سه‌رۆك بارزانی به‌شداری ئاهه‌نگی بانگه‌شه‌ی لیستی 183ی پارتی له‌ سلێمانی ده‌كات

به‌ ئاماده‌بوونی سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی، ئاهه‌نگی بانگه‌شه‌ی لیستی 183ی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ سلێمانی ده‌ستیپێكرد.

پارتی دیموكراتی كوردستان به‌ قه‌واره‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ به‌شداریی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌كات كه‌ بڕیاره‌ رۆژی 30ی9ی2018 به‌ڕێوه‌بچێت، جگه‌ له‌ پارتی 27 قه‌واره‌ و لیستی دیكه‌ به‌شداریی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ ده‌كه‌ن و بۆ به‌ده‌ستهێنانی 100 كورسی و 11 كورسی كۆتای پێكهاته‌ ئایینی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی دیكه‌ كێبڕكێ ده‌كه‌ن.

سه‌ره‌تا عارف ته‌یفور به‌رپرسی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی پارێزگای سلێمانی – هه‌ڵه‌بجه‌ به‌خێرهاتنی سه‌رۆك بارزانی كرد بۆ شاری سلێمانی و داوایكرد بفه‌رموێت بۆ پێشكه‌شكردنی وتارو ئامۆژگارییه‌كانی له‌ كه‌رنه‌ڤاڵی لیستی ژماره‌ 183 پارتی له‌ سلێمانی .

سه‌رۆك بارزانی له‌ وتاره‌كه‌یدا له‌به‌رده‌م ئاپۆره‌ی جه‌ماوه‌ری پارتیدا ڕایگه‌یاند :” خوشك و برایانی خۆشه‌ویست هه‌ڤاڵانی به‌رێز جه‌ماوه‌ری خۆراگر زۆر خۆشحاڵم كه‌ ئه‌مرۆ له‌ خزمه‌تی ئیوه‌دام له‌ شاری سلێمانی خۆشه‌ویست سوپاسی خۆراگری و دلسۆزی وه‌فاداریتان ده‌كه‌ین ئیوه‌ نمونه‌ی دلسۆزی و خۆراگری و وه‌فادارین .

له‌به‌شێكی تری وته‌كه‌یدا سه‌رۆك بارزانی ده‌ڵێت :” به‌رێزان چه‌ند رۆژیكمان ماوه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنێكی چاره‌نووساز ئه‌گه‌ر خودا فرسه‌تیدا پارتی سه‌ركه‌وتنی گه‌وره‌ی به‌ده‌ست هێنا گۆرانكاری و چاكسازی گه‌وره‌ ده‌كات ،له‌مانگی ئایاری رابردوو هه‌لبژاردنێكی تر كرا بۆ په‌رله‌مانی عیراق ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ ئه‌همیه‌تی له‌وه‌دا بوو كه‌ سه‌نگی پارتی ده‌ربكه‌وێت زۆر كه‌س خۆیان ئاماده‌كردبوو كه‌ پارتی بكه‌وێت ،به‌ڵام به‌هیمه‌تی ئیوه‌ی دلسۆزو وه‌فادار پارتی سه‌ركه‌وتنی گه‌وره‌ی به‌ ده‌ست هێنا “.

هه‌روه‌ها سه‌رۆك بارزانی ده‌شڵێت :” ئێمه‌ به‌لێنی ئه‌وه‌تان پێئه‌ده‌ین كه‌ ڕاستگۆبین له‌گه‌ڵتان هه‌رچی پێمان بكریت بۆ خزمه‌تی ئێوه‌ درێغی نه‌كه‌ین ،سوپاس و پێزانینی خۆم و هه‌موو هه‌ڤاڵانم له‌ سه‌ركردایه‌تی پارتی بۆ پارتییه‌كانی ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌ و زۆرباش ئاگادارین موعاناتی ئێوه‌ین هه‌رله‌ زه‌مانی زه‌عیم صدیقه‌وه‌ تاكو ئه‌مرۆ تیرۆرو تۆقاندن و بێبه‌شكردن به‌شی ئێوه‌ بووه‌ له‌م ده‌ڤه‌ره‌ ،به‌ڵام خۆراگڕ بوون و هاتووین له‌ ئێوه‌ فێری خۆڕاگری ببین “.

له‌به‌شێكی تری وتاره‌كه‌یدا سه‌رۆك بارزانی له‌ كه‌رنه‌ڤاڵی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی پارێزگای سلێمانی -هه‌ڵه‌بجه‌ گووتی :” خۆڕاگری ئیوه‌ جێگه‌ی شانازییه‌و شانازیتان پێوه‌ ده‌كه‌ین ،ده‌بێت كۆتایی به‌م دۆخه‌ ناله‌باره‌ بێت كوردستان بۆ هه‌موو كوردستانیانه‌ ،ده‌بێت قۆرغكاری ده‌سه‌ڵات له‌ هه‌موو شوێنێك كۆتایی پێ بهێنرێت و مه‌علومیشه‌ قۆرغكاری له‌ كوێدا قۆرغكاری ده‌سه‌ڵات هه‌یه‌ وئێمه‌ ده‌مانه‌وێت ده‌وڵه‌تی یاسا دابمه‌زرێت و هاوڵاتیان یه‌كسان بن هه‌مویان به‌ مافه‌كانیان شاد بن میزاجی شه‌خس ته‌حه‌كوم له‌ چاره‌نوسی هیچ تاكێكی ئه‌م وڵاته‌ نه‌كات “.

