مه‌كته‌بی سیاسی پارتی: پۆستی سه‌رۆككۆمار ئیستحقاقی پارتیه‌

مه‌كته‌بی سیاپی پارتی دیموكراتی كوردستان راگه‌یاندراوێكی بڵاو كرده‌وه‌ له‌ راگه‌یاندراوه‌كه‌ دا هاتووه‌”لە راستیدا پێداگیریی یەکێتی لەسەر وەرگرتنی ئەو پۆستە ھیچ بەھانەیەکی موقنعی نییە، ئەگەر باسی رێکەوتنی ساڵی ٢٠٠٥ی نێوان سەرۆک بارزانی و مام جەلالی رەحمەتی دەکەن، ئەوا لە ئێستادا نە سەرۆک بارزانی سەرۆکی ھەرێمە و نە پۆستەکە بۆ مام جەلالە و کۆی ھەل و مەرجەکەش گۆڕاوە . جگە لەوەی زۆر لە بڕگەکانی ئەو رێکەوتنە چوار خاڵییە و تەنانەت رێکەوتنی ستراتیژی ٢٠٠٧ یش لە لایەن خودی یەکێتییەوە دەمێکە پشتگوێ خراون. خۆ ئەگەر ئیستحقاقی ئینتیخابییش پێوەر بێت، مەعلومە کە پارتی وەک ھێزی براوەی یەکەم لە ھەموان موستەحەقترە بۆ وەرگرتنی پۆستی باڵا.

هه‌ر له‌ راگه‌یاندراوه‌كه‌ دا هاتووه‌”ئێمە کە داوا دەکەین ئەمجارە پارتی پۆستی سەرۆک کۆمار بگرێتە دەست، شەڕمان بۆ پلە و پایە نییە و رابردووش شاھیدە کە ئێمە ھەرگیز خوازیاری پلە و پۆست نەبووین، بەڵام مەبەستمان ئەوەیە بە پشتیوانیی ھەموو لایەک وا بکەین لەمەودوا ئەو پۆستە رۆڵ و کاریگەرییەکی باشتری ھەبێت و داکۆکیکار بێت لە بەرژەوەندییەکانی کوردستان و بە کەڵکی میللەتەکەمان بێت نەک بێ تەئسیر و بێ سوود.

 

ئەمەش دەقی ڕاگەیاندراوەکەیە:

ھاوڵاتیانی بەڕێز…

لای ھەموتان روون و ئاشکرایە کە پارتی نەک ھەر لە دوای ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە، بەڵکو ھەمیشە پەرۆشی پێکەوەیی و یەکڕیزی بووە و ھەموو ھەوڵەکانیشی لەو پێناوەدا بووە.

سەبارەت پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق، ئێمە لە کۆبونەوەکانمان لەگەڵ برایانی یەکێتی ھەمیشە دووپاتمان کردۆتەوە کە ئەو پۆستە بەش و ئیستیحقاقی گەلی کوردستانە و ھەرگیز تاپۆ و پاوانی حزبێکی دیاریکراو نییە. لە دوایین کۆبونەوەشمان لە بارەگای بەرێز کاک کۆسرەت جارێکی دیکە ئەم بابەتەمان لەگەڵ تاوتوێ کردن، زۆر بە راشکاوی پێمان گووتن لەبەرئەوەی چەند جاری رابردوو پۆستی سەرۆک کۆمار لە لای یەکێتی بووە، پێمان باشە بۆ ئەم جارە پۆستەکە لە لایەن پارتیمانەوە کاندیدی بۆ دیاری بکرێت و لەبەرامبەردا یەکێتی پۆست و ئیستحقاقی دیکە پڕبکاتەوە، بڕیاریش وابوو لە نێوخۆیاندا گفتوگۆی زیاتر لەسەر ئەم پرسە بکەن و دواتر وەڵاممان لێ بگێڕنەوە. بەڵام بە داخەوە لە بری ئەوە لە راگەیاندنەکانەوە بیستمان کە تاک لایەنە و بێ مشوەرەت لەگەڵ پارتیمان و لایەنەکانی دیکەی کوردستان و، بێ گوێدانە داواکارییەکەی ئێمە، کاک بەرھەم ساڵحیان گەڕاندەوە نێو یەکێتی و کاندیدیان کرد بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، بۆیە جێی سەرسڕمانە کە دەبیستین یەکێتی چوونی وەفدی ئێمە بۆ بەغدا بە ھەڵوێستێکی تاک لایەنە دەزانێ.

لە راستیدا پێداگیریی یەکێتی لەسەر وەرگرتنی ئەو پۆستە ھیچ بەھانەیەکی موقنعی نییە، ئەگەر باسی رێکەوتنی ساڵی ٢٠٠٥ی نێوان سەرۆک بارزانی و مام جەلالی رەحمەتی دەکەن، ئەوا لە ئێستادا نە سەرۆک بارزانی سەرۆکی ھەرێمە و نە پۆستەکە بۆ مام جەلالە و کۆی ھەل و مەرجەکەش گۆڕاوە . جگە لەوەی زۆر لە بڕگەکانی ئەو رێکەوتنە چوار خاڵییە و تەنانەت رێکەوتنی ستراتیژی ٢٠٠٧ یش لە لایەن خودی یەکێتییەوە دەمێکە پشتگوێ خراون. خۆ ئەگەر ئیستحقاقی ئینتیخابییش پێوەر بێت، مەعلومە کە پارتی وەک ھێزی براوەی یەکەم لە ھەموان موستەحەقترە بۆ وەرگرتنی پۆستی باڵا.

ئێمە کە داوا دەکەین ئەمجارە پارتی پۆستی سەرۆک کۆمار بگرێتە دەست، شەڕمان بۆ پلە و پایە نییە و رابردووش شاھیدە کە ئێمە ھەرگیز خوازیاری پلە و پۆست نەبووین، بەڵام مەبەستمان ئەوەیە بە پشتیوانیی ھەموو لایەک وا بکەین لەمەودوا ئەو پۆستە رۆڵ و کاریگەرییەکی باشتری ھەبێت و داکۆکیکار بێت لە بەرژەوەندییەکانی کوردستان و بە کەڵکی میللەتەکەمان بێت نەک بێ تەئسیر و بێ سوود.

ئێمە ئێستاش پەرۆشی یەکرێزی و پێکەوەیین، داواشمان ئەوەیە لەگەڵ برایانی یەکێتی بگەڕێنەوە بۆ درێژەدان بە گفتوگۆیەکانی دوا کۆبونەوەمان و ھیواداریشین ئەو راگەیاندراوەی بە ناوی مەکتەبی سیاسی یەکێتی بڵاوکراوەتەوە، ھەڵوێستی ھەموو یەکێتی نەبێ.

مەکتەبی سیاسی

پارتی دیموکراتی کوردستان

٢٣ی ئەیلول ٢٠١٨

Back to top button