نێچیرڤان بارزانی پرسی پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عێراقی له‌گه‌ڵ عه‌مار حه‌كیم تاوتوێكرد

 

له‌ میانه‌ی ئه‌و گفتوگۆیانه‌ی په‌یوه‌ست به‌ پرسی پێكهێنانی حكومه‌تی عێراق ئه‌مڕۆ نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، گه‌یشته‌ به‌غدا دوای كۆبوونه‌وه‌ له‌كه‌ڵ حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆ وه‌زیرانی ماوه‌ به‌سه‌ر چووی عێراق دواتر له‌گه‌ڵ عه‌مار حه‌كیم، رێبه‌ری ره‌وتی حیكمه‌ كۆبووه‌وه‌.

نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی سه‌رۆكی ره‌وتی حیكمه‌ بڵاویكرده‌وه‌، نێچیرڤان بارزانی و عه‌مار حه‌كیم كۆبوونه‌ته‌وه‌ و دوایین پێشهاته‌كانی ره‌وشی سیاسی عێراق و پێكهێنانی حكوومه‌تی نوێیان تاووتوێكردووه‌.

به‌ گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كردووه‌ته‌وه‌، كه‌ پێویسته‌ دیاریكردنی كاندیدان بۆ پۆستی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار به‌ گوێره‌ی ئه‌و ماوه‌یه‌ بێت كه‌ ده‌ستوور دیاریكردووه‌.

وه‌ك له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی نووسینگه‌ی حه‌كیمدا ئاماژه‌ی بۆ كراوه‌، هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌وه‌ كردووه‌ته‌وه‌، كه‌ ئه‌زموونه‌كانی پێشوو سه‌لماندوویانه‌، له‌ گۆڕه‌پانی سیاسی وڵاتدا هه‌مووان پێویستییان به‌ یه‌كتر هه‌یه‌.

هه‌ردوولا له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كۆكبوونه‌، پێویسته‌ حكوومه‌تێكی به‌هێز پێكبهێنرێت و له‌ ئاست به‌رپرسیارێتی و جێبه‌جێكردنی داواكانی گه‌ل و پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاری پێویستدا بێت.

Back to top button