هه‌روه‌ها سه‌رۆك بارزانی گوتیشی :” من دڵنیاتان ده‌كه‌م مه‌حاڵه‌ قبول بكرێت جارێكی تر ته‌عه‌دا له‌ پارتی له‌ باره‌گای پارتی له‌ خه‌ڵكی هه‌ژاری پارتی بكرێت له‌م ده‌ڤه‌ره‌ ، خالێكی زۆر گرنگ پێویسته‌ له‌به‌ر چاوی ئه‌و هه‌ڤاڵانه‌ بێت كه‌ سه‌رپه‌رشتی رۆژی هه‌ڵبژاردن ده‌كه‌ن و ئه‌و چاودێرانانه‌ی كه‌ بۆ سه‌ر سندوقه‌كان ده‌ستنیشان كراون ، له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی پێشوودا له‌ كاتێكی موعه‌یه‌ن هه‌ندێك له‌ چاودێره‌كان سندوقه‌كانیان به‌جێهێشتووه‌ ،كه‌ ئه‌مه‌ هه‌له‌یه‌كی كوشننده‌یه‌ و داواكارم خۆڕاگر بن و سندوقه‌كان به‌جێنه‌هێلن ده‌رفه‌ت نه‌ده‌ن هیچ فێلێك له‌ ئێوه‌ بكه‌ن ،مه‌حاڵه‌ قبوڵ بكرێت په‌نجه‌ بۆ چاودێرێكیش درێژ بكرێت یان ته‌هدید بكرێت “.

سه‌باره‌ت به‌ نیوماڵ و یه‌كڕیزی كوردی سه‌رۆك بارزانی ڕایگه‌یاند:” ئێوه‌ شایه‌تیمان بۆ ئه‌ده‌ن هه‌رچی له‌ تواناماندا بووه‌ كردومانه‌ بۆ ئه‌وه‌ی نێوماڵی كوردی رێك بێت و یه‌كڕیزی خۆمان بپارێزین ،به‌ڵام ئه‌مه‌ ئه‌بیت هه‌موو لایه‌نه‌كان هاوكار بن به‌ته‌نها لایه‌نێك نێوماڵی كوردی ڕێكناخرێته‌وه‌ ،ئێمه‌ به‌رده‌وامین و به‌رده‌وامیش ده‌بین به‌ڵام به‌راستی ئێمه‌ ستراتیژیه‌تی خۆمان هه‌یه‌ و ئامانجی خۆمان هه‌یه‌ ،كێ له‌گه‌ڵ ئێمه‌ هاوڕا بێت ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ ته‌باین و یه‌ك ماڵین ئه‌وانه‌ی دژی ئه‌و ڕیبازه‌و ئه‌و ئامانجه‌ بن زه‌حمه‌ته‌ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ یه‌كڕیزو یه‌ك ماڵ بین “.

له‌ كۆتایی گوتاره‌كه‌یدا  سه‌رۆك بارزانی ڕاشیگه‌یاند:” من به‌ پێویستی نازانم ئێوه‌ زۆر له‌وه‌ به‌ئاگاترو دڵسۆزترن كه‌ من بێم لێره‌ داواتان لێبكه‌م ده‌نگ به‌ لیستی ژماره‌ 183 بده‌ن ، ئێوه‌ خۆشه‌ویستی ئێمه‌ن زۆرچاك له‌ موعاناتی ئێوه‌ تێده‌گه‌ین ،به‌ڵام پشت به‌ خوا دوای 30 ی ئه‌یلول كۆتایی به‌و موعاناته‌ دێت ، نامه‌وێ زۆر ئێوه‌ ڕابگرم له‌به‌ر ئه‌م گه‌رمایه‌ سڵاوی گه‌رم بۆ هه‌موتان سڵاو بۆشه‌هیدان بۆ گیانی پاكی شه‌هیدان بۆ خانه‌واده‌ی شه‌هیدان سڵاو بۆ خۆڕاگری ئێوه‌ی قاره‌مان ، سه‌ركه‌وتوو بن پشت به‌خوا نوێنه‌ری ڕاسته‌قینه‌ی ئێوه‌ ده‌ین و به‌رگرییه‌كی ته‌واو له‌ مافه‌كانتان ده‌كه‌ن…. زۆر سوپاس بۆ دڵسۆزی و وه‌فاداری وخۆڕاگریتان هه‌رسه‌ركه‌وتوو سه‌ڵامه‌ت بن    “.

Back to top button