لە میللەتی خۆمان کرد کە بە ئارامییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو پرسە بکەن. کاتێک کە ئیمکانیەتی حکومەت باشبوو دیسان رامانگەیاند، کە توانی ئێمە باشتر بووە و دەتوانین پێداچوونەوە بکەین، پێداچوونەوەیەکی باشیش کرا، ئەوکاتیش گۆڕان هیچی باشی بۆ ئەو پێداچوونەوەیە نەگوت”.

دڵشاد شەهاب راشیگەیاند “لە ئێستاوە تاوەکو دەگاتە 30ی ئەیلوول و پێکهێنانی حکومەتی ئایندە، ئەگەر بچووکترین دەرفەت بۆ باشترکردنی دۆخی فەرمانبەران بێتە پێش، ئەوا دوودڵی لە چاوخشاندنەوە بە مووچەی فەرمانبەران ناکەین و نایهێڵینەوە بۆ هەڵبژاردنی ئایندەش، هیچ مومکین نییە هیچ شتێکی وا لە بەرنامەی پارتیدا هەبێت، رێگەش نادەین شتی وا رووبدات”.

ئەندامەکەی سەرکردایەتی پارتی جەختیکردەوە “پارتی بە هیچ شێوەیەک لە پلانیدا نییە نەک مووچە کەمبکاتەوە، بەڵکو لە پلانیدایە لە نزیکترین دەرفەتی گونجاوی توانا داراییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان پاشەکەوتی مووچە بە یەکجاری نەمێنێت”.

Back to top button