بۆ گفتوگۆكردن له‌ باره‌ی پێكهێنانی حكومه‌تی داهاتووی عێراق نێچیرڤانی بارزانی له‌گه‌ڵ نوری ماليكی كۆبوویه‌وه‌

 

به‌مه‌به‌ستی گفتوگۆكردن له‌ باره‌ی پێكهێنانی حكومه‌تی داهاتووی عێراق و پۆستی سه‌رۆك كۆماری عێراق و سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق نێچیرڤان بارزانی ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ گه‌یشته‌ به‌غدا و چاوی به‌ چه‌ند به‌ر پرسێكی باڵای عێراقی كه‌وت. هه‌ر له‌م چوارچێوه‌یه‌ نووسینگەی جێگری سەرۆککۆماری عێراق رایگەیاند، نێچیرڤان بارزانی و نووری مالیکی پرسی هەڵبژاردنی سەرککۆمار و ناوە پێشنیازکراوەکانیان تاوتوێکردووە.

ئێوارەی ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەردانێک گەیشتە بەغدا. بەجیا لەگەڵ حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیران، عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمە و نووری مالیکی، جێگری سەرۆککۆمار و سەرۆکی دەوڵەتی یاسا کۆبووەوە.

بەپێی راگەیێندراوێکی نووسینگەی نووری مالیکی، لە کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی و مالیکی باس لە پێشهاتە سیاسییەکانی داهاتوو و گفتوگۆی لایەنەکان بۆ پێکهێنانی حکومەت کراوە. هەروەها باسیان لە ناوە پێشنیازکراوەکان بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق کردووە.

نووری مالیکی جەختی لەسەر پێویستی چڕکردنەوەی هەوڵی نێوان لایەنە سیاسییەکان کردووە لەپێناو خێراترکردنی پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێز کە بتوانێ سەقامگیری سیاسی دەستەبەربکات و خزمەتگوزاری بۆ خەڵک دابینبکات.

پۆستی سەرۆککۆماری عێراق بەپێی رێککەوتنی لایەنەکان لە دوای 2003 پشکی کورد بووە، لەنێو کوردیش بۆ یەکێتی بووە. بەڵام ئەمجارە پارتیی دیموکراتی کوردستانیش دەڵێت، ئەو پۆستە ئیستیحقاقی ئەوە چونکە لەسەر ئاستی عێراق لە دوا هەڵبژاردن وەک حیزب یەکەم بووە.

هەفتەی رابردوو ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی د. بەرهەم ساڵح-ی وەک بەربژێری حیزبەکەی بۆ پۆستی سەرۆککۆمار دەستنیشانکرد، ئەوەش دوای ئەوەی وازی لە هاوپەیمانی هێنا و گەڕایەوە ناو یەکێتی.

Back to top